دەم پارتی: هەڕەشەکردن لە هاوسەرۆکانی شارەوانیی جزیر قبووڵکراو نییە


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیە دیموکراتییەکانی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، رێگری و هەڕەشەکردن لە هاوسەرۆکانی شارەوانیی جزیر "قبووڵکراو نییە" و دەڵێت، بەرپرسێکی پۆلیس بە پەنجە هەڕەشەی لە هاوسەرۆکە ژنەکە کردووە و پێی گوتووە: "ئەمە دوایین چالاکیت دەبێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025، دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیە دیموکراتییەکانی دەم پارتی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا هیوای ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهێز دەبێت، بە شێوەیەکی نایاسایی رێگری لە بەشداریی هاوسەرۆکانیان (گولەر تونچ یەرباسان و عەبدولڕەحیم دورموش) کراوە لەو سیمپۆزیۆمەی لە جزیر بەڕێوەچوو.
 
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەدا باسی جۆری هەڕەشەکەی کردووە و دەڵێت: "ئەو قسەیەی بەرپرسێکی پۆلیسی شرنەخ بە جووڵاندنی پەنجەی هەڕەشەئامێز ئاراستەی گولەر تونچ، هاوسەرۆکی ژنمانی کرد و پێیگوت 'ئەمە دوایین چالاکیت دەبێت'، هەڕەشەیەکی ئاشکرای رەگەزپەرستانە و قبووڵنەکراوە دژی بوونی ژنان لە سیاسەت و ئیرادەی ئازادی گەل."
 
بە بڕوای دەم پارتی، لێدان و تووندوتیژیی بەرامبەر خەڵک لەو رۆژەدا "رێکەوت نەبووە"، بەڵکو هێرشێکی "پلان بۆ داڕێژراو و سیستماتیک" بووە.
 
چی روویدا؟
 
رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
 
لەو رۆژەدا، هەریەک لە گولەر تونچ یەرباسان و عەبدولڕەحیم دورموش، هاوسەرۆکانی شارەوانیی جزیر لەسەر پشکی دەم پارتی، ویستیان بچنە نێو ئەو هۆتێلەی سیمپۆزیۆمەکەی تێدا بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەیان لە دەرگای چوونەژوورەوەی پڕۆتۆکۆل لەلایەن پۆلیسەوە راگیرا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، شوئەیب ئۆگدور، بەرپرسی پۆلیس هەڕەشەی لێکردوون و دواتر فەرمانی بە تیمەکانی پۆلیس کردووە هاوسەرۆکان و ئەو خەڵکەی لەگەڵیاندا بوون لەبەردەم هۆتێلەکە دووربخەنەوە.
 
هاوسەرۆکانی شارەوانیی جزیر وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو رێگری و هەڕەشەیە، بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمەکەدا نەکرد.
 
هاوکات هەر لەو رۆژەدا، ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتییانەی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوە بوو و دەیانویست پێشوازی لە سەرۆک بارزانی بکەن، رووبەڕووی بەربەستی پۆلیس بوونەوە و رێگەیان پێنەدرا لەبەردەم هۆتێلەکە بمێننەوە.