وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هەسەدە زیان بە یەکپارچەیی خاک و سەقامگیریی سووریا دەگەیەنێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێ، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر داواکارییەکانی بۆ ناناوەندی و فیدراڵیزم بەردەوامە و ئەوەش زیان بە یەکپارچەیی خاک و سەقامگیریی سووریا دەگەیەنێت.
 
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لەبارەی دوایین دۆخی سووریا و گفتوگۆکانی تێکەڵکردن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەسەدە لە دووپاتکردنەوەی داواکارییەکانی بۆ ناناوەندی و فیدراڵیزم بەردەوامە و هەنگاو بۆ یەکگرتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نانێت. ئەم هەڵوێستەی هەسەدە زیان بە یەکپارچەیی خاک و سەقامگیریی سووریا دەگەیەنێت".
 
وەزارەتەکە سەرنجی خستووەتە سەر پرەنسیپی "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" و رایگەیاندووە: "لەگەڵ حکومەتی سووریا لە چوارچێوەی پرەنسیپی 'یەک دەوڵەت، یەک سوپا'دا هاوئاهەنگیی نزیکمان بەردەوامە و لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردن دەکەین."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێ: "ئەگەر حکومەتی سووریا بۆ یەکێتی و یەکپارچەیی خۆی بڕیاری دەستپێشخەرییەک بدات، تورکیا پشتگیری دەکات."