کچێکی تەمەن 5 مانگە بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری پێویستە
لیا شڤان، منداڵێکی تەمەن پێنج مانگ، تووشی نەخۆشیی SMA جۆری 1 بووە، کە یەکێکە لە قورسترین جۆرەکانی پووکانەوەی ماسولکەکانی بڕبڕەی پشت. ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە دەگمەنە، ژیانی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
شڤان ئەکرەم، باوکی لیا، هیواکانی لەدەستنەداوە و بەردەوام بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. ئەو دەڵێت، کچە بێزمانەکەی، کە تەنیا دەتوانێت دەستی بگرێت، لە شەڕێکی سەختدایە. بۆ مانەوەیشی لە ژیان داوای هاوکاریی لە خێرخوازان دەکات.
دکتۆر سەگڤان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، روونیدەکاتەوە کە لەم نەخۆشییەدا ماسولکەکانی نەخۆش لاواز و خاو دەبنەوە، توانای راگرتنی سەر و دانیشتنیان نامێنێت، هەروەها کێشە لە هەناسەدان دا دروست دەبێت.
دکتۆر نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان لە دهۆک، لە بەرپرسیار، گوتی: "ماسوولکەکانی لیا دەپووکێنەوە و زۆربەی کات لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. دەرزییەکی چارەسەریی هەیە کە نرخی یەک دانەی زیاترە لە دوو ملیۆن دۆلار. بەداخەوە زۆربەی تووشبوانی ئەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن."
دکتۆر ناسر قاسم، پزیشکی بۆماوەزانی، لە بەرپرسیار، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە کە نەخۆشییەکە "بۆماوەیی"ـە و دایک و باوکی لیا هەڵگری نەخۆشییەکەن. "هەر منداڵێکی دیکەی ئەو خێزانە بێتە دنیا 25٪ ئەگەری تووشبوونی بەو نەخۆشییەی هەیە."
لیا، کە دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی، نەخۆشییەکە وردە وردە دەستی بە تێکدانی جەستەی کردووە. خێزانەکەی، کە پێشتر خەونی گەورەیان بۆ دەبینی، ئێستا تەنیا چاوەڕێی چارەسەرێکن بۆ ئەوەی ژیانی رزگار بکەن.
بهشی بكه لە