رەگەزپەرستی و چەند بۆچوونێکی زانستی

ئەندامبوون لە هەر خێل و تیرە و نەژادێک، هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە، لە رێکەوتێکی جوگرافی زیاتر هیچی دیکە نییە، باوک و دایکمان لێرە یەکتریان ناسیوە و ئیتر بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا بگەرێیەوە هەر وابووە، هەر لەبەر ئەمەشە خێڵ و گەلەکان (کە درێژکراوە و ڤێرژنی فراوانی سیستەمی خێڵەکییە) دابەشبوونی جوگرافیای روونی هەیە، بۆ نموونە سەیری سعودیە بکەیت لەسەر نەخشە، یەکسەر دەزانی کە ئەو خەڵکانەی لەم ناوچەیە دەژین عەرەبن و موسڵمانن.
 
هەر تاکێک لە مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە شانازی بە خۆیانەوە بکەن، بەو کارە باشانەی  ئەنجامیان داوە و پێشکێشی مرۆڤایەتییان کردووە، بەڵام، لەڕووی لۆژیکییەوە، گونجاو نیە شانازی بە کار و کردەوەی باپیرانیان بکەن کە هەر نەیانبینیون، چونکە ئەوان کەسانی دیکە بوون و ئێستا ئێسکیشیان نەماوە، سەرەڕای ئەوەی ئەندامبوونت لە گەلێک بە ویستی خۆت نەبووە، هەروەک باسم کرد، رێکەوتێکی جوگرافی بووە، کە دەرئەنجامی چەندین فاکتەری کولتووری و سیاسی و ژینگەییە.
 
لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست، مرۆڤەکان زۆر خەریکی ئەو کێشانەن کە هۆکاری درووستبونیان رەگەزپەرستیە، زۆربەی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەگەزپەرەستن، بە جۆرێک کە هەندێکیان حەز بە لە ناوبردن و قڕکردنی نەتەوەی دیکە دەکەن، بۆ نموونە، هەندێک لە تورکەکان ( هەروەک لە چەندین ڤیدیۆی سۆشیال میدیا دەردەکەوێ) حەز دەکەن کورد لە ناو ببەن، ئەوەی راستی بێ لە چەندین شوێنی جیهان هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، بۆ نموونە وەک ئەو هەستیاری و رەگەزپەرستییەی لە نێو ژاپۆنییەکان هەیە بەرامبەر بە چینییەکان، بە هەمان شێوە، چینییەکان رقیان لە ژاپۆنییەکانە، یان نمونەی ڤێتنامی و کەمبۆدییەکان، بە هەمان شێوە، رقیان لە یەکدییە، یاخود نموونەی دیاری نازیەکانی ئەڵمانیا و لەناوبردنی جووەکان لە جەنگی جیهانی دووەم. رەگی ئەو رەگەزپەرستییە لە سەرتاسەری جیهان، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، هۆکارەکانی زانستی و مێژوویی و سیاسی، گرینگترینیانن.
 
لە رووی مێژوویەوە، جارێد دایمۆند، زانا و لێکۆڵەری ئەمریکی، باس لەوە دەکا کە هەزار و 100 ساڵ پێش ئێستا، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی کشتووکاڵ، مرۆڤەکان بە شێوەی کۆمەڵ دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە، کۆمەڵگەکان لە سەرەتادا ژمارەیان نزیکەی 10 کەس دەبوو، هۆکاری درووستبوونی ئەو کۆمەڵانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کشتووکاڵ پێوستی بە کارکردنی هەورەوەزیە، هەر لەگەڵ درووستبونی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی، ژمارەی مرۆڤەکان رووی لە زیادی کرد بە هۆی بەردەستبوونی خۆراکەوە، هەوەها مرۆڤەکان درکیان بەوە کرد کە پێوستیان بە بەرگریکردن هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کشتوکاڵییەکانیان دژی ئەو مرۆڤانەی کە سەر بە گرووپەکەیان نین، ئیتر بەم شێوەیە، چەکی زیاتریان پێویست بوو و وای کرد کە داهێنان بکەن لە دروستکردنی چەکی پێشکەوتووتر، دواتر سەرکردەیان بۆ خۆیان دانا کە دەبوو بەشێک لە بەرووبومەکانیانی پێ ببەخشن، بەم شێوەیە خێڵ و تیرە و نیشتیمان دروست بوو، هەر لەسەرەتاوە، ئەو مرۆڤانەی سەر بە هەمان گرووپ نەبوون، وەک دووژمن سەیریان دەکرا، خودی بابەتی بوونی مرۆڤی دیکە لە دەرەوەی هەمان گرووپ سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و ترس بوو بۆ گرووپەکان، هەروەک ئێستاش هەمان شت تێبینی دەکەین، خەڵک پێان خۆشە هەموو مرۆڤێک سەر بە رەچەڵەک و نەژادی ئەو بێ، هەروەها هەموو پەیڕەوانی ئایینێک (کە بە هەر شێوەیەک بێت مرۆڤەکان لە شێوەی گرووپی ئایینی دابەش بوون) حەز بەوە دەکەن هەموو مرۆڤایەتی سەر بە هەمان ئایینی ئەوان بن، بە هەمان شێوە، هەموو تاکێکی حیزبێکی سیاسی حەز دەکات هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ئەندامی حیزبی ئەو بن بێ ئەوەی لە بنەڕەتدا هۆکارەکەی بزانێ، هەروەک لە رۆمانی (حیزبی کەرامەت و حیزبی سەلامەت)ی عەزیز نەسین زۆر بە جوانی وێنە کراوە.
 
ئەگەر کورد وەک نموونەیەکی سیاسی و  زانستی وەربگرین، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە ململانێ نەژادییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، توێژینەوە جینییەکانی (پرۆژەی جینی عیراقی) دەریانخستووە کە کوردەکان لە کۆنترین گەلانی ئەم ناوچەیەن، توێژینەوەکان دەریدەخەن زۆربەی هەرەزۆری جینی کوردەکانی عێراق پاکە و بۆ هەردوو رەچەلەکی J1  و J2  دەگەڕێتەوە، بە پێچەوانەی ئەنجامی دەرخستراوی رەچەلەکی گەلێکی دیکەی ئەم ناوچەیە، کە دەرکەوتووە تیكەڵەیەکی قەوقازی و ئەنادۆڵییە، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کورد لە کۆنترین میللەتانی ئەو ناوچەیەن، بەڵام، ئایا ئەوە ئەمە دەگەیەنێ کە ئێمە لە خەڵکی دیکە باشترین؟ نەخێر، تەنیا ئەوە دەگەیێنێ ئێمە لە پێشتر، بە بەراورد بە خەڵکی دیکە، لەسەر ئەم خاکە ژیاوین، هاتنی گەلانی دیکە لە سەردەمانی زوودا بۆ ئەو ناوچەیەی کورد لێی نیشتەجێبووە پێشتر هۆکاری سەرەکی رق لێبوونەوە و رەگەزپەرستییە و بووەتە هۆی ململانێیەکی زۆر و دوور و درێژی میژوویی لەسەر بابەتی زەوی لە ناوچەکەدا، ئەوەیان هەر زانیاری میژوویی نییە، ئەنجامی پیکهاتەی جینی کورد ئەوەمان بە ئاشکرا بۆ دەردەخا، کە رەگەکەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
لەڕووی بایلۆژییەوە، مێشکی مرۆڤ، کە سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانی مرۆڤە، بەرپرسە لە کاردانەوەکانی رەگەزپەرستی، چەندین بەشی مێشک بەرپرسە لەو هەستە، بەڵام لە هەموویان گرینگتر ئەو بەشەی مێشکە کە بە ئەمیگدالا  Amygdala دەناسرێ، ئەمیگدالا سەنتەری ترسە لە مێشک، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کاتێک زانیاری لە رێگەی هەستەکانمانەوە دەگاتە مێشک، سەرەتا دەچێتە ئەو بەشانەی بەرپرسن لە هەست و سۆز لە نێویشیدا ترس، دواتر دەگاتە سەنتەری لۆژیک و بیرکردنەوە (فرۆنتال کۆرتێکس) لە کاتێکی درەنگتر، هەر بۆیەش مرۆڤەکان زۆربەی هەرە زۆریان بریارەکانیان سەرچاوەکەی هەست و سۆزە نەوەک لۆژیک.
 
لەبەر ئەوەی ئەمیگدالا یاریزانی سەرەکییە لە کاردانەوەی رەگەزپەرستی، بابەتی رەگەزپەرستی لۆژیکی تێدا نیە، رەنگە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا باش بووبێ و سیفەتێکی سوودبەخش بووە بۆ مانەوەی مرۆڤەکان لەڕێگەی جووڵاندنی هەستکردن بە ترس کە ئەنجامەکەی بەرگریکردن لە خاک بووە، کە لە دەرئەنجامدا بریتی بووە لە بەرگریکردن لە قووت، سوودی ئەو هەستە بۆ ئەو خەڵکانەی ئەو سەردەمەش دەگونجێ کە لەو ناوچانەی جیهان دەژین کە تاوەکو ئێستا بابەتی کێشەی سنووریان یەکلایی نەکردووەتەوە،  بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو وەک ئەمریکا و کەنەدا هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و هیچ سوودێکی نییە بۆ مانەوە.
 
پرسیارێکی دیکە کە رەنگە بە خەیاڵمان تێپەڕیبێ، ئایا گرووپی مرۆڤەکان لەڕووی توانای مێشكیانەوە، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان هەیە؟ کەسیان لە کەسیان باشترن؟ یاخود با بڵێن هیچ پێکهاتەیەکی یاخود بەشێكی مێشكیان لە یەکتر جیاوازە کە هۆکار بێت بۆ ئەوەی گرووپێک شانازی بە خۆیەوە بکا؟ زانست دەڵێ نەخێر، تەنانەت مێشکی زانای بەناوبانگی ئەڵمانی ئەلبێرت ئەنیشتاین، دوای دیراسەکردنێکی چڕ، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ مێشکی مرۆڤێکی ئاسایی نیشان نەداوە. 
 
مرۆڤەکان هەموویان یەکسانن لەڕووی زانستی و ئایینی و لۆژیکەوە، ئەگەر کەسێک لە کەسێکی دیکە باشتر بێت، تەنیا بە هۆی ئەو خزمەتانەیە کە پێشکەشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یاخود سرووشتی کردووە، نەک بە هۆی ئەو چیرۆک و داستانە خەیاڵییانەی گوایا باپیرە گەورەکانمان ئەنجامیان داوە، نووسەری ناوداری ئیسرائیلی (یوڤال نوح هەراری) باسی ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان لەسەر بەرگریکردن لە چیرۆکی باب و باپیرانیان شەڕ دەکەن نەوەک لەسەر کێشەی راستەقینە، چونکە ئێستا سەردەم گۆڕاوە و زەوی و خواردن بەشی هەموومان دەکات، بەڵام شەڕەکان بەردەوامن بە هۆکاری دابینکردنی زەوی و سەرچاوەی زیاتر بۆ گەلێکی دیاریکراو لە حیسابی خەلک و سەرچاوەی گەلانی دیکە، لە کاتێکدا سەرچاوەکان و ئەو خاکەی هەیە، بەشی هەموومان بە زیادەوە دەکات.