"ئەدەبیاتی کوردی وەکو مانگە لە پشتی هەورەوە"

غەسان حەمدان، وەرگێڕی ناسراوی عەرەب و یەکەم وەرگێڕی چەند رۆمانێکی بەختیار عەلی بۆ زمانی عەرەبی، دەڵێت ئەدەبیاتی کوردی وەکو مانگە کە لە پشت هەورەوە شاردراوەتەوە.
 
غەسان حەمدان کە شاعیرێکی ناسراوی عێراقییە، ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بووە. ئەو هاوکات نووسەر، وەرگێڕ، توێژەری مێژووە و نزیکەی 30 کتێبی وەرگێڕدراوی بۆ فارسی و بە پێچەوانەوە و لە نووسینی خۆی  لەو بوارانەدا هەیە.
 
سەبارەت بە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی کوردی، غەسان حەمدان بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی راگەیاند: لە ساڵی 1999 و دوای کۆچکردنم بۆ سووریا، ئەدەبنامەی ئەلمەدا کە تایبەت بوو بە بڵاوکراوەکانی مەدا لەوێ هەبوو، منیش بوومە هاوکاریان، لەوێ بوو کە ئاشناییم لەگەڵ نووسین و ئەدەبیاتی کوردی پەیدا کرد، یەکەمین کەسیش فەرهاد پیرباڵ بوو کە چیرۆکە بەناوبانگەکەی پەتاتەخۆرەکان لەسەر داوای ڕۆماننووسی بەناوبانگی فارس ئەحمەد مەحموود کە پەیوەندیمان هەبوو لەگەڵ یەک، وەرمانگێڕایە سەر زمانی فارسی، تا ساڵی 2004  یەکێک بووم لە هاوکارانی بڵاوکراوەی مەدا، کارم لەسەر چەند کتێبێکی گرنگ کرد، یەکێک لەوانە کتێبێک بوو بەناوی (پوختەی مێژووی کورد و کوردستان) لە نووسینی محەممەد ئەمین زەکی کە محەممەد عەلی عەونی وەریگێڕابوو، ئەو کتێبە کلیلێکی باشە بۆ ناسینی مێژووی هۆز و تیرە و کەسایەتییە کوردەکان.
غەسان دەڵێت: "بەڵام پێش ئەوەش دۆستایەتیم لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کوردی ئێرانی ئیبراهیم یونسی پەیدا کردبوو، کەسێکی نەرمونیان بوو، زۆر جار رۆمانە دەگمەن و بێوێنەکانی دەدامێ بۆ ئەوەی شارەزا بم، دەمخوێندنەوە و دوایی بۆم دەگەڕاندەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە کارەکانی بە هۆی سانسۆرەوە نەتوانرا چاپی تری لێ بڵاو بکرێتەوە. وەرگێڕی ناسراو محەممەد قازیشم دەناسی، هەروەها شێرکۆ بێکەس و شیعرەکانی کە هیچ کەسێکی خوێنەر نییە نەیخوێندبێتنەوە، شێرکۆ کێوێکی دامەزراوی ئەدەبیاتی کوردستانە کە بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە".
 
لە ماوەی ڕابردوودا ئەو وەرگێڕە رۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی کردە عەرەبی و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، وەک خۆی دەڵێت لەسەر وەرگێڕانی کارەکانی ئەو نووسەرە کوردە بەردەوام دەبێت.
 
ئەو گوتی: "دواهەمین هەناری دونیا ناودارترین ئیشی بەختیارە، ویستم خوێنەرە عەرەبەکان راستەوخۆ بە دونیابینی و روئیای تایبەتی بەختیار ئاشنا بکەم، هەڵبەتە دوای وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بڵاوکارم هاندا بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانی تری بەختیار. دیارە دوو رۆمانی تریشی لەلایەن چەند وەرگێڕێکی ترەوە وەرگێڕدراون، بەهەرحاڵ من زۆر خۆشحاڵم کە لەم بوارەدا دەستپێشخەریم کردووە و بوومە هۆکاری دروستکردنی پردێک لە نێوان خوێنەرە عەرەبەکان و ئەدەبیاتی کوردی".
 
غەسان حەمدان گوتیشی: "مادام بەختیار عەلی هێشتا قسەی ماوە بۆ گوتن، بەنیازم چەند کارێکی تریشی بۆ خوێنەرە عەرەبەکان وەربگێڕم، لە بنەڕەتدا ئەدەبیاتی کوردی فراوانترە لە یەک یان چەند نووسەرێک، رۆماننووسی تریش هەن وەک شێرزاد حەسەن و جەبار جەمال غەریب و هیوا قادر و چەندانی تر کە زۆر جوان دەنووسن و کەمتر نین لە نووسەرە عەرەبەکان، هەر بەو جۆرەی کە پێشتریش باسمکرد، مەبەستی من درووستکردنی پردێکە و نزیککردنەوەی میللەتانی ناوچەکەیە لەڕێی ئەدەبیاتەوە، چونکە ناوچەکە بە داخەوە بە هۆی سیاسییەکانەوە لە یەکتری دوورکەوتوونەتەوە، ئەدەبیاتی کورد ساڵانێکە وەکو مانگ لە پشتی هەورەکانەوە شاردراوەتەوە و دەبێت بدرەوشێتەوە".