وێنەکێشێکی ئیتاڵی وێنەی ئەو کوردەی کێشا کە دوای 7 ساڵ تەرمی کوڕەکەی لە توورەکەیەکدا وەرگرتەوە


رووداو دیجیتاڵ

جانلوکا کۆستانتینی، وێنەکێشی ئیتاڵی رۆژی سێشەممە 30-8-2022 وێنەی عەلی رەزا ئارسڵانی کێشا؛ ئەو کوردەی کە رۆژی دووشەممە 29-8-2022 لە دادگەی ئامەد، ئێسک و پرووسکی هاکانی کوڕی لە توورەکەیەکدا پێدرایەوە.
 
کۆستانتینی دوای کێشانی، وێنەی عەلی رەزا ئارسڵانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و تویتەر بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیوە: "هاکان ئارسڵان و باوکی لە شەقامەکانی ئیستەنبووڵ". وێنەی باوکی هاکان کێشراوە کە توورەکەیەکی لەدەستە و لەسەر توورەکەکەش وێنەی رووخساری هاکان کێشراوە. لە بەشی سەرەوەی وێنەکەشدا نووسراوە "حەوت ساڵ".
 
هاکان ئارسڵان ساڵی 2015 لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆی سەر ناوچەکە لە شەڕی خەندەق لە ناوچەی سووری ئامەد گیانی لەدەستدا. سەرەڕای هەوڵی خێزانەکەی، تەرمی هاکان هەر رادەست نەدەکرایەوە. 
 
بەپێی زانیاریی خێزانەکەی، تشرینی دووەمی 2021 و لە ئەنجامی پشکنینەکان لە دادپزیشکی ئیستەنبووڵ دەرکەوت کە بە رێژەی 95٪ ئەو ئێسک و پرووسکە هی هاکان ئارسڵانە. رووفاتەکە نێردرایەوە خانەی دادی ئامەد، بەڵام رادەست نەکرایەوە.
 
دواتر هەواڵیان بە عەلی رەزا ئارسڵان، باوکی هاکان دا و رۆژی دووشەممە لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئامەد بەڕێکەوت و چووە خانەی دادی ئامەد. 
 
ئێسک و پرووسکی هاکان لە توورەکەیەکدا درایە دەستی عەلی رەزا ئارسڵانی باوکی. ئارسڵان بەرەو زێدی خۆی [ئەرزەڕۆم] بەڕێکەوت و گوتی، لەوێ کوڕەکەی بەخاک دەسپێرێت.
 
دوای تێکچوونی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، ساڵی 2015 شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەستیپێکردەوە کە ئەو شەڕە بە "شەڕی خەندەق" ناسرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پەکەکە لە کۆڵانەکاندا خەندەقیان لێدابوو و شەڕیان تێیاندا دەکرد.