لە کۆجائەلیی تورکیا بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک چوار کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کۆجائەلی تورکیا، رووخانی باڵەخانەیەک بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی یەک ماڵبات.
دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی دایک و باوکی ئەو خێزانە دەرهێنرا، کە دوێنێ کەوتنە ژێر داروپەردوو، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە چوار کەس.
رووداوەکە دوێنێ چوارشەممە 29-10-2025 لە شارۆچکەی گەبزەی سەر بە کۆجائەلی روویدا. باڵەخانەیەکی 7 نهۆمی رووخا و 5 کەس کە ئەندامی هەمان ماڵبات بوون، لەژێر داروپەردوو مانەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئافاد و رزگارکردن، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەست بەکار بوون.
محەممەد ئەمیر بیلیر-ی تەمەن 12 ساڵ، خەیرونیسا بیلیر-ی تەمەن 14 ساڵ، لەڤەنت بیلیر-ی باوک (44 ساڵ) و ئەمینە بیلیری دایکی خێزانەکە (37 ساڵ) گیانیان لەدەستدابوو و تەرمەکانیان دەرهێنرا.
دیلارا بیلیر کە تەمەنی 18 ساڵە، تاکە ئەندامی رزگاربووە لەو ماڵباتە و بە زیندوویی لەژێر داروپەردوو دەرهێنرا.
محەممەد ئاکتاش، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا، دوای دەرهێنانی تەرمی دایک و باوکەکە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "تەرمی دایک و باوک، پێش کەمێک دەرهێنران. بەداخەوە 4 ئەندامی ماڵباتە 5 کەسییەکە گیانیان لەدەستدا."
ئاکتاش گوتی، سەرەتا تەرمی باوکەکە، دواتریش تەرمی دایکەکە دۆزرایەوە و گوتی: "تەنیا دیلارا، کچە گەورەی ماڵباتەکە کە تەمەنی 18 ساڵە بە زیندوویی دەرهێنرا. سەردانی دیلارامان کرد، لە نەخۆشخانەیە و تەندروستیی باشە".
کارەکانی گەڕان و پشکنین کۆتایی هات و ئاکتاش رایگەیاند، ستافەکانیان ماوەی 19 کاژێر لە هەوڵی گەڕان و رزگارکردندا بوون و گوتی: "کۆی گشتی 913 کارمەند، کە 628ـیان کارمەندی گەڕان و رزگارکردن بوون، بە دڵسۆزییەوە ئەرکی خۆیانیان بەجێهێنا و پێشبڕکێیان لەگەڵ کاتدا کرد. 161 ئۆتۆمبێلی رزگارکردن، 6 سەگ، 10 کامێرای هەستیار و گوێگرتنی ژێر داروپەردوو بەکارهێنران".
لە دوای رووداوەکە 12 باڵەخانەی ناوچەکە چۆڵکران. 45 ماڵبات لەو باڵەخانانە بوون.
هەر دوێنێ 9 لەو ماڵباتانە رۆیشتنە لای خزمانیان و ئەوانی دیکەش لەلایەن شارەوانییەوە میوانداری کران.