تورک-ئیش: لە تورکیا سنووری برسێتی 26 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی تورکیا (تورک-ئیش)، لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، سنووری برسێتیی خێزانێکی چوار کەسی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە 26 هەزار و 115 لیرە (656 دۆلار) و سنووری هەژاریش گەیشتووەتە 85 هەزار و 66 لیرە (2138 دۆلار).
کۆنفیدراسیۆنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 30 ـی حوزەیران ئەنجامی راپرسیی سنووری برسێتی و هەژاریی مانگی حوزەیرانی 2025ـی راگەیاند.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە سنووری برسێتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە 26 هەزار و 115 لیرە (656 دۆلار) و تەنیا یەک کەس بۆ پێداویستییەکانی ژیان پێویستی بە 33 هەزار و 586 لیرەیە (844 دۆلار).
لە توێژینەوەکەدا دیاریکراوە کە سنووری هەژاری 85 هەزار لیرەی تورکی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 85 هەزار و 66 لیرە (2138 دۆلار).
بەراورد بە مانگی پێشوو، رێژەی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە خێزانێکی چوار کەسی لە ئەنقەرە بۆ "خۆراک" خەرجی بکات 4.08٪ زیادیکردووە. رێژەکە بۆ 12 مانگ بریتییە لە 37.60٪.
ئەمە لە کاتێکدایە کەمترین بڕە مووچە لە تورکیا 22 هەزار و 104 لیرە (555 دۆلار) و کەمترین مووچەی خانەنشینی 14 هەزار و 469 لیرەیە (363 دۆلار).