داهاتی ساڵانەی بەخێوگەیەکی ئەسپ لە باکووری کوردستان نزیکەی ملیۆنێک دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
بەخێوگەیەکی ئەسپ لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک دۆلاری لە رێگەی فرۆشتنی ئەسپەوە دەستدەکەوێت.
ئۆڵجای ئاکن، بەڕێوەبەری بەخێوگەی ئەسپ دەڵێت، "لەم کێڵگەیەدا کولتوورێکی 156 ساڵی بەخێوکردنی ئەسپ هەیە. بەخێوکردنی ئەسپی عەرەبی یەکێکە لە سێ کارە گرنگەکەی ئێمە. بە هاوکاریی لیژنەیەکی تایبەت و پسپۆر، هەلی جووتبوون لە نێوان ئەو ئەسپانەدا دەڕەخسێنین کە پێشتر لە پێشبڕكێکاندا پاڵەوان بوون؛ لە ئەنجامدا لێرە پاڵەوانی ئاییندە دروستدەبێت".
بەخێوگەی سوڵتانسویو بۆ پێگەیاندنی ئەسپی رەسەن ئەمساڵ لە رێگەی فرۆشتنی ئەسپەوە 12 ملیۆن لیرەی تورکیی بەدەستهێناوە کە دەکاتە نزیکەی 970 هەزار دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو 11 ملیۆن لیرەی دەستکەوتووە و ئامانجیش بۆ 2022 بریتییە لەوەی کە بە بەهای 15 ملیۆن لیرەی تورکی ئەسپ بفرۆشن.
بەڕێوەبەری بەخێوگەکە دەڵێت، "ساڵی 2021 بە گشتی 67 ئەسپی راکردن و 15 بێچووی ئەسپی نموونەییمان فرۆشت و لە بەرامبەردا 12 ملیۆن لیرە داهاتمان بەدەستهێنا".
کێڵگەکە ئەزموونی دەیان ساڵی لە پێگەیاندنی ئەسپی رەسەن هەیە، کارەکانی لە رێگەی ژمارەیەک پسپۆر و شارەزا لە جۆر و کوالێتیی ئەسپ و پاڵەوانێتییەکانی راکردنی ئەسپ ئەنجامدەدا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە باکووری کوردستان و تورکیادا نزیکەی 110 هەزار ئەسپ هەن کە ژمارەیەکی زۆریان لە باکووری کوردستانن. رووها بە 8 هەزار و 775 ئەسپ، قارس بە 8 هەزار و 280 ئەسپ و ئەرزەڕۆم بە 6 هەزار و 50 ئەسپ پێشەنگی تورکیایان گرتووە.