بەریتانیا چاودێریی تووندتر دەخاتە سەر بزنسە بچووکەکان

بەریتانیا چاودێریی تووندتر دەخاتە سەر بزنسە بچووکەکان
حکومەتی بەریتانیا یەکەیەکی نوێی ئاسایشی بە بودجەی 30 ملیۆن پاوەند و 75 ئەفسەرەوە دامەزراندووە، کە ئامانجیان چاودێریکردنی بزنسە بچووکەکانە وەک سوپەرمارکێت، سەرتاشخانە، ڤەیپفرۆشی و شیرینی فرۆشییەکان. کارەکانی ئەو یەکەیە لە 4 ناوچەی مانچێستەری مەزن، وێست میدلەندس، ئێسسێکس و کێنت دەستپێدەکات، کە ژمارەیەکی زۆری کوردستانیانی لێ نیشتەجێیە. بەگوێرەی  حکومەتی بەریتانیا لەم بزنسانەوە ساڵانە نزیکەی یەک ملیار پاوەند سپی دەکرێتەوە، باج نادرێت و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و کۆچبەری نایاسایی دەکرێت.
سەید هەورامی، ئەندامی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا، بە دیاسپۆرای ڕاگەیاند کە نابێت ئەم بابەتە بگشتێنرێت، چونکە هەموو خاوەنکارێکی کورد لە بەریتانیا کاری نایاسایی ناکات. ئاماژەی بەوەدا کە یەکە نوێیەکە زیاتر چاودێری سەرتاشخانەکان، شوشتنگەی ئۆتۆمبێل و دوکانەکانی جگەرە و ڤەیپ دەکات و داوای لە خاوەنکارە کوردەکان کرد خۆیان لە کاری نایاسایی دووربگرن.
دەربارەی هێرشی ژنێکی ڕەگەزپەرست بۆ سەر سەرتاشێکی کورد لە شاری بڕیستۆڵ، سەید هەورامی ڕایگەیاند کە قوربانییەکە وەرزشوان بووە و توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکات و هێرشکارەکە بوەستێنێت. هەروەها ئاشکرای کرد کە هێرشکارەکە، ئەندامی گرووپێکی ڕاستئاژۆی توندڕەو بووە، بە 19 ساڵ زیندانی سزا دراوە. بەگوێرەی قوربانییەکە، ژنەکە بەدوای هەر کەسێکی "سەر ڕەش" و موسڵماندا گەڕاوە و ئەو ڕایگرتووە تا زیان بە کەسی دیکە نەگەیەنێت.
..............................................
باوکێکی کۆچبەر 12 چەقۆی لە کچە 15 ساڵانەکەی خۆی داوە
له‌ رووداوێکدا که‌ وه‌ک "هه‌وڵی کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف" لێکدرایه‌وه‌، دادگای شاری ڤییه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا سزای زیندانیی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر پیاوێکی ته‌مه‌ن 51 ساڵی موسڵماندا سه‌پاند، دوای ئه‌وه‌ی به‌ 12 چه‌قۆ هێرشی کردبووه‌ سه‌ر کچه‌ 15 ساڵانه‌که‌ی. رووداوه‌که‌ له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردوودا روویداوه‌؛ کاتێک باوکه‌که‌، که‌ به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی خۆی مادده‌ی هۆشبه‌ری به‌کارهێناوه‌، له‌به‌رده‌م ئه‌و شوقه‌یه‌ی لێی ده‌ژیان له‌گه‌ڵ کچه‌که‌یدا ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێیان. هۆکاری کێشه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ کچه‌که‌ی حه‌زی له‌ کوڕێکی رۆمانی کردووه‌. باوکه‌که‌ کاتێک له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی ده‌کات، کچه‌که‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش باوکه‌که‌ توند توڕه‌ ده‌کات، ده‌ستبه‌جێ چه‌قۆیه‌ک ده‌رده‌هێنێت و 12 چه‌قۆ له‌ گه‌ردن، سنگ و پشتی کچه‌که‌ی ده‌دات.
دوای رووداوه‌که‌، کچه‌که‌ به‌په‌له‌ ده‌گه‌یێندرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌ مردن رزگاری ده‌بێت. ئه‌و کاته‌ له‌ یه‌که‌م لێدوانیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ رایگه‌یاند: "باوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیگەران بووە که‌ کوڕه‌که‌ موسڵمان نییه‌." له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، پارێزه‌ری باوکه‌که‌ له‌به‌رده‌م دادگادا به‌رگری له‌ بریکاره‌که‌ی کرد و رایگه‌یاند که‌ هۆکاری هێرشه‌که‌ شه‌ره‌ف نه‌بووه‌، به‌ڵکو توڕه‌یی شێتانه‌ بووه‌ و گوتی: "کچه‌که‌ باوکی خۆی ئیهانه‌ کردووه‌ و ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ باوکه‌که‌ توڕه‌ بێت و چه‌قۆ لێ بدات، به‌ڵام مه‌به‌ستی کوشتنی کچه‌که‌ی نه‌بووه‌."
له‌ دانیشتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی دادگادا، کاتێک کچه‌که‌ بۆ یه‌که‌مجار دوای رووداوه‌که‌ باوکی خۆی بینییه‌وه‌، دڵی پڕ بوو له‌ گریان و به‌ سۆزه‌وه‌ رووی له‌ دادوه‌ر کرد و گوتی: "من باوکی خۆم خۆشده‌وێت و لێی خۆشبووم." سه‌ره‌ڕای لێخۆشبوونی کچه‌که‌، دادوه‌ر سزای زیندانیی هه‌میشه‌یی  بۆ بڕییه‌وه‌.
................................................................................
ئەڵمانیا دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئاسان دەکات
حکومەتی ئەڵمانیا پلانێکی نوێی بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری پەسەندکرد، ئەمەش دوای ئەوەی تێچووی دەرهێنانی مۆڵەت لەو وڵاتەدا بەهۆی سیستمی ئێستاوە گەیشتە زیاتر لە 3400 یۆرۆ. بەپێی پلانەکە کە چاوەڕێی دەنگدانی پەرلەمانی فیدراڵییە، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بەشەکانی تیۆری و پراکتیکیدا دەکرێت؛ بە جۆرێک مەرجی بەشداربوون لە 14 وانەی تیۆری لادەبرێت و دەکرێت بەشداری بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەوە بێت، هاوکات ژمارەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی تیۆری، کە هەمیشە ببووە جێگەی گلەیی کۆچبەرانی کورد لەو وڵاتە، لە 1100 پرسیارەوە بۆ 840 پرسیار کەم دەکرێتەوە.
پلانە نوێیەکە ئاسانکاری لە بەشی پراکتیکیشدا دەکات، بە شێوەیەک کە مەرجی ناچاریی خوێندنی 12 وانەی لێخوڕین لەلایەن مامۆستاوە نامێنێت و دیاریکردنی ژمارەی وانەکان دەسپێردرێت بە لێهاتوویی خودی کەسەکە، هەروەها دوای دەرچوون لە تاقیکردنەوەی تیۆری، خوازیار دەتوانێت لەژێر چاودێریی کەسێکی مۆڵەتداردا شۆفێری بکات تاوەکو کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی. لە لایەکی دیکەوە، ئەو کەسانەی مۆڵەتی شۆفێریی هەرێمی کوردستان یان هەر وڵاتێکی دیکەیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی شۆفێری لە ئەڵمانیا دووبارە بکەنەوە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم بڕیارەدا، دەنگۆی جیاواز لەسەر پڕۆژەکە دروستبووە و بەشێک لە چاودێران ڕەخنەی لێدەگرن، لەو چوارچێوەیەشدا شارەزایانی بواری هاتووچۆ دەڵێن: "ئەم سیستمە نوێیە وادەکات خەڵک ئاسانتر مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا ڕووداوەکانی هاتووچۆ زۆرتر دەبن، یانیش گەندەڵی لە وەرگرتنی مۆڵەتەکەدا دروست دەبێت."  ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە، هەر ئەم هەفتەیە لە هەرێمی "بادن ڤورتمبێرگ"ی ئەڵمانیا، چوار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران، کە بەهۆی قورسیی سیستمی ئێستاوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو خەریکی دروستکردنی مۆڵەتی شۆفێریی ساختە بوون بۆ خوازیاران.
............................................................
یونیسێف دۆخی نالەباری منداڵان لە ئەڵمانیا ئاشکرا دەکات
رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی منداڵان لە 37 وڵات، ئەڵمانیای لە پلەی 25ەمین داناوە، کە لە دوای وڵاتانێکی وەک ئێرلەندا، کۆریای باشوور، رۆمانیا و سلۆڤاکیاوە دێت. راپۆرتەکە کاریگەریی هەژاری و دەوڵەمەندی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و توانای فێربوونی منداڵان تاوتوێ کردووە. بەپێی راپۆرتەکە، تەنیا 60%ی منداڵان و نەوجەوانانی تەمەن 15 ساڵ لە ئەڵمانیا توانای ئاسایی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە بیرکارییان هەیە.
شێنێ هیوا ئەحمەد، مامۆستایەکی نیشتەجێی ئەڵمانیا، بە دیاسپۆرای رایگەیاند کە جیاوازیی ئاستی داهاتی خێزانەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی خوێندکاران هەیە. بە گوتەی ئەو، خێزانە دەوڵەمەندەکان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەی تایبەت کە ئاستیان بەرزترە، لە کاتێکدا خوێندکارانی خێزانە هەژارەکان بەهۆی نەتوانینی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنەوە، ئاستی خوێندنیان دادەبەزێت.
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، کە خوێندکاران لە ئەڵمانیا کەمتر دەخوێننەوە و زیاتر کات بە سۆشیال میدیا و سەیرکردنی ڤیدیۆوە بەسەر دەبەن، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەی ئاستی نووسینیان. هەروەها رەخنەی لە سیستمی بیرۆکراتیی پەروەردە لە ئەڵمانیا گرت و بە هۆکاری دواکەوتنی بواری فێرکردنی زانی.
بەپێی ئاماری یونیسێف، 15%ی منداڵانی ئەڵمانیا هەژارن. شێنێ هیوا ئەحمەد پشتڕاستی کردەوە کە هەندێک خوێندکار پێداویستیی سەرەکییەکانیان نیە بۆ نموونە لاپتۆپ و ئایپاد، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی خوێندنیان دەکات.
............................................................................
زانستکارێکی کورد بە داهێنانێکی نوێ سوێدییەکان سەرسام دەکات
زانستکارێکی کورد، بە دۆزینەوەی تەکنیکێکی نوێ بۆ شیکارکردنی ماددە ژەهراوییەکانی ناو جلوبەرگ، سەرنجی ناوەندە زانستییەکانی سویدی ڕاکێشا. داهێنانەکەی، کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا ناسێندرا، کاتی پشکنینی پارچە قوماشەکان لە 10 کاتژمێرەوە بۆ تەنها 30 چرکە کەمدەکاتەوە. ئەم دۆزینەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ لە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی ناو پۆشاک دادەنرێت.
ئەو کۆنفڕانسە زانستییە لە شاری ماسترێختی هۆڵەندا بەڕێوەچوو، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆنفرانسەکانی بواری ژەهرناسی و کیمیای ژینگە و نزیکەی 3,000 زانستکار تێیدا ئامادە بوون. ئامانجی کۆنفرانسەکە ئاشناکردنی گروپە زانستییەکانە بە کارەکانی یەکتری و دروستکردنی هەماهەنگی بۆ پڕۆژەی هاوبەش، و کۆکردنەوەی کەرتی ئەکادیمی، پیشەسازی و ڕێکخراوە ژینگەییەکان.
ئاوات عەلی، توێژینەوەیەکی زانستی پێشکەش کرد کە لە مانگی 4ـی ئەمساڵدا لە گۆڤارێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی پێست بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە باس لە دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێ و خێرا دەکات بۆ شیکارکردنی ماددە زیانبەخشەکانی ناو جلوبەرگ.
بەگوێرەی قسەکانی ئاوات عەلی بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا، ڕێگا کۆنەکە بۆ پشکنینی یەک پارچە جل نزیکەی 10 کاتژمێری پێویست بوو، بەڵام ڕێگا نوێیەکە ئەم ماوەیەی بۆ تەنها 30 چرکە کەمکردووەتەوە. ئەمەش کارئاسانی بۆ کەرتی پیشەسازی دەکات تا بە خێرایی پشکنین بۆ جلوبەرگ بکەن و  لە سەلامەتی هاوڵاتیان دڵنیاببنەوە. 
ئەو زانستکارە گوتیشی، کە هەزاران ماددەی کیمیایی جۆراوجۆر لە پیشەسازیی جلوبەرگدا بەکاردەهێنرێن، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان رێگەپێدراون. بۆ نموونە، لە گرووپی ئارۆماتیک ئەمینەکان، تەنها 22 ماددە ڕێگەپێدراون، لە کاتێکدا سەدان جۆری دیکە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی پێست، بە ڕێژەی 10 هێندەی ئاستی ڕێگەپێدراو بەکاردەهێنرێن.
ئاوات عەلی رایدەگەیەنێت کە داهێنانێکی نوێی پەرەپێداوە کە ڕێگایەکی "سەوزتر" و خێراترە بۆ دیاریکردنی ئەم ماددە زیانبەخشانە. ئەم ڕێگا نوێیە پرۆسەی شیکارکردن لە 10 کاتژمێرەوە بۆ 30 چرکە کەمدەکاتەوە. هەروەها، هیچ پاشماوەیەکی پلاستیکی و ماددەی کیمیایی ژەهراوی بەجێناهێڵێت، لە کاتێکدا ڕێگا کۆنەکە پێویستی بە نیو لیتر سۆڵڤێنت هەبوو. لە ڕووی تێچووەوە، شیکارکردنی یەک نموونە بە ڕێگا نوێیەکە 50 سەنت تێچوویەتی، لە کاتێکدا بە ڕێگا کۆنەکە 20 بۆ 25 دۆلاری تێدەچوو.
ئاوات عەلی کە نیشتەجێی سویدە لە لێکۆڵینەوەکەیدا بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە تاقیکردنەوە لەسەر 60 نموونەی جلوبەرگی منداڵان لە بازاڕەکانی سوید دەکات. ئەنجام ئەوەیە کە ئەو جلوبەرگانەی ڕەنگیان تۆخە (ڕەش، ڕەساسی، قاوەیی) و لە پۆلیستەر یان پۆلیستەری دووبارە بەکارهێنراو دروستکراون، زۆرترین ژمارە و بڕی ماددەی کیمیایی زیانبەخشیان تێدایە. لە بەرامبەردا، ئەو جلانەی لە لۆکە دروستکراون و ڕەنگیان سپییە، کەمترین ماددەی زیانبەخشیان هەبوو. بۆ نموونە، لەنێو 50 ماددەی باو، جلوبەرگە پۆلیستەرە تۆخەکان 20 ماددەیان تێدابوو، بەڵام لۆکە سپییەکان تەنها 2 بۆ 3 ماددەیان لە ئاستێکی سەلامەتدا تێدابوو.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە کە هەندێک جلوبەرگ، بەتایبەتی ئەوانەی ئۆنڵاین دەکڕدرێن، ماددەی مەترسیداریان تێدایە. هەروەها تاقیکردنەوە لەسەر 14 نموونەی جلوبەرگی وەرزشی کە لە پۆلیێستەر دروستکراون کراوەو، دەرکەوتووە کە حەوت نموونەیان ماددەیەکی شێرپەنجەییان تێدایە، کە ئاستەکەی 10 جار لە ڕادەی ڕێگەپێدراو بەرزتر بووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی پڕۆژەکەی ئاوات عەلی لە میدیاکانی سوید، وەک ڕۆژنامەی "داگێنس نیهێتەر" کە لاپەڕەی یەکەمی بۆ تەرخان کرد، پیشەسازیی جلوبەرگ لەو وڵاتە کاردانەوەی ئەرێنیی هەبوو، سەندیکای پیشەسازیی جلوبەرگ داوای کۆبوونەوەی کردووەو لەگەڵ توێژەرەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ هاوکاری، چونکە ئامانجیان پاراستنی ناوبانگیان و بەرهەمهێنانی کاڵای سەلامەتر و "سەوزتر"ە بۆ بەکارهێنەران.
ئەو توێژەرە باس لە مەترسییەکانی دیکەی وەک "مایکرۆپلاستیک" دەکات کە لە زۆرێک لە کەلوپەلی ڕۆژانەدا بوونی هەیە.
وردە پلاستیک لە کەلوپەلی ناوماڵ و خۆراک و ئۆتۆمبێلدا بوونی هەیە و مەترسیی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکات. ئاوات عەلی گوتی کە ڕەنگە بڕی یەک کەوچکی چێشت وردە پلاستیک لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا هەبێت، کە لە جەستەدا دەمێنێتەوە و کاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەکان دادەنێت. 
ئەو توێژەرەی ماددە کیمیاییەکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی وەک کێشەی غودەی دەرەقی بەراورد بە 30 ساڵی ڕابردوو، بە زیادبوونی بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ماددانە دەبەستێتەوە. بەکارهێنانی بەرفراوانی قاپ و پەرداخی پلاستیکی، مەترسی بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ زیاتر کردووە، لە بەرامبەردا، بەکارهێنانی شوشە و ئاسن وەک جێگرەوەیەکی سەلامەتتر پێشنیاز دەکات.
ئاوات عەلی کە پێشتر میدیاکار بووە و ئێستا توێژەری زانستییە، ڕایگەیاند کە گواستنەوەی لە بواری میدیاوە بۆ زانست قورس نەبووە، چونکە زانست خەونی بووە. بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 2018 دوای گەیشتنی بە سوید، دەرفەتی بۆ ڕەخساوە بگەڕێتەوە بۆ بواری زانست. دوای یەک ساڵ لە هاوتاکردنی بڕوانامەکەی، لە ساڵی 2019 دەستی بە خوێندنی ماستەر کردووە، ئێستا خەریکی خوێندنی دکتۆرایە.
......................................................................
سوید پەین لە میز بەرهەم دەهێنێت
یاریگای تێلیدا له‌ شاری ماڵمۆ و ده‌وروبه‌ری له‌ وڵاتی سوید، له‌ هەنگاوێکی سه‌رنجڕاکێشدا هانی دانیشتووانی ناوچه‌که‌ و هانده‌رانی تۆپی پێ ده‌دات که‌ بچنه‌ یاریگاکه‌ و له‌وێ میز بکه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی کۆکردنه‌وه‌ی بڕێکی زۆر له‌ میز بۆ پڕۆژه‌یه‌کی زانستیی ژینگه‌یی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی زانستی دێت که‌ له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر بیۆرن ڤینێرۆس سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت و ئامانجی یاریگاکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاوه‌کو کۆتایی مانگی 11ی ئه‌مساڵ، بڕی 10,000 لیتر میز کۆبکه‌نه‌وه‌ تاوه‌کو له‌ رێگه‌یه‌وه‌ په‌ینی لێ دروست بکه‌ن.
پرۆفیسۆر بیۆرن سه‌باره‌ت به‌ میکانیزمی پڕۆژه‌که‌ روونکردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: "ماددەکە کۆدەکرێتەوە و دوای ئەوە وشک دەکرێتەوە. ئەوەی دوای وشککردنەوەکە دەمێنێتەوە، واتە پاش نەهێشتنی ئاوی نێو میزەکە، هەمان ئەو شتەیە کە لە نێو پەیندا هەیە." به‌پێی گوته‌ی ئه‌و پرۆفیسۆره‌، هه‌ر مرۆڤێک ساڵانه‌ به‌ تێکڕا 500 لیتر میز ده‌کات، که‌ ده‌کرێت له‌و بڕه‌ نێزیکه‌ی 25 کیلۆگرام په‌ین به‌رهه‌مبهێندرێت. ئێستا سوید ناچارە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنانی پەین لە دەرەوە هاوردە بکات، که‌ ئه‌و پێکهاتانه‌ش زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن، بۆیه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه‌ و میز ده‌توانێت ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی ته‌واو ژینگه‌دۆست بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌ین.
بەرنامەی دیاسپۆرا شەوانی هەینی کاژێر 21:00 پێشکێش دەکرێت.