پارێزگاری هەولێر بۆ کەیسی نەخۆشێکی بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو دێتە سەرهێڵ

24 November 2025
پارێزگاری هەولێر بۆ کەیسی نەخۆشێکی بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو دێتە سەرهێڵ
ئاسیا عەبدوڵڵا، جەڵتەی مێشک لێیداوە و مانگێکە لەسەر جێگەیە، توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکەی نییە. پزیشکی ئاسیا هۆشداری لە خراپی تەندروستیی دەدات و دەڵێت، ئەگەر "خوێنبەربوونی دووەم" لە ئاسیا رووبدات، "ژیانی تەواو دەکەوێتە مەترسییەوە". پارێزگاری هەولێر لەمیانەی پەخشی راستەوخۆی بەرنامەکە، هاتەسەرهێل و بەڵێنی پاڵپشتیی دارایی بە خێزانەکە دا.

ئاسیا تەمەنی 63 ساڵە، لەگەڵ خراپیی دۆخی تەندروستی، سێ نەوەیشی بەخێودەکات. تەنیا کاسبکاری ماڵەکەی کوڕەکەیەتی، بە کرێکاری بژێوییان دابین دەکات.

ئاسیا عەبدوڵڵا، بەئەستەم دەیتوانی قسە بکات، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، داوای هاوکاری لە خێرخوازان کرد و گوتی: "دەمەوێ نەشتەرگەرییەکەم بۆ بکرێت. ئەگەر خۆیشم بمرم بەس ئاگاداری نەوەکانم بن."

پزیشکەکەی ئاسیا، هۆشداری لە خراپیی تەندروستیی ئاسیا دا. دکتۆر ئیسماعیل رەئووف، پسپۆڕی تیشک و قەستەرەی مێشک و خوێنبەرەکان، لە بەرپرسیار گوتی: "کیسی خوێن لە دیواری دەمارەکانی مێشکی ئاسیا دروستبووە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون. ئەگەر خوێنبەربوونی دووەم لە ئاسیا رووبدات، ژیانی تەواو دەکەوێتە مەترسییەوە. یان گیان لەدەستدەدات یان تووشی کۆما دەبێت."

ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، سەردانی ماڵی ئاسیای کرد. هایناز هێرش، نەوەیەکی ئاسیا، بە ڤەژینی گوت: "نەیهێشتووە موحتاجی هێچ شتێک بین خۆی هەم ژن هەم پیاوی ماڵەوە بووە لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆ ئێمە نەیهێشتووە هیچ کارێک بکەین، نەخۆشیش بووە و دەرینەبڕیوە، هەندێکجار پێویستی بە نەخۆشخانە بووە و پێی نەگوتوین نەوەک ئێمە نیگەران بین وخەم بخۆین."

بەپێی راپۆرتی پزیشکی، ئاسیا پێویستی بە نەشتەرگەریی دەماربینی 'قەستەرە'ـی مل و مێشک هەیە، تێچووەکەیشی لەنێوان 12,000 بۆ 15,000 هەزار دۆلارە و لە هەرێمی کوردستان و هەولێر دەکرێت. خەرجیی نەشتەرگەرییەکە لە توانای ئەو خێزانە دا نییە.

لە کاتی پەخشی راستەوخۆی بەرپرسیار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هاتە سەرهێل و بەڵێنی چارەسەریی تەواوی بە خێزانەکە دا. پارێزگاری هەولێر گوتی: "خێرخوازێک ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاریی دارایی ئەو خێزانە بکات و تەواوی خەرجیی ئەو نەخۆشە بۆ نەشتەرگەری لە ئەستۆ دەگرێت. بۆ هەربابەتێکی دیکەی ئەو خێزانە هاوکاردەبین. هەلی کاریش بۆ کوڕەکەی ئاسیا دابین دەکەین."

ئیدریس، نزیکەی 30 ساڵە زاوای ئاسیایە و بەشێکی چارەسەرییەکانی لە ئەستۆ گرتووە. لە بەرپرسیار گوتی: "25 رۆژ پێش ئێستا جەڵتە لێیدا. 16 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە. خەسووم زەختی هەیە و بەردەوام نەبووە لە خواردنی حەبەکانی. بۆ نەشتەرگەرییەکەی پێویستی بە هاوکارییە."

ئاسیا لە گەڕەکی ئیسکانی هەولێر لە خانوویەکی کرێ دا دەژی. کچەکانی هاوسەرگیرییان کردووە و خۆی لەگەڵ سێ کچی بچووکی، نەوەی و کوڕێکی دەژین.

بەرپرسیار، لەم بەرنامەیەدا فۆکەس لەسەر کێشەی خەڵک دەکرێت. پاڵەوانی سەرەکی خەڵکن و زۆرترین ماوەی بەرنامەکە دەدرێتە ئەوان. لە هەر بەرنامەیەکدا باسی کێشەی کەسێک یان گرووپێک یان ناوچەیەک دەکرێت. بەشێکی بەرنامەکە تەرخاندەکرێت بۆ چارەسەری کێشەکە. هەروەها کۆمێنتی خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگیرێن.

زۆرجار پێشکەشکار خۆی دەچێتە شوێنی کێشەکە، بەدرێژایی بەرنامە پێشکەشکار هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. بۆیە پێشتر ساوندبایتی کەسێکی یاساناسی وەرگرتووە کە ئەویش پێشنیاز بۆ خاوەن کێشەکە دەکات کە چی بکات بۆئەوەی کێشەکەی چارەسەرببێت.

ئەو بەرنامەیە کەڤین حوسێن پێشکەشی دەکات و عەدنان رەشید پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە، پێنج رۆژی هەفتە (یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە) کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەبێت.