هاکان فیدان: نزیکەی 500 هەزار کەس لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد نزیکەی 500 هەزار سووریایی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیتان. ئیسرائیلیش بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر سووریا دەزانێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی بۆ میدیای ئەڵمانیا کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی سووریا، دۆخی فەلەستین و بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دایەوە کە رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 بڵاوکرایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی، ئایا سووریا ئارامە یان نا بۆ ئەو گەڕانەوەی ئەو سووریاییانەی کە لە تورکیا و ئەڵمانیا پەنابەرن، گوتی: "سووریا هێواش هێواش لە قەیرانی ئابووری و برینەکانی رابردوو چاک دەبێتەوە. لە دوای ئەو شۆڕشەی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر هەڵگیرسا، نزیکەی 500 هەزار کەس لە تورکیاوە بۆ سووریا گەڕاونەتەوە".
هاکان فیدان گوتیشی: "ئەگەر دۆخەکە لە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ بەرەو باشتر بڕوات، ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت. چونکە ئەوێ نیشتمانی ئەوانە و دەرفەتی ئابووری دەڕەخسێت. وڵاتانی ناوچەکە، تورکیا، ئەڵمانیا، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی سووریا هەوڵەکانیان بە هەمان ئاراستەیە، بەڵام گەورەترین مەترسی بۆ ئەم پڕۆسەیە ئیسرائیلە."
هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا یەکێک لە تەوەرەکان بوو و هاکان فیدان بە پێویستی زانی لەم بابەتەدا یەکێتییەکە هەنگاو بنێ.
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، سەرەتا دەبێ دانوستاندن دەستپێبکەنەوە و دواتریش بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان بکرێت و گوتی: "ناکرێ پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان سەیری ئەوە بکرێت کە چی جێبەجێ کراوە یان نا. بەڕێز سەرۆککۆمارمان بە روونی ویستی ئێمە بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا نیشان دەدات. ئێستا نۆرەی یەکێتیی ئەورووپایە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، گەڕانەوەی ویستی سیاسیی ئەورووپایە بۆ پرسی ئەندامێتیی تورکیا. دەبێت یەکێتیی ئەورووپا هەنگاو بنێت."
سەبارەت بە شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، فیدان گوتی: "لایەنەکان دوای چوار ساڵ لە شەڕ، بەراورد بە رابردوو زیاتر ئامادەن بۆ ئاشتی. قەبارەی ئازاری خەڵک و وێرانکارییەکەیان بینی و درکیان کرد. ئەوەندەی ئێمە تێگەیشتووین، پووتینیش ئامادەیە لەژێر مەرجی دیاریکراودا ئاگربەست و رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی قبووڵ بکات. ئەم دۆخە بە لایەنی ئۆکراینا گەیێندراوە و ئێمەش لە هەندێک رەهەندی ئەم پرسەدا بەشدارین. ئەم شەڕە بۆ رووسیاش تێچوویەکی زۆری هەبووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە پێشێل دەکرێن، کاردانەوە نیشان دەدەن. بەڵام نایانەوێ بەردەوام لەگەڵ دراوسێکانیان لە شەڕدا بن. فیدان جەختیکردەوە وڵاتەکەی دەیەوێ، پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ تەواوی دراوسێکانی هەبێت.