دامەزراوەی ئاماری تورکیا: 16.5 ملیۆن کەس ناتوانن ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، 16.5 ملیۆن کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە وەرزی زستاندا ناتوانن ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە و 21 ملیۆن کەسیش ناتوانن خەرجییە چاوەڕواننەکراوەکان دابین بکەن.
 
توێژینەوەی "هەژاری و بارودۆخی ژیان"ـی دامەزراوی ئاماری تورکیا کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی داهاتی ساڵی 2024 ئامادە کراوە، دەریخستووە کە سەرەڕای دابەزینێکی سنووردار لە هەژاری، خێزانەکان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکاندا رووبەڕووی کێشەی جیدی بوونەتەوە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی دامەزراوەکە بڵاویکردووەتەوە، هەژاریی رێژەیی گەیشتووەتە 13.0٪، بەمەش رێژەکە بە بەراورد بە پار 0.6 خاڵ دابەزیوە.
 
هێڵی هەژاریش بەراورد بە پار بەرزبووەتەوە و ژمارەی هەژاران گەیشتووەتە 10 ملیۆن و 930 هەزار کەس.
 
توێژینەوەکە دەریدەخات، هەژاری لە ژیانی رۆژانەدا کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر زیاتری دانیشتووان هەیە.
 
٪50.5 ئەو کەسانەی بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، لە رووی ئابوورییەوە ناتوانن تێچووی پشوویەکی یەک هەفتەیی لە دەرەوەی ماڵ دابین بکەن، 35.1٪ ناتوانن دوو رۆژ جارێک تێچووی ژەمێکی خۆراک کە گۆشت، مریشک یان ماسی لەخۆبگرێ بەدەستبێنن، 25.1٪ ناتوانن پارەی خەرجییە چاوەڕواننەکراوەکان بەدەستبێنن، 19.6٪ ناتوانن پێداویستیی گەرمکردنەوەی ماڵ بەدەستبخەن و 58.0٪ـیش ناتوانن کەلوپەلە کۆنەکانیان نوێ بکەنەوە.
 
لەو توێژینەوەیەی لە ساڵی 2024 بڵاوکرابووەوە، رێژەی ئەو کەسانەی نەیاندەتوانی پێداویستیی گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان دابین بکەن 15.1٪ بوو، کە دەیکردە 12 ملیۆن و 703 هەزار کەس.
 
کاتێک هێڵی هەژاری بە 60٪ـی داهاتی ناوەند هەژمار دەکرێ، رێژەی هەژاری زیاتر بەرز دەبێتەوە. بەپێی ئەم هەژمارکردنە، رێژەی هەژاری گەیشتووەتە 20.6٪. داهاتی 17 ملیۆن و 361 هەزار کەس لە دانیشتووانی وڵاتەکە لە خوار 60٪ـی داهاتی ناوەندەوەیە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە بێت، لە رێژەی خاوەندارێتیی خانووبەرەدا، کە لە ساڵانی دواییدا کەمیکردبوو، زیادبوونێکی مامناوەند روویداوە.
 
رێژەی ئەو کەسانەی لە ماڵی خۆیاندا دەژین یەک خاڵ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 57.1٪، بەڵام ئەم رێژەیە هێشتا لە خوار ئاستی ساڵی 2014 ـەوەیە کە تێیدا خاوەندارێتیی خانووبەرە بە 61.1٪ گەیشتبووە لووتکە. رێژەی کرێنشینی کە لە ساڵی 2014ـدا 22.2٪ بوو، ئێستا گەیشتووەتە 27٪. 
 
بەپێی داتاکانی دامەزراوەکە، بەراورد بە پار، رێژەی ئەو کەسانەی جگە لە کڕینی خانوو و خەرجییەکانی، قەرز یان قیستیان لەسەرە، گەیشتووەتە 56.4٪.