ماڵەکەی جەمال نەبەز لە سلێمانی
جەمال نەبەز یەکێک لە نووسەرە ناودارەکانی کورد. لە ساڵی 1933 لە سلێمانی لەدایکبووە. ماڵەکەی لە سلێمانی کراوەتە مۆزەخانەی کەلەپووریی جەمال نەبەز. مێژووی دروستکردنی ئەم خانووە بۆ ساڵی 1904 دەگەڕێتەوە. رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز سەرپەرشتیی مۆزەخانەکە دەکات.
مۆزەخانەکە لەسەر رووبەری 400 مەتر نۆژەنکراوەتەوە. هەموو ساڵێک قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز بە نووسەرێک دەبەخشێت. پێش کۆچی دوایی جەمال نەبەز داوای گۆرانییەکی هۆمەر دزەیی کردووە. لە 8\12\2018 لە ئەڵمانیا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
نەعیمە تۆفیق، خوشکى جەمال نەبەز بەو ئاواتەیە خانووەکەیان بەر لەوەى هەڵکشانى تەمەن بیفەوتێنێت، بیکاتە مۆزەخانەیەک بەناوى براکەى و رێکخراوى رۆشنبیریى جەمال نەبەز سەرپەرشتى بکات. نەعیمە تۆفیق دەڵێت "شتومەکی بنەماڵەکەمان، شتی کەلەپووریی زۆرمان هەیە. جوان رێکوپێک پاراستوومە. دایکم، باجی نافیعەی خوشکم، باجی زەکییە، باجی کافە، خۆم هەموومان لێرەبووین. هەتاوەکو 2007 کە ئەو خانووەم کڕی لە بەختیاری، ئینجا لە 2007 بە حەوت مانگ کتێب و شتومەکی کاکمم گواستەوەو بردمە بەختیاری، هەر دەیگوت رۆڵە ئەوە ناڕۆی ناچیتە بەختیاری، دەمگوت با جارێ کتێبەکانت پاککەمەوەو بیبەم لەوێ مەکتەبەم بۆ کردووی. بە ساقەی بم برانەبوو، ئەویش دەیگوت ئەمانە خوشک نین، توحفەن بۆمن ".
خانووەکەى ماڵى جەمال نەبەز، ساڵى 1904 لەلایەن رەشید کابان کە ئەوکات سەرپەرشتیارى پەروەردەى سلێمانى بووە، بۆ حاجى تۆفیق بە دووجار کڕدراوە. تاوەکو ساڵى 2007 کە زۆرینەى ئەندامانى ئەو خێزانەکە کۆچى دواییانکرد، هەر ئاوەدان بوو. دواتر بەهۆى کۆنبوونییەوە چۆڵکرا.
دەوەن مەعرووف، هاوڕێى جەمال نەبەز دەڵێت "هەیکەلی خانووەکە هەرهەمووی چۆنە وەکو خۆی نۆژەنکراوەتەوە، نامەکانی وێنەکانی، چاوپێکەوتنەکانی و ئەو کەلوپەلانەی کە پێش ئەوەی لە 13ی گوڵانی ساڵی 1962 بچێت بۆ ئەوروپا، ئەو کەلوپەلانەی ماوە مامۆستا، بەتایبەتی ئەو کەلوپەلانەی کە لەم ژوورەو لەو ژوورەیدا بووە هەموویمان هەڵگرتووە".
مۆزەخانەکە بە پارەى موڵکەکانى بنەماڵەکە لەسەر رووبەرى 400 مەتر نۆژەندەکرێتەوە. لە نۆژەنکردنەوەیدا هەمانشێوە و بەشێک لە کەرەستە کۆنەکانى بەبەردا دەکرێتەوە و هەموو 8ى 12یەک لە ساڵڕۆژى کۆچى دوایى جەمال نەبەزدا، لیژنەیەکى هەر چوارپارچەى کوردستان، خەڵاتى قەڵەمى زێڕین بە رۆشنبیرێک دەبەخشێت.
جەمال نوورى، بەرپرسى بەشى رۆشنبیریى رێکخراوى جەمال نەبەز دەڵێت "ئەو چوارکەسەی کە لیژنەی رۆشنبیری جەمال نەبەزن، قەڵەمی زێڕین دەبەخشنە کەسایەتییەک کە شارەزابێت لە بواری مێژوو و زمانو کەلەپوور لە بوارەکانی تایبەت بە رۆشنبیری".
تەنیا یەک خوشکى جەمال کە لەدایکێکى دیکەیە و کەمالەدینى براى چوونەتە پرۆسەى هاوژینییەوە، چوار خوشک و جەمال نەبەزیش بە سەڵتى ژیاون، دەگوترێت هۆکار ئەوەبووە، ئەو بنەماڵەیە چونکە لە بنەچەدا سەر هۆزى دزەین، لەگەڵ سلێمانەییەکان کەمترینیان تێکەڵاوى ژن و ژنخوازیان هەبووە.
دەوەن مەعرووف، هاوڕێى جەمال نەبەز دەڵێ" چەند چرکەیەک بەر لەوەى جەمال نەبەز کۆچى دوایی بکات، داوا دەکات، کە بۆ ماڵئاوایی لە ژیان گوێ لە گۆرانی چەندى گەڕام لە شارانى هونەرمەند هۆمەر دزەیی بگرێت".
نەعیمەخانى خووشکە بچووکى پرۆفیسۆر، دواین منداڵى ئەو خێزانەیە، زۆرینەى موڵکەکان بەناوى ئەوەوە کراون، بەڵام هەندێک لە نەوەکانى کەمالەدین داواى پشکى باوکیان دەکەن و دۆسییەکەى لە دادگایە.
بڕوا حوسێن، پارێزەرى بنەماڵەى جەمال نەبەز دەڵێت "خواستی نەعیمەخان راستی ئەوەیە کە ئەم موڵکانە بپارێزرێ و بخرێتە خزمەتی شارەوە. لە راستیدا ئاگاداری خواستی ئەوانی دیکە نیم، بەڵام هیوادارم کە ئێمە بتوانین، ئەو موڵکانەی هەیە بیپارێزین، یاخود بیکەین بە پڕۆژەیەک کە لە خزمەتی شاردابێیت".
جەمالەدین تۆفیق مەحموود 1933 لە سلێمانى لە دایکبووە. لە 8-12-2018 بە نەخۆشیی لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردووە.
بهشی بكه لە