سەرۆکی جەهەپە: سێگۆشەی بەرمۆدەیان لە تورک، کورد و عەرەب دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت بەوەی خۆی نوێنەرایەتیی عەرەب، دەم پارتی نوێنەرایەتیی کورد و دەوڵەت باخچەلیش نوێنەرایەتیی تورک دەکات و حساب بۆ نەتەوەکانی دیکە ناکرێت.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەکو کاردانەوە لە دژی دەستگیرکردن، زیندانیکردنی بەرپرسانی، لە ئیستەنبووڵ زنجیرەیەک دیدار بەڕێوەدەبات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە لە بەشێکی گوتارەکانیدا ئاماژە بە بابەتی پرۆسەی چارەسەریش دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە تایبەت بەو پرۆسەیە بوو ئۆزەل گوتی، "وەکو سێگۆشەی بەرمۆدا؛ دەڵێن تورک، کورد و عەرەب. ئەگەر تۆ ئەوانی دیکە هەژمار نەکەیت، کەواتە تۆ حسابێکی دیکەت هەیە. پێکهاتەیەک دروستدەکات کە تێیدا دەم پارتی نوێنەری کورد، کاک دەوڵەت نوێنەری تورک و خۆیشی نوێنەری عەرەب دەبێت. بەمجۆرە دەیانەوێت چی بەسەر ئەم گەلە بهێنن؟ جەهەپە لە دژی ئەمانە لێرەیە. نیازی ئەوەمان نییە هیچ کەسێک بەتەنیا جێبهیڵین".
ئەگەرچی جەهەپە دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەکە نیشان نەداوە و بڕیاریشیداوە بەشداری لە لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بەو پرسە بکات، بەڵام رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەیە.
دەستپێشخەری بۆ پرۆسەی چارەسەر
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەری بۆ پرسی کورد لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
رۆژی 11-07-2025 لە رێوڕەسمەکەدا کە لە ئەشکەوتی جاسەنەری سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، 30 گەریلا بە شێوەیەکی سیمبوولی و بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە چەکەکانیان سووتاند.
زیاتر لە 200 کەس وەکو بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار، رۆژنامەڤان و چاودێر لە تورکیا و باشووری کوردستانەوە لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبوون.
ئێستا پرۆسەکە لە قۆناخی پێکهێنان و کاراکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانییە.
نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند سەرەتا مانگی ئاب ئەو لیژنەیە کارا دەبێت.
لیژنەکە 51 ئەندامە؛ 21 ئەندامی ئاکپارتی، 10 ئەندامی جەهەپە، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندامیان دەبێت.
بە گشتی پارتەکان بەگوێرەی سەنگی خۆیان لە نێو پەرلەماندا ژمارەی ئەندامەکانیان بۆ دیاریکراوە.
تاکە فراکسیۆن ئیی پارتییە کە رەتیکردووەتەوە بەشداری لە لیژنەکەدا بکات.