کێڵانی زەویی 'موڵکی گشتی'، ئاژەڵداریی لە گوندێکی بەردەڕەش خستووەتە مەترسییەوە

01 December 2025
کێڵانی زەویی  'موڵکی گشتی'، ئاژەڵداریی لە گوندێکی بەردەڕەش خستووەتە مەترسییەوە
نزیکەی 10 ساڵە ئاژەڵدارانی گوندی گردەپان بەهۆی کێڵانی زەویی بەردەڵانی لەلایەن بەشێکی جووتیارانەوە، لەوەڕی مەڕو ماڵاتیان نەماوە، ئاژەڵداران دەڵێن، جووتیاران زەوییان نەهێشتووە بۆ لەوەڕی ئاژەڵ. کشتوکاڵی بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ لابردنی زێدەڕۆیی سەر زەوییەکان پێکهێناوە.
 
ئاژەڵداران دەڵێن، نزیکەی 20 جووتیاری گوندەکە لە 2015ـەوە دەستیان بە چاندنی گەنم لەسەر زەویی موڵکی گشتی کردووە. سیروان شەمسەدین، ئاژەڵدارێکی گوندەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "زیاتر لە 30 ئاژەڵداری گوندەکەمان بەهۆی نەمانی لەوەڕگەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا ئاژەڵ نابەینە دەرەوە، شەو و رۆژ ئالیکیان پێدەدەین، نرخی ئالیک گرانە و زیان دەکەین."
 
بە گوتەی ئاژەڵداران، کێڵانی زەوییەکان وایکردووە ژمارەی مەڕ و مانگا لە گوندەکەدا لە 12 هەزار و 500 سەرەوە بۆ نزیکەی 2 هەزار سەر کەم ببێتەوە. ئەوان داوا دەکەن لیژنەیەک سەردانی گوندەکەیان بکات و زێدەڕۆییەکان لاببرێن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکە پێکهێناوە.
 
ئەندازیار تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش، لە بەرپرسیار، رەتیکردەوە زێدەڕۆیی'زۆر' لە گوندەکە کرابێت؛ "156 جووتیار لە سنوورەکەمان گرێبەستیان لەگەڵمان هەیە، بۆ هەر جووتیارێک 40 دۆنم زەوی تەرخانکراوە و پارەی کرێی زەوی دەدەن. گردەپان بەراورد بە گوندەکانی دیکە زۆرترین زەویی لەوەڕی هەیە. جیاوازی لەنێوان ئاژەڵدار و جووتیار ناکەین، چاوپۆشیش لە هیچ زێدەڕۆییەک ناکەین."
 
هاوکات، تەحسین عیسمەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، ئاماژە بەوە دەکات کە "تەنیا 5٪ـی خەڵکی گوندی گردەپان ئاژەڵدارن" و لیژنەکەیان سەردانی گوندەکەی کردووە و زێدەڕۆییەکان لادەبرێن. ئەو دەشڵێت، هیچ کێشەیەکی یاسایی لەنێوان ئاژەڵداران و جووتیاراندا نییە و بابەتەکەیان لە رێگەی رووداوەوە پێگەیشتووە.