چیرۆکی سەختی ژیانی خێزانێکی هەشت کەسی لە گوندێکی سیدەکان
لە گوندی پیرەکەنی سەر بە قەزای سیدەکان، خێزانێکی هەشت کەسی لەنێو بارودۆخێکی سەختی ژیاندا دەژین، کە دوو منداڵیان نەخۆشن و پێویستییان بە چارەسەریی بەپەلە هەیە.
حیلمی حەسەن، باوکی شەش منداڵە و بۆ بەرنامەی "بەرپرسیار"ی رووداو، گوتی، "لینا کە تەمەنی 4 ساڵە، بینایی هەردوو چاوی لەدەستداوە و بەهۆی نەبوونییەوە، توانای ئەنجامدانی نەشتەرگەریمان نەبووە بۆئەوەی لە نابینایی رزگاری بکەین. هەروەها کوڕێکی 10 ساڵانم نەخۆشیی جگەری هەیە و بۆ هەر جارێک سەردانی پزیشک لە هەولێر، ناچارم بڕی 500 هەزار دینار قەرز بکەم."
ئەو خێزانە کەمدەرامەتە لە خانوویەکی کۆنی قوڕین لە گوندی پیرەکان دەژین. حیلمی بۆ دابینکردنی خەرجیی چارەسەریی دوو منداڵەکەی، ئاژەڵ، ئۆتۆمبێل و هەموو موڵکی خۆی فرۆشتووە و ئێستا بێکارە.
خانووەکەیان لە مەترسیی رووخاندایە. سەبیحە ساڵح، هاوژینی حیلمی، لە بەرپرسیار، گوتی: "هەر کاتێک بارانێکی بەخوڕ ببارێت، لە ترسی رووخانی خانووەکە، دەبێت ماڵەکە چۆڵبکەین."
پرۆفیسۆر دکتۆر دلێر عەبدولخالق، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەری منداڵان، لەبارەی دۆخی تەندروستیی سینای کوڕی حیلمی لە بەرپرسیار، گوتی: "جگەری سینا ئاوساوە و خوێن لە دەمی دێتەوە. پێویستی بە چارەسەریی بەردەوامی پزیشکی هەیە و ئەگەر وەڵامدانەوەی بۆ دەرمانەکان نەبێت، دەبێت نەشتەرگەریی چاندنی جگەری بۆ بکرێت، کە ئەمەش نەشتەرگەرییەکی قورسە و خەرجییەکی زۆری دەوێت."
بهشی بكه لە