لە 6 مانگدا زیاتر لە 26 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا دەڵێت، لە 6 مانگی ئەمساڵدا 26 ملیۆن و 389 هەزار گەشتیار سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە و زۆرترین گەشتیاریش لە وڵاتانی رووسیا، ئەڵمانیا و بەریتانیاوە هاتوون.
 
مەهمەت نووری ئەرسۆی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تەمموزی 2025 لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانجەکەیان دەچن کە بەدەستهێنانی 64 ملیار دۆلارە لە کەرتی گەشتیاریدا، لە 6 مانگی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان وادەی پار، ژمارەی گەشتیارانی بیانی 1٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 26 ملیۆن و 389 هەزار گەشتیار.
 
وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا گوتی، "داهاتی کەرتی گەشتیاری لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 8.4٪ زیادیکردووە و گەیشتووەوتە 16 ملیار و 284 ملیۆن و 322 دۆلار و لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان وادەی پاریش 7.6٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 25.8 ملیار دۆلار."
 
بەگوتەی ئەرسۆی، زۆرترین گەشتیاری بیانی لە وڵاتانی رووسیا، ئەڵمانیا و بەریتانیاوە سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە و پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم دا هاتنی گەشتیاران زیاتر بێت.
 
لە ساڵی 2024ـدا داهاتی گەشتیاریی تورکیا 61 ملیار و 103 ملیۆن و 419 هەزار دۆلار بوو کە ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی بوو و بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر داهاتی ئەو کەرتە 8.3٪ زیادیکرد. هەروەها ژمارەی گەشتیاران لەو ساڵەدا گەیشتە 62.2 ملیۆن کەس و بە رێژەی 9٪ زیادیکرد.