یەکەم بارانی پاییزە زیان بە 40 ماڵی گوندێکی ئاکرێ دەگەیێنێت
لە گوندی گرئاشووری سەر بە ناحیەی گردەسێن لە ئاکرێ، یەکەم بارانبارینی پایزە، هاتووچۆی زیاتر لە 40 ماڵ دەوەستێنێت و قوتابییەکانیش لە خوێندن دادەبڕێن. رێگەوبانی ئاکرێ، دەڵێت، رێگەی سەرەکیی گوند هەیە و نۆژەنی دەکەنەوە.
قوتابییانی گوندەکە بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانەکەیان لە گوندی کێلە سپی، ناچارن بەنێو ئاودا بپەڕنەوە. ئیسماعیل زاهیر، دانیشتوویەکی گوندە، دەڵێت: "هەرکاتێک باران دەبارێت، قوتابییانی گوند لە قوتابخانە دەمێننەوە و دەبێ چەندین کاژێر چاوەڕێ بکەن تاوەکو ئاوی رووبار کەمدەبێتەوە."
دانیشتووانی گوندەکە کە بژێوییان لەسەر کشتوکاڵە، داوای دروستکردنی پردێک و چاککردنی رێگەیەکی دوو کیلۆمەتری دەکەن. عەبد کەریم، موختاری گوندی گرئاشوور دەڵێت، "ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو رووبدات، دەبێت بە هێلیکۆپتەر فریامان بکەوێت."
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئیداری و رێگەوبان باس لە نەبوونی بودجە دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی ئاکرێ دەڵێت، دروستکردنی پردێک بۆ گوندەکە نزیکەی 4 ملیار دیناری پێویستە و ئەو رێگەیەی خەڵکی گوندەکە باسی دەکەن "ئاوەڕۆی بارانە، نەک رێگەی هاتووچۆ." هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن دەڵێت، چارەسەری کاتی بۆ رێگەکە دەکەن، بەڵام باران تێکی دەداتەوە.
ئەندازیار موحسین میرانی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئاکرێ، لە بەرپرسیار، گوتی: "پرد و رێگە لەنێو ئاوەڕۆ لە گرئاشوور دروستناکرێت. رێگەی سەرەکیی خۆیان هەیە و دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی رێگەکەمان کردووە. 10 رۆژ لەمەوبەریش رێگەکە چاککردنەوەی بۆکراوە."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئاکرێ، گوتی: "دروستکردنی پردێک بۆ گرئاشوور لە نێو ئاوەڕۆ ناکرێ و نابێت و پێویستی بە 4 ملیار دینارە و پارەیەکی زەبەلاحی دەوێ. رێگەی سەرەکیی گوندەکە هەیە و نۆژەنی دەکەینەوە و تەنیا 5 خولەک لە گردەسێن دوورە."
بهشی بكه لە