تورکیش ئێیەرلاینز 61 گەشتی هەڵوەشاندەوە کە زۆربەیان بۆ باکووری کوردستان بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو بەفر، با و کەمبوونەوەیەی مەودای بینینەی کە تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، 61 گەشتی ئاسمانیی نێوان ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکە هەڵوەشانەوە کە زۆربەیان گەشتی باکووری کوردستانن.
هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز) بڵاویکردەوە، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بەگوێرەی بڕیارەکانی لیژنەی باری نائاسایی کەشناسی، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکانی رۆژی چوارشەممە 31-12-2025 لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ و سەبیحە گۆکچەن هەڵوەشێندرانەوە.
کۆمپانیاکە هۆشداری داوەتە هەزاران گەشتیار کە بەر لە بەڕێکەوتنیان، لیستی نوێی گەشتە هەڵوەشێندراوەکان بخوێننەوە.
شەوی رابردوو یەحیا ئۆستون، راوێژکاری راگەیاندنی تورکیش ئێیەرلاینز لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا گوتی، گۆڕانکاری لە گەشتەکانی چوارشەممەدا کراوە.
تورکیش ئێیەرلاینز 61 گەشتی ئەمڕۆ چوارشەممەی بە شێوەی دوولایەنە هەڵوەشاندووەتەوە. زۆربەی ئەو گەشتانە بۆ باکووری کوردستان بوون.
یەحیا ئۆستوون ئاماژەی بە نالەباریی کەشوهەوای شارەکانی باکووری کوردستان کرد و دەڵێ: "گەشتیاران دەتوانن لە رێی ماڵپەڕی turkishairlines.com و ئەپلیکەیشنی مۆبایلەوە ئاگاداری گەشتەکانیان و بژاردەکانی پەیوەست بە بلیتی گەشتەکانیان بن".
ئەمڕۆ چوارشەممە لە 42 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە پشوو راگەیێندراوە کە 12 لەو پارێزگایانە لە باکووری کوردستانن؛ هاوکات بەرێوەبەرایەتیی کەشناسی هۆشداری بۆ تەواوی شارەکانی باکووری کوردستان داوە بەوەی کەشوهەوا نالەبارە و ئەگەری دۆخی لەناکاو هەیە.