رێککەوتننامەیەکى ترى ستراتیژى پێویستە

دوو ساڵ زیاترە کە لێکۆڵینەوە و، خوێندنەوەى هەندێک لە شارەزایانى سیاسى، و نێودەوڵەتى لەسەر ئاستى جیهان، پێشبینى لەدایکبوونی قۆناغێکى تازە بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەن . ڕەنگ بێت بەهۆى پەرەسەندنى جموجۆلى تیرۆریستانى داعش لە هەردوو ووڵاتى سووریا و عێراق  ، و داگیرکردنى چەند شارو شارۆچکەیەک لە لایەن ئەو گرووپەوە لە چەند مانگى ڕابردوو، کە پروشکەکەى بەر کوردستانیش کەوتووە، یارییەکە ئاڵۆزتر و بینینى وێنەیەکى ڕۆشەنى بۆ  داهاتووى ناوچەکەى سەخت تر کردبێ، بەڵام ئەگەرى گۆڕانکارى هێشتا هەر بەهێزە.

کەواتە لەو کەشە ئاڵۆزە سیاسییەى کە ناوچەکە پێدا  تێدەپەڕێ، سەرکردایەتى سیاسى دەبێ چۆن  مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات، بە جۆرێک هەم پارێزگارى لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان  بکات، و هەمیش زۆرترین سوودى لە گۆڕانکاریەکان دەست بکەوێ؟
  گەلى کورد  بەدرێژاى مێژووى کۆن و نوێى خۆى، زۆر بە کەمى ڕۆڵێکى دیار و کاریگەرى لە هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە و وەرچەرخانەکاندا هەبووە. بە پێچەوانەوە هەمیشە وەک قوربانى و لایەنى بەش خوراو  دەرکەوتووە.  بەڵام  ئەمڕۆ  بە سەرمایەگوزارى کردنێکى عەقڵانى و زیرەکانە لە شەڕى داعش ، بۆ یەکەمجار لە مێژوو  دەتوانێ  ئەم ڕۆڵە پێچەوانە بکاتەوە ، و   گەلى کوردستان وەک یەکێک لە پاڵەوانەکانى  یاریەکە  خۆى نمایش بکات  ، بەڵام  ئایا ئەمە  چۆن دەکرێ ؟. 

 • یەکێک لەو خاڵە بەهێزانەى کە  هەرێمى کوردستان لەو پێشهاتەى ئێستادا  دەتوانێ سەرمایەگوزارى لەسەر بکات  ، ئەو هێڵە  سنووریە  دوورودرێژەیە کە  لەگەڵ چەکدارانى داعش دا  هەیەتى . لە هەمان کاتدا سەرکەوتنى  هێزى پێشمەرگەیە   لە بەرەنگار بوونەوەى  تیرۆریستانى داعش  و شکست پێ بهێنانى هێرشەکانیانە وەک تاکە هێزى فەرمى لەناوچەکەدا ، کە بۆتە هۆى ئەوەى ئەمڕۆکە پێشمەرگە  لەسەر ئاستى جیهان وەک پاڵەوان بناسرێت .  لە دیوێکى تردا وەک دەبینرێت جیهان لە خۆراگرى و توانایى هێزى سەربازى عێراق لە بەرامبەر داعشدا  تووشى نائومێدى بووە، و ترسیش لە هەڕەشەکانى ئەو گرووپە بۆ سەر ئاسایشى گەلانى جیهان،  وایکردووە کە زیاتر لە چل وڵات بە سەرپەرشتى ئەمەریکا هاوپەیمانیەتى   بۆ لێدان و لەناوبردنی داعش پێک بهێنن. بە لە بەرچاوگرتنى ئەو لایەنەش  کە هاوپەیمانانى جەنگى دژى تیرۆریستان،  جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە  هێزى سەربازى بۆ ئەو شەڕە ڕەوانە ناکەن ، و پشت بە هێزەناوخۆییەکانى عێراق و سوریا دەبەستن، و  تەنها بە ڕێگاى هێزى ئاسمانى و ناردنى شارەزاى سەربازى و چەک و تەقەمەنى  بەشدارى لەو شەڕەدا دەکەن، کە ئەمە جارێکى تر مەیدان و چانسێکى فراوان بۆ پێشمەرگە و کوردستان دەکاتەوە. 

 • خاڵى دووەمى بەهێزى هەرێمى کوردستان ، بوونى ئەزموونێکى تاڕادەیەک سەرکەوتووە لە خۆ بەڕێوەبردندا ، کە لایەنى  هەرە بەهێزى ئەو ئەزموونە دەستەبەر بوونى ئارامى و ئاسایش ، و پەرەسەندنى کەرتى بازرگانى و سەرمایەداریە ، هەروەها  سەرکەوتنى پرۆسەى دەرهێنانى نەوت  و دابینکردنى سووتەمەنى و کارەباى خۆماڵى یە،  کە سەربەخۆیى زیاترى بەو هەرێمە  بەخشیووە ، ئەمەو وێڕاى  ئەو پێگەو سومعە بەرزەى  هەرێمى کوردستان  لەسەر ئاستى نێودوڵەتى  لە مەڕ  مێژووى  دەوڵەمەندى   پێکەوە ژیانى  پێکهاتەکانى بە شێوەیەکى ئاشتیانە ، و ڕووتێکردنى زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و لێ قەوماو  کە  قوربانى نا جێگیرى و شەڕى  ناوچەکەن . 

 • کەچى گەورەترین  مەترسى و خاڵى لاوازى ئێمە لەو قۆناغەدا، کە هەڕەشە لە  داهاتووى ئەو میللەتە دەکات ، ناتەبایى و فرە هەڵوێستیی لایەنەسیاسییەکانە لەمەڕ چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەى کە لە چواردەورمان ڕوودەدەن و ، بچووک کردنەوەى پرسە نیشتیمانیەکانە لە چوارچێوەیەکى تەسکى حزبى و بەرژەوەندى کەسى و گرووپى دا. مەترسى دۆخەکە بەو ڕادەیەیە کە هەندێک لایەن هەوڵدەدەن شکستى سنوورێک بخەنە ئەستۆى لایەنى ڕکابەر و بازاڕى خۆیانى پێ گەرم بکەن. زۆربەى ڕاگەیاندنەکان  هەر بە نەفەسى سەردەمى هەڵبژاردن و بانگێشەکردن  بۆ هەڵبژاردن خەریکن ئاگرى ناکۆکى و ململانێى   نێوان لایەنەسیاسییەکان گەرمتر دەکەن. کەمن ئەو لایەنانەى کە توانیبێتیان  بەدوور لە چاوى  بەرژەوەندی حزبی خۆیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، کە وا پێدەچێت  هۆکارى سەرەکى ئەو دۆخە  بۆ  هێشتنەوەى دەسەڵاتە لاى خۆیان و ترسە لە لەدەستدانى لە خولەکانى داهاتووى حوکمڕانى دا.

بەڵام ئایا  لە خولى داهاتووى حوکمڕانى دا  چ کەسێک  و کام لایەنى  سیاسى دەسەڵات بگرێتە دەست ، ئەمە بۆ هاوڵاتیان بابەتە و جێگاى بایەخە ، و پێویستە شەڕى لەسەر بکرێت؟  یاخوود چارەنووسى هەرێمى کوردستان لەو دۆخەى ناوچەکە تێى کەوتووە؟  بە بۆچوونى من بۆ ئەوەى کۆتایى بەو ململانێ ناتەندروستە بهێنرێت و لە ئێستاوە فۆکسەکان هەمووى لەسەر چارەنووسى میللەت بێت نەک حزب و گرووپێک ، باشترین چارەسەر بەستنى پەیماننامە یا ڕێکەوتنامەیەکى نیشتیمانییە لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکانى کوردستان . ئەگەر ئەزموونى چەند ساڵەى ڕێککەوتن نامەى ستراتیژى نێوان پارتى و یەکێتى بهێنینەوە یاد، ئەوا دەبینین کە، کە هەرچەندە لەلایەن زۆر کەس و پارت و گرووپى سیاسیی ئەم ڕێکەوتن نامەیە ڕووبەڕووى ڕەخنەى  زۆر ببووەوە، تەنانەت هەندێک کەس و گرووپ بە هۆکارى پەکخستنى پرۆسەى دیموکراسى هەرێمى کوردستانیان دادەنا، بەڵام لە ڕاستیدا سوودێکى زۆرى بە پێشخستنى پرۆسەى ئارامى و پێشکەوتن و ئاوەدانى هەرێمى کوردستان گەیاند.

ئەو ڕێکەوتن نامەیە بووە  هۆى بەرقەرارکردنى  ئاشتى و ئارامى لە کوردستان کە بەهۆى شەڕى ناوەخۆ هەمیشە لەژێر هەڕەشە دابوو ، هەروەها دیاردەى دوو ئیدارەیى تاڕاددەیەکى باش کۆتایى پێ هێنا و، سنوورى نێوان شارەکانى کوردستانى لە ڕووى سیاسى و  ئیدارى و ئابووریەوە، بەڕووى یەکترىدا کردەوە. 

هەرێمى کوردستان لە قۆناغى ئێستاشدا  زیاتر  لە هەر ساتێکى تر  پێویستى بە تەبایى و یەک گووتارى ناوخۆیى هەیە. کە دەشێ ئەمە لە چوارچێوەى گرێ دانى ڕێکەوتنامەیەکى ستراتیژى هاوشێوەى ئەوەى نێوان  پارتى و یەکێتى بێتە دى . بەڵام  ئەمەیان لەسەر ئاستێکى فراوان تر ببەسترێ بە جۆرێک گشت پێکهاتە سیاسى و ئیتنى و ئاینیەکانى کوردستانیش  بگرێتەوە . ماوەى ئەو ڕێککەوتن نامەیە باشتر وایە بۆ ماوەى چوارساڵ تا هەشت ساڵ بێت، تاکو گشت لایەنە سیاسییەکان لەبرى ئەوەى ئەوەندەى  لە خەمى سەرکەوتنیان بن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو  و وزە و ئەنێرژیەکانیان سەرفى ململانێى ناوخۆیى و لاواز کردنى  یەکترى بکەن، تواناکان کۆ بکرێنەوە و بە یەکگرتووى  تەرکیز لەسەر ئیدارەدانى قەیرانى سیاسى و  دۆخى شەڕ لە ناوچەکەدا بکەن.