سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق: پلان هەیە کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت
سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا پلانیان هەیە دابەشکردنی کارەبا و کۆکردنەوەی پارەکەی لە عێراق بە کەرتی تایبەت بسپێرن، تەنیا گواستنەوەی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن لە کۆنترۆڵی حکومەتدا بمێنێتەوە.
محەممەد نووری عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دۆخی خراپی کارەبا لە عێراق و ئاستەنگییەکانی بەردەم دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری دەکات، دەڵێت، جگە لەوەی عێراق گازەکەی خۆی کە گازی هاوەڵی نەوتە دەسووتێت و هیچ بەرهەمێکی گازی نییە، بەڵام وێستگەی گازی بەرهەمهێنانی کارەبا دادەنێت و گازەکەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە بەشێکی دیکە گوتەکانی سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق باس لە دۆخی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت، ئێستا پەرلەمانی عێراق بەتاڵ بووەتەوە لە هەموو نێوەڕۆکێک و بێ متمانەییەکی تەواو لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە و ناکۆکی تائیفی باڵی کێشاوە بەسەر هەموو پڕۆژە و یاساکان.
هەروەک باس لە ئاستەنگییەکان و ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوماڵی سوننە دەکات کە بوونەتە هۆی پەکخستنی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
بهشی بكه لە