ڤیدیۆی کرێکارێکی کارگەی زەیتوون خەڵکی تورکیای تووڕە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی کارگەیەکی زەیتوون لە پارێزگای مانیسا کە کرێکارێک بە بێ جلوبەرگ لەنێو حەوزی بەرهەمهێنانی زەیتوونە و بە سندووق زەیتوونەکە دەردەهێنێت، بووەتە جێی ناڕەزایی خەڵک و داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا دەکرێت ئەو کەسە دەستگیربکات.
کەسیک بە ناوی موحەڕەم ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە. هەروەک دیارە کرێکارێک بێ ئەوەی گوێ بداتە پاک و خاوێنیی بەرهەمە خۆراکییەکان، بە رووتی دابەزیوەتە نێو حەوزی بەرهەم و زەیتوونەکە بە سندووق دەداتە دەستی کرێکارەکانی دیکە. ئەوەی خەڵکی زیاتر تووڕەکردووە ئەوەیە؛ ئەو کرێکارە زۆر بە ئاسایی رەفتار دەکات و وا هەستناکات کارەکەی نائاساییە.
موحەڕەم کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە نووسیویەتی؛ "ئەمە لەبەردەم کامێرا ئەم کارە بکات، ئاخۆ لە پشتی کامێرا دەبێت چی بکات؟"
لەو کارەگەیەدا زەیتوون بەرهەمدەهێندرێت و دواتریش راستەوخۆ رۆنی لێ دروستدەکرێت.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 5996ـی پاک و خاوێنی لە بەرهەمە خۆراکییەکانی تورکیا، ئەم شێوازە کارکردنە بە هەموو شێوەیەک ناتەندروستە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک.