لە گردی زەرگەتە دێتەخوارەوە؟

دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی مانگی ئابی ساڵی 2015ەوە بەتەواوی تێكپڕژاوە، دۆخەكە هێندە ئاڵۆزبووە مرۆڤی كوردی خستووە دۆخی بێ هیواییەكی واوە بینیمان ماوەیەك "بەجێهێشتنی كوردستان ئەركێكی ئەخلاقییە" بووبووە وێردی سەر زمانی زۆرێك لە گەنجەكان.

بۆ خراپبوونی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان باس لە دوو هۆكار دەكرا، روونتریش بێژم كاركتەرە كێشە دروستكەرەكان بۆ دوو بەرە دابەشكرابوون، بەرە و هۆكاری یەكەمیان بریتی بوون لە كۆی هێزە سیاسییەكان كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەشدارن لە خراپكردنی دۆخی سیاسی و بەرهەمهێنانی گەندەڵی و لە دوا قەیرانیشدا نابەرپرسیارانە رەفتاریان كرد، هۆكار و بەرەی دووەمیش بریتی بوون لە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان. 

بۆ خۆم لەگەڵ هەردوو بۆچوونەكەم، بەڵام بەشێوەیەكی تر، واتە كۆی هێزە سیاسییەكان لە بەرهەمهێنانی گەندەڵی و نادادپەروەری 20 ساڵی رابردوو بەشدارن، بەڵام لە دروستكردنی قەیرانی ئەمجارە، راستەوخۆ بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی بەرپرسیارن.

وا نزیكەی 8 مانگ بەسەر قەیرانەكە تێپەڕ دەبێت، كەچی هێشتا دۆخەكە خراپتر دەبێت و هیچیەكێك لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەستپێشخەرییەكی واقیعی بۆ چارەسەر ناخاتەڕوو.

ئێستا شەڕی داعش لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە، پارتی و گۆڕان بۆیان دەركەوت كە هیچ لایەكیان توانای تەحقیقكردنی ئامانجەكانی لەسەری ئەویتریان نییە، حزبەكانی تریش لایان روونبووەتەوە كە دۆخی لەم شێوەیە بۆ كەسیان باش نییە، نەوشیروان مستەفاش دوای سەفەرە حەوت مانگییەكەی كە بەبیانووی نەخۆشی كردبووی گەڕاوەتەوە كوردستان و زۆر هیوای لەسەر هەڵچنراوە و چاوەڕوانی زۆر شتیشی لێدەكرێت، چی بكات باشە؟

پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بەپێی ئەزموونە سیاسییەكان و هەندێك لە تێڕوانینە زانستییەكان دەستكەوتە مێژووییەكان ئەوە روونبووەتەوە كە دەستكەوتە مێژووییەكان زۆرجار بەرهەمی سەركردە و كەسە كارێزمییەكانن، راستە ئەوان بەهۆی خەڵكەوە كاریگەرن، بەڵام تێڕوانین و شێوازی بیركردنەوە و بڕیاری ئەوان ئاراستە سیاسییەكە بە باش یان خراپ دەگۆڕێت.

بیركردنەوەی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر ئاراستەی سیاسی لە شۆڕشی ئەیلوول، مام جەلال لەسەر شۆڕشی نوێ، نەوشیروان مستەفا لەسەر دەستكەوتی وەدەستهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر ئاراستەی سیاسی پەكەكە، راگرتنی باڵانسی ئێستای یەكێتی بەهۆی كۆسرەت رەسوڵەوە و دەیان نموونەی تریش هەن كە كاریگەریی كەسەكان بەدیار دەخەن.

بۆ چارەسەری ئەم دۆخە نەوشیروان مستەفا دەتوانێت چی بكات، راستە وەكو وتەبێژی رەسمی بزووتنەوەی گۆڕان وتی نەوشیروان مستەفا عەسای سیحری پێ نییە و تەنیا چارەسەر لای ئەو نییە، بەڵام خۆ دەبێت شتێك بكات لە ئاست ئەو هەموو چاوەڕوانییە بێت لێیكرا و دەكرێت.

باشترین كارێك كاك نەوشیروان بیكات ئەوەیە دەستپێشخەرییەكی واقیعی بخاتەڕوو، لەبری ئەوەی لە گردی زەرگەتە چاوەڕیی ئەوە بكات حزبە سیاسییەكان سەردانی بكەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بكات، خۆی سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای گۆڕان بكات و سەردانی پێنج حزبەكە و مەسعود بارزانیش بكات، پێویستە نەوشیروان مستەفا لەوە سڵ نەكاتەوە سەرزەنشت بكرێت و لەلایەن هەندێك كەسەوە وەكو سازشكار باسی لێوەبكرێت، بەڵكو پێویستە لە قورسی ئەركەكەی و گەورەیی بەرپرسیارێتی سەرشانی تێبگات و هەنگاوی كردەیی بنێت.

لەماوەی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان زۆر تابۆی شكاند، نەوشیروان مستەفاش بۆ خۆی مۆدێلێكی جیاواز و تایبەتە لە رێبەرایەتیكردنی ئەو تەوژمە سیاسی و فیكرییەی لەماوەی ژیانی سیاسی خۆیدا سەركردایەتی كردووە، ئەگەر بە دەستپێشخەرییەكی واقیعییەوە سەردانی حزبەكان بكات و لەكۆی گفتوگۆكان پرۆژەیەك بۆ چارەسەر بخاتەڕوو، ئەوكاتە خاڵی پرشنگداری تر بۆ مێژووی سیاسی خۆی تۆمار دەكات.

بەپێچەوانەی ئەمەشەوە ئەگەر كارەكان بداتە دەست لیژنە و وەفدی جڤاتی نیشتیمانی و خۆشی لە گردی زەرگەتە نەیەتە خوارەوە، ئەوا نە كاریگەرییەكەی هێندە دەبێت و نە شانازی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی كوردستانی پێ دەبڕێت و نە لە ئاست چاوەڕانییەكان دەبێت كە لێی كران و دەكرێن.