کورد و دووەم دەوڵەتی عێراق
عێراق لە ساڵی 1921 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دامەزرا وەک یەکێک لەو دەوڵەتە تازانەی کە لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانیی دوای یەکەم جەنگی جیهان سەریان هەڵدا.
ئەم دەوڵەتە نوێیە هەر لە دەسپێکدا بە سەقەتی لەدایکبوو، چونکە لە سێ ویلایەتی عوسمانییەوە تێکهەڵکێشرا کە هیچ پەیوەندییەکی فەرهەنگی و ئابووریی توکمەیان بەیەکەوە نەبوو. ویلایەتی بەسرە، ویلایەتی بەغدا و ویلایەتی موسڵ. ویلایەتی بەسرە کە دانیشتووانی بە زۆرترایەتی هەرە زۆری عەرەبی شیعە بوون هەموو کاروباری بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ناوچە باشوورییەکانی خۆیان لە کەنداوی فارسی و لە نیمچە دوورگەی هیندی بوو، نەک لەگەڵ ویلایەتەکانی دیکەی عوسمانی. ویلایەتی بەغدا کە دانیشتووەکانی شیعە و سوننە بوون، بەڵام چونکە شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلای شیعان کەوتبوونە ناو سنووری ئەم ویلایەتە، ئەوان زیاتر وابەستەی ئێران بوون لە بواری هاتووچۆ، ئاڵوگۆڕی کولتووری، ئابووری و بازرگانییانەوە. هەرچی ویلایەتی موسڵە، ئەمەیان کە بەپێی ئارنۆڵد ویڵسن لەکتێبی یادداشتەکانیدا ( میزۆپۆتامیا لەنێوان دوو وەفادارییاندا Mesopotamia between two loyalties .1917 - 1914، 95%ـی کورد بوون و ئەوانە لە بواری کولتوور و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە زیاتر لە ویلایەتی حەڵەبەوە نزیکبوون تاوەکو لەگەڵ دوو ویلایەتەکەی بەغدا و بەسرە.
جا بەبێ ئەوەی گوێبداتە حەز و ئارەزووی دانیشتووانی ئەو سێ ویلایەتانە، بەریتانیا هەرسێکیانی پێکەوە لکاند، دەوڵەتێکی نۆێی پێ دامەزراند و ناوێکی جوگرافی کۆنی بۆ هەڵبژارد، عێراق. لەوەش خراپتر، هەڵستان حکومەتێکی سوننەیان بەسەر وڵاتێکدا سەپاند کە زۆرترایەتی هەرە زۆری شیعە مەزهەبن. هێشتا لەوەش خراپتر، ئەمیرێکی عەرەبی سوننی مەزهەبیان (فەیسەل) لە ویلایەتێکی دیکەی عوسمانییەوە (حیجاز) هێنا و کردییانە مەلیکی عیراق. بەم جۆرە وڵاتێکی چێشتی مجێور ئاسا (شیعە و سوننە و کورد) یان پێکەوەنا و مەلیکێکی حیجازیشیان لەسەر دانا.
راستییەکەی، خۆی بەریتانییەکان تاوەکو ساڵی 1918 نەگەیشتبوونە ویلایەتی موسڵ و، ئەوان هەر لە سەرەتای یەکەم جەنگی جیهانی لە ساڵانی 1914 - 1915 دوو ویلایەتەکەی بەسرە و بەغدایان گرت و پلانیان دانابوو کە دەوڵەتە نوێیەکەی ناویان نا عێراق لەو دوو ویلایەتە دابمەزرێنن کە لە ساڵی 1918دا ویلایەتی موسڵیشیان گرت، لێرەدا تووشی چەندین گرفت و کێشە بوون.
لەلایەکەوە خەڵکی ئەم ویلایەتە کوردییە دەیانویست دەوڵەتێکی سەربەخۆی باشووری کوردستان دابمەزرێنن. لەلایەکی دیکەوە عوسمانییەکان کە بینییان دوو ویلایەتە عەرەبییەکەی بەسرە بەغدایان لە دەست چووە، سووربوون لەسەر ئەوەی کە هەر نەبێ ویلایەتی موسڵ، کە عەرەب نییە، نەدۆڕێنن و لەنێو سنووری نوێی خۆیاندا گلی بدەنەوە، بەڵام لەپاش دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک کە لە ویلایەتی موسڵی کوردی بوو، بەریتانیا بڕیاریدا ئەم ویلایەتەش بخاتە سەر دوو ویلایەتە عەرەبییەکەی بەسرە و بەغدا و، عێراقە نوێیەکە لەو سێ ویلایەتەوە دابمەزرێنێت. بەریتانیا لەو مشتومڕەدا سێ ئامانجی لەبەرچاو گرتبوو، یەک: ببێتە خاوەنی ئەو نەوتەی کە تازە لە کەرکووک دۆزرابووەوە، چونکە بەپێی پەیمانی پێشتری سایکس - پیکۆ 1916، کە لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دابەشکردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی ویلایەتەکانی بەسرە و بەغدا بەر بەریتانیا دەکەوت، سووریا و فەلەستینیش بۆ فەرەنسا (لوبنان و ئوردن هێشتا نەبوون), بۆیە بەریتانیا هەوڵیدا و بۆیشی چووە سەر کە ویلایەتی موسڵی دەوڵەمەند بە نەوت بخرێتە سەر دوو ویلایەتەکەی پێشتر.
دوو: دانیشتووە شیعەکانی دوو ویلایەتەکەی پێشتر قەبووڵیان نەبوو ئەمیرێکی سوننی حیجازی (فەیسەل) بکرێتە مەلیکیان. هەر خودی فەیسەڵ خۆی بۆ بەریتانییەکانی نووسی کە ئەگەر ویلایەتی موسڵی سوننەی بۆ نەخەنە سەر دوو ویلایەتە شیعەکەی بەسرە و بەغدا، ئەوا مەحاڵە شیعەکان پێی رازی ببن ببێتە مەلیکیان. بۆیە و بۆ زیاترکردنی ژمارەی سوننە لە عیراقێکی نوێدا، بەریتانیا مەبەستی بوو ئەو ویلایەتە سوننەیە (موسڵ) بخرێتە سەر دوو ویلایەتە شیعەکە.
سێ: وڵاتێکی بریتی لە هەڕەمەیەکی شیعە و سوننە و کورد کە بە نەژاد و هەروەها بە ئایینزا (مەزهەب) زۆر لێک دوورن ئەوە پڕ بە پێستی خۆیەتی بۆ سیاسەتی بەنێوبانگی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی (divide and rule، پەرتکە و زاڵبە ( فرق تسد).
بەم جۆرە، دەوڵەتێکی نوێ بە ناوی عێراق لە ساڵی 1921 دامەزرا و لە ساڵی 1925یش بووە ئەندامی ( کۆمکاری میللەتان league of Natons، بەڵام لەوساشەوە کورد هەمیشە هەر لە سەرهەڵدان و دژایەتیکردنی ئەو عێراقە عەرەبییە بوو کە بە داری زۆرێ وڵاتی کوردیان پێوە لکاندبوو. "ئێمە داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی سیڤیلی نوێی بەریتانی دەکەین نەهێڵن تورک جارێکی دیکە روو لە وڵاتی ئێمە بکەنەوە و رێگاش نەدەن بە عەرەب حوکمی ئێمە بکەن". ئەمە دوو مەرجی کورد بوو کە نوێنەرەکانی هەولێریان، خورشید ئاغای دزەیی و ئەحمەد ئەفەندی (ئەحمەد عوسمان) پێشکێشی ئارنۆڵد ویڵسن، ئەفسەری سیاسیی بەریتانیایان کرد بەرامبەر بەوەی کە ئەوان پشتگیری لە هاتن و مانەوەی بەریتانیا بکەن [ خورشید ئاغا مامی هۆمەری دزەیی بوو و ئەحمەد ئەفەندیش مێردی پووری، مێردی خوشکی دایکی ]، بەڵام خەون و خەیاڵی کورد بووە سەراب و، دەرەنجام، باشووری کوردستان هەر لکێندرا بە عێراقە تازەکەوە.
هێندەی پێنەچوو دەسەڵاتدارە نوێیە عەرەبەکان دەستیان بە عەرەباندنی ناوچە کوردییەکان کرد. کابرایەکی نەتەوەپەرستی عەرەبی سورییان هێنا (ساطع الحصری) کردیانە بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی مەعاریفی عێراقی کە بەرپرسی نووسینەوە و لەچاپدانی هەموو کتێبەکانی مێژوو بوو لە قۆناخی خوێندنی سەرەتایی و دوای ئەوەش کە بە ئاشکرا هەستی عەرەبچێتییان لێ دەتکایەوە. شار و شارۆچکەکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، شێخان، شنگال ئەوانەیان هەموو لە وڵاتی کوردان داپچڕاند و خستنیانە سەر ئیدارەیەکی نوێ بە ناوی لیوای موسڵ. هەر بەوە نەوەستان، ئینجا هەڵستان خانەقین، مەندەلی ، بەدرە ، جەسان ، حەی (حيً) و چەند شارۆچکەی دیکەشیان لە خاکی کوردان دابڕاندن و خستیانە سەر دوو لیوای نوێی عەرەبان، لیوای دیالە و لیوای کوت. بەوەش تێر نەبوون، ئەمجارە هەڵستان عەرەبێکی زۆریان هاوردەکرد بۆ ناوچەی حەویجەی پڕ لە نەوتی نزیک شاری کەرکووک. ئەوە هەمووی بەبێ ئەوەی یەک پرس بە دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە بکەن.
کوردی دڵساردبووەوە ناچار دەستی بە خەباتی چەکداری کرد تاوەکو ساڵی 1958 کە حوکمی مەلەکی لە عێراق داتەپی و سیستەمی کۆماری دامەزرێندرا. کورد یەکسەر پشتگیرییان لەو رێژیمە نوێیە کرد بە هومێدی بەدیهێنانی خەونە دێرینەکەیان. زۆری نەبرد سەرلەنوێ لەلایەن هەموو حکومەتە کۆمارییە نوێیەکانیشەوە داپەڵۆسران و تەنانەت لە سەردەمی بەعسییەکانی سەدام حوسێندا لە ساڵی 1988 بە چەکی کیمیایش ژەهراوی کران، بەڵام لە رۆژی 9ـی مانگی گوڵانی ساڵی 2003 عێراق لە ئەنجامی هێرشێکی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا وەک دەوڵەت نەما. حکومەت هەڵوەشا، هێزە چەکدارەکان بەرەڵڵا کران، تەنانەت ئاڵای عیراقیش لەلایەن زۆرترایەتیی عیراقییانەوە بەتایبەتی لەلایەن کوردەوە چیتر بە ئاڵای خۆیان نەناسرا. ئەوەبوو کە عێراقییەکان کەوتنە پرۆسەی دامەزراندنی دووەم دەوڵەتی عێراقی. بەپێی گشتپرسی (ریفەراندۆمێکی) نافەرمی کە لەلایەن NGO یەکی کوردییەوە رێکخرابوو دەرکەوت کە پتر لە %98 ی کورد نایانەوێ لەناو دەوڵەتێکی نوێی عیراقیدا بن، بەڵکو دەیانەوێ دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆیان هەبێت.
کورد دڵی لە سیاسەتی دووڕوویی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکاش سارد بووەتەوە کە دەڵێن عێراق دەبێ وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو بمێنێتەوە. لێرەدا پرسیاری کورد ئەمەیە: بۆچی دروستە بۆ فەڵەستین ببێتە دوو دەوڵەت؟ دروست بوو بۆ یەکێتی سۆڤییەت هەڵبوەشێت؟ بۆ یوگۆسلاڤیا تەخشان و پەخشان بکرێت؟ بۆ چێکۆسلۆڤاکیا بکرێتە دوو دەوڵەت؟ بۆ تیمۆری رۆژهەڵات لە ئیندۆنێسیا جیا ببێتەوە؟ بۆ ئەریتریا لە ئیسیۆپیا دا بپچڕێندرێت؟
جا کورد دەپرسن بۆچی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بۆ دوو یان چەند دەوڵەتییە بۆ ئەوانە حەڵال بێ، بۆ کورد حەرام بێ؟ لە ئەنجامدا، رێبەرانی کورد هەرچەندە کە لە ژێر لێواندا هەر هەمان دڵساردبوونەوەیان لەگەڵ هاووڵاتییە دڵساردبووەکانی خۆیاندا دەردەبڕی، چاریان ناچاربوو لەسەرەوە لە روانگەیەکی زیاتر پراگماتیکانە بڕواننە کێشەکە. ئەوان تێگەیشتبوون کە نە لە نیازی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دایە نە وڵاتە دراوسێیەکانی کوردیش دەیانەوی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە دایک ببێ، بۆیە کاربەدەستانی کورد بە نابەدڵییەکی زۆرەوە پێشنیازێکی نوێیان خستەڕوو کە وەک دەڵێن "نە شیش بسووتێ نە کەباب".
پێشنیازەکەیان ئەوەبوو کە سیستەمێکی فیدراڵی شاش و واش بکرێتە بەر ئەو عێراقە تازەیە، سیستمێک لەسەر بنەمای دوو نەتەوەی عەرەب و کورد، هەر یەکەیان لەناو سنووری جۆگرافی نیشتمانیی دیاریکراوی خۆیدا باڵادەست بێ. کورد ئەم چەند نموونەیان هێنایەوە یاد کە چەند میلـلەتێک بەتەبایی و بە ئاشتی پێکەوە بژین : کەنەدای فیدراڵ ، چێکۆسلۆڤاکیای جاران ، بەلژیکا و سویسرا کە هەموویان بە دوو یان زیاتر نەتەوە پێکەوە لەناو یەک نیشتماندا و هەر یەکە لەسەر خاکی مێژوویی خۆیدا بە خۆشی و برایانە دەژین. کوردیش دەیانەوێ پێکەوەژیانی ئەو نەتەوانە لەناو ئەم وڵاتە یەکگرتووەدا بە ویستی خۆت بێت نەک بە سەپاندن.
ئێستاکەش دەبێ وانە لە واقیعی نوێی ئەم عێراقە وەربگیرێت، دەبێ بزانرێت کە یەکەم دەوڵەتی عێراقی لەبەرئەوە شکستی هێنا چونکە لەسەر بناخەیەکی چەوت و ناواقیعی بنیادنرابوو، خودی عیراقییەکان خۆیان و کۆمەڵگەی جیهانیش دەبێ بزانن کە سەرلەنوێ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیکەی عێراقی هەر هەمان بەختە رەشەکەی پێشتری بە نسیب دەبێ ئەگەر گەلی کورد بە هەموو مافە نەتەوەییەکانی خۆی نەگات لەناویاندا مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆت بە دەستی خۆت و ئەمەش هەمووی بە روونی لەناو دەستوورێکی نوێی عێرقدا بچەسپێندرێت.
عیراق ، هەر لەگەڵ دامەزراندنیدا ، دەردی گرانی بێ دەرمانی کێشەی کوردەکەی بووە. هەر کێشەی کورد بوو لەپشت شەڕی ئێران - عێراق کە سەدام لە رێککەوتنی جەزائیردا لە ساڵی 1975دا هەندێ خاکی عێراقی بۆ ئێران بەجێهێشت بەرامبەر بەوەی کە شای ئێرانێ چیتر پشتی بزووتنەوە چەکدارییەکەی کوردی عیراق نەگرێ ; هەر کێشەی کورد بوو لە پشت شەڕی دووەمی ئێران - عێراق 1988 - 1980 ، کە سەدام هەستی کرد وڵاتەکەی بەهێزبووە و ئێرانی دوای رێژیمی شاهیش پشتیوانیی رۆژئاوای نەماوە و ویستی خاکە دۆڕاوەکانی لە ئێران بسەنێتەوە. هەر کێشەی کوردیش بوو کە بووە هۆی هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990 ، ئەوەش هەر پەیوەندی بە شەڕەکەی پێشتری ئێران - عێراقەوە بوو.
خولاسە: تاوەکو کورد ، نەک هەر لە عێراق ، بگرە لە هەموو بەشەکانی کوردستانە دابەشکراوەکەی بە مافی نەتەوەیی خۆی نەگات ، مەحاڵە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بارودۆخێکی سیاسی جێگیر بەخۆیەوە ببینێ.