وەزیری وزەی تورکیا: 2ی ئاب گازی سرووشتی بۆ سووریا دەنێرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە 2ی ئابی 2025 دەست بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا دەکەن.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025 میوانی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئەنادۆڵو بوو و لەبارەی سەرچاوەکانی وزەی تورکیا قسەی کرد.
بایراکتار باسی ناردنی گازی سرووشتی بۆ سووریا کرد و گوتی: "رۆژی دووی ئاب دەست بە ناردنی گاز بۆ سووریا دەکەین، کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دەهێنن."
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە 8ـی ئایاری 2025 ـدا رایگەیاندبوو، لە ماوەی سێ مانگدا گازی سرووشتی لە پارێزگای کیلیس ـی باکووری کوردستانەوە بۆ سووریا دەنێرن.
بایراکتار راشیگەیاندبوو، ناردنی گازەکە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی تورکیایە بۆ سووریا، کاری بۆرییەکانیان لە لایەنی سووریاوە دەستیپێکردووە. لە ماوەی سێ مانگدا گازی سرووشتی لە کیلیسەوە دەگەیێنینە سووریا. ئەم گازە سروشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای حەلەب بەکاردێت.
بە گوتەی بایراکتار بڕی ئەو گازەی هەناردەی دەکەن، شەش ملیۆن مەتر سێجا دەبێت.