کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری پەرلەمانی تورکیا میوانداری دوو وەزیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە کۆدەبێتەوە. هەردوو وەزیری دەرەوە و دادی تورکیا زانیاریی پێشکێشی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە دەکەن.
 
کۆمیسیۆنەکە کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ 30ی تشرینی یەکەمی 2025، 16ـەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات و هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بەشداریی تێدا دەکەن.
 
پێشبینی دەکرێت هاکان فیدان لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی پرۆسەی یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق زانیاری پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە بکات.
 
یڵماز تونچ، لەبارەی ئەو هەنگاوە یاساییانەی لە دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەنرێن، زانیاری دەداتە ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە. 
 
پێشتر یڵماز تونچ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی بڵاوکردبووەوە و گوتبووی، "ئەو هەنگاوانە هەڵدەسەنگێنین کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بنرێن."
 
چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەم کۆبوونەوەیە، کۆمیسیۆنەکە بچێتە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرت و پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسایی پێشکێشی پەرلەمان بکات.
 
لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە و بابەتی سەرەکی بڕیاری کشانەوەی پەکەکە و هەنگاوە یاساییەکانە.