ئەردۆغان: گرنگە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بە گیانی سازان کاربکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، ئامانجی رزگارکردنی وڵاتەکەیە لە بەڵایەکی 40 ساڵە و نابێت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسەتی رۆژانە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە پەیامێکی ڤیدیۆيیدا کە بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵاویکردەوە گوتی: "ئەم پرۆسەیە کە ئامانجی رزگارکردنی وڵاتەکەمانە لە بەڵایەکی 40 ساڵە، نابێت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسەتی رۆژانە."
ئەردۆغان لەبارەی ئەو کۆمیسیۆنەی لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێندراوە، گوتی: "کۆمیسیۆنەکەمان راپۆرتەکەی تەواو دەکات کە پێمانوایە هەناسەیەکی نوێ بە پرۆسەکە دەبەخشێت. هیوادارین کۆمیسیۆن لە قۆناخی کۆتاییدا بە گیانی سازان کار بکات."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ هیچ رووداوێکی ناخۆش بگاتە ئامانجی مەبەست، لە ئەنجامدانی هەر کارێک کە لەسەرشانیان بێت، درێخی ناکەن.
پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێكە دەستیپێکردووە. دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێکهێنرا و لە مانگی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆمیسیۆنەکە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەشە و چاوەڕوان دەکرێ دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.