وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی میوانە و باسی مووچە دەکات
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرکردنی لێبووردنی گشتی دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای کاریش بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، چونکە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، "دەرکردنی لێبووردنی گشتی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو دوادەخرێت؛ یاسای کاریش بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، چونکە ئەو کاتەی یاساکە لە پەرلەمان دەرچوێندرا تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان درێژکرابووەوە و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵیش هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی کە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دراون بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێن؛ بەڵام یاساکە ئامادەیە و لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بە یەک دەنگدان دەخرێتەوەکار".
هاوکات کوێستان محەممەد باسی لە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستیی کرد و گوتی، لە لیستەکەیاندا هەزاران کەس هەبوون مووچەیان وەرگرتووە و خاوەن پێداویستیی تایبەت نەبوون؛ گوتیشی، لەو کاتەوەی بووەتە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 14 هەزار کەسیان لە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەرهێناوە کە بەشێکیان چەند ساڵێک بوو کۆچی دواییان کردبوو و کەسوکارەکەیان مووچەکەیان وەردەگرت.
ئەو وەزیرە باس لەوەش دەکات کە پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرێت و ئەوانیش بەگوێرەی یاسا ناتوانن مووچەکەی ببڕن کە 100 بۆ 150 هەزار دینارە، ئەوە جگە لە چەندین پلەداری سەربازی خانەنشینکراو کە بەهەمان شێوە مانگانە مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن.
"پیاو هەیە مووچەی بێوەژنانە وەردەگرێت"
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەشێک لە گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ باسی لە گەندەڵییەکانی ناو لیستی مووچەی نڤیشکان کرد و نموونەی بەوە هێنایەوە کە خەڵک هەبووە مووچەی نابینای وەرگرتووە، بەڵام چاوەکانی ساخ بوون و تەنانەت پێویستی بە چاویلکەش نەبووە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەش کرد کە لەناو لیستی مووچەی بێوەژناندا پیاو هەبووە مووچەی بێوەژنی وەرگرتووە.
بە گوتەی کوێستان محەممەد، زۆرترین گەندەڵی لە لیستەکانی (نابینایان و نابیستاندا) کراوە، هەربۆیە لیستەکە دەدرێتەوە بە لێژنەی پزیشکی و هەڵسەنگاندن بۆ رێژەی کەمئەندامییان دەکرێتەوە.
"مادەی هۆشبەر لە چاکسازییەکاندا"
کوێستان محەممەد لەبارەی بردنەژوورەوەی مادەی هۆشبەر بۆناو چاکسازییەکان دەڵێت، "پێشتر دەستکەوتنی مادەی هۆشبەر لەناو چاکسازییەکاندا ئاسانتر بوو وەک لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و زۆر بە ئاسانی دەبرایە ناو چاکسازییەکان و مامەڵەی پێوەدەکرا. ئێستا ئامێری پشکنینی سۆنەر لە چاکسازییەکان دانراوe و تا رادەیەکی باش کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێشتا بنبڕ نەکراوە".
نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە زۆرجار کەسانێک بە هۆی ئەنجامدانی تاوانێکی بچووکەوە لە چاکسازییەکان بەندکراون، بەڵام لەناو چاکسازییدا ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون و نموونە بە گەنجێک دەهێنێتەوە کە بەهۆی سەرپێچی هاتوچۆوە سزادراوە، بەڵام لە چاکسازی ئالوودەی مادەی هۆشبەر کراوە.
"زۆرترین رێژەی بێکاری لە دهۆکە"
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی رێژەی هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەوپێیەی سەرژمێرییەکی دروست نییە لە هەرێمی کوردستان، رێژەی هەژاری و بێکاریش بە دروستی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی رووپێوییەکی وەزارەتەکەیان 90 هەزار کەسی بێکار لای ئەوان تۆمارکراون و زۆرینەی ئەو کەسانەشی کە بێکارن لە پارێزگای دهۆکن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری لە دهۆک 15٪یە و پلاندانانی عێراقیش دهۆکی بە هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستان پۆلێنکردووە.
پێشتریش سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لە ساڵی 2007ـەوە پارێزگای دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە.
بهشی بكه لە