قەفەسی زێڕین
عێراق تیۆریی "قەفەسی زێڕین" بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت و هەنگاوەکانی ئەم تیۆرییەی دەست پێکردووە، هێدی هێدیش لە کۆتایی چنینی قەفەسەکە نزیک دەبێتەوە. کرۆکی تیۆرییەکە بریتییە لە رادەستکردنی ئازادی لە بەرامبەر ژیانێکی ئاسوودەتر یان سەقامگیرتر لە رووی ماددییەوە. چەمکەکە بە جۆرێک کار دەکات: مافی سەربەخۆیی و چارەی خۆنووسین و کۆنترۆڵی سامانە سروشتییەکانت لێ دەسێنێتەوە، لەگەڵ سنووردارکردنی ئازادیی سیاسی و کولتووری و نەبوونی سیاسەتی دەرەوە. لە بەرامبەر ئەوانەدا، مووچە و دامەزراندنت بۆ فەراهەم دەکات، بودجە و خزمەتگوزاریت پێ دەدات، سەقامگیریی ئابووریت بۆ دروست دەکات و لەگەڵ ئەمانەشدا ئیمتیازی تایبەتت پێ دەبەخشێت. لەسەر بنەمای ئەو تیۆرییە، وابەستەیی ئابووری دروستدەبێت و کار لەسەر کڕینی وەفاداری بۆ ناوەند دەکرێت. لە رووی راگەیاندنەوە، تاک بە جۆرێک پەروەردە دەکات کە ترسی لەدەستدانی ئیمتیاز و بەرژەوەندیی ئابووریی هەبێت. هاوکات، کار لەسەر لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و ئینتیما (سەرپێسپاردن) دەکات.
ئەوەی ئێستا بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، نموونەی راستەوڕاستی ئەم تیۆرییەیە. ئەمە پرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکو حکومەتی نوێی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە دەستی پێکردووە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە رووی دەستوورییەوە کیانێکی دانپێدانراوە و دەسەڵاتەکانی دیاری کراوە و مافی زۆری لەسەر کاخەز هەیە، بەڵام حکومەتی بەغدا بەردەوام کاری لەسەر لاوازکردنی کردووە. ئێستا هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر ئاسمان، سیاسەتی دەرەوە، سنوورەکان، دەروازە سنوورییەکان و کۆمەڵێک شتی دیکەدا نەماوە. بەغدا کار دەکات بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتی سامانە سرووشتییەکان، داهات، مووچە و خزمەتگوزاری، هەروەها لە داهاتووشدا پلانی دیکەی هەیە.
ئەگەر بەشێک لە قەفەسە زێڕینەکە بە پشکی 17٪ـی بودجە بشوبهێنین، دەبینین کاتێک هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرەو سەربەخۆییی ئابووری نا (وەک فرۆشتنی نەوت) و هەنگاوی سیاسیی نا (وەک گشتپرسی)، بەغدا راستەوخۆ دەستی بۆ زێڕەکە برد و بودجەی بڕی. ئەمەشی لەپێناو دروستکردنی گوشاری ناوخۆیی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، تاوەکو ناچاری بکات سازش بۆ بەغدا بکات و کار گەیشتە ئەو رادەیەی ئاسمانی بەسەردا دابخات و بەتەواوی ئابڵوقەی بخاتە سەر. ئەوەی ئێستا بەغدا دەیکات، کارکردنە بۆ تەواوکردنی قەفەسە زێڕینەکە. ئامانجی سەرەکیی بەغدا لاوازکردنی ئینتیمای نەتەوەیی و دروستکردنی بێمتمانەیی ناوخۆییە، کە تاڕادەیەکی باش کاری تێدا کردووە.
رەنگە ئەمە کارێکی ئاسایی بێت کە هەر وڵاتێکی سەردەست بەرامبەر نەتەوەیەکی ژێردەست بیکات، بەڵام ئەوەی گرفتەکە گەورەتر دەکات، کلۆربوونی قەدی نەتەوەکەیە، کە کرمەکەی لەناوخۆیدا بێت. هەندێک لایەنی ناوخۆیی کار لەسەر ئەم کلۆربوونە دەکەن، زێڕەکە دەخەنە بەرچاوی هەمووان و کار بۆ دەرخستنی بریقوباقی زێڕەکە دەکەن، نەک ئاشکراکردنی پەیام و مەترسییەکانی نێو قەفەسەکە.
زیاتر لە پێنج هەزار گرووپی ئیتنی و نەتەوەی جیاواز لە جیهاندا هەن. راستە هەموویان داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناکەن، بەڵام لانیکەم 40-50 نەتەوەیان هەوڵی بۆ دەدەن. جگە لە کورد، گەلانی وەک فەڵەستین، ئۆیگور، تبتییەکان، کەتەلۆنی و باسکییەکانیش کار بۆ بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆیی دەکەن. هیچ کام لەو نەتەوانە بە فراوانی کاریان بۆ دروستکردنی قەفەسی زێڕین بۆ خۆیان نەکردووە، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی کۆمەڵێک لەنێو کورددا سەرقاڵی دروستکردنی ئەم قەفەسەن؟