هەرێمی کوردستان لەدوای بڕیاری دادگەکەی پاریس

 
هەرێمی کوردستان لەدوای بڕیاری دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس جیاوازە لە پێش بڕیارەکە، رووبەڕووی بەرەنگاریی زۆر دەبێتەوە، پێویستە لەسەر هەموو پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی و هەموو گەلی کوردستان یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قوناخە، چونکە هەر مەترسییەک بێتە سەر کوردستان، هەموو خەڵکی کوردستان زەرەرمەند دەبن.
 
بەڵام جێگەی سەرسوڕمان و داخە، کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەمڕۆ نەک هاوکاریی پارتی ناکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە، بەڵکو زۆر بەوە دڵخوشن و پارتییان بە تەنیا جێهێشتووە رووبەڕووی ئەم هەموو ئاڵنگارییانە ببێتەوە، پارتی لە مێژووی خۆیدا چ جارێک لە بەرپرسیارێتی راینەکردووە و ئەمجارەش راناکات.
 
لەم گوتارەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو گرفتانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کوردستان بەو شێوەیە لاواز ببێت و پشتگیریی نێودەوڵەتی لەدەستبدات، هەروەها ئەو چارەسەرانەی وا دەکەن هەرێمی کوردستان بتوانێت جارێکی دیکە پشتگیریی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێتەوە و بەهێزبێتەوە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە دژی هەرێمی کوردستان گوشاری جیددین و دۆستانمان بەڕاستی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەو هەنگاوانە دەکەن و پێمان دەڵێن: ئەگەر ئێوە بەو شێوەیە بەردەوام بن، ئێمە واز لە ئێوە دەهێنین و دەکەونە ژێر رەحمەتی عێراق و لە کۆتاییدا عێراقیش لەناوتان دەبات. ئەو هۆکارانەی ئەم دۆخەیان دروستکردووە، ئەمانەن:
 
یەکەم: دواخستنی هەڵبژاردن، کە هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو، هەرگیز نەدەبوو پارتی رازیبێت، لە بەرئەوەی یەکێتی ئامادە نەبوو بیکات! ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ تووڕەکردنی دۆستانمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەزموونی کوردستانی خستە ژێر پرسیارێکی گەورە و رکابەرانی پارتی و بەتایبەتیش یەکێتی زۆر سوودیان لێوەرگرت بۆ شکاندنی پارتی. وەکو ئەوەی کە خوای گەورە لەسەر زاری شەیتان بۆمان دەگێڕیتەوە و دەڵێت (مثلە کمثل الشیطان اذ قال للانسان اکفر فلما کفر قال انی برئ منک انی اخاف اللە رب العالمین). یەکێتی خۆی زۆر هەوڵی دا پارتی رازی بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، دوای ئەوەی پارتی رازیبوو، هات لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیان بە خەڵکی کوردستان گوت، کە پارتی رێگر بوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
 
دووەم: کێشە نێوخۆییەکان. کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بووە هوکارێکی سەرەکی بۆ دروستبوونی کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی.
 
سێیەم: چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە. هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکەن، لەگەڵ ئەو هەموو هاوکارییانەی کە لەلای هاوپەیمانان پێشکێش دەکرێت.
 
چوارەم: پێشێلکاریی ئازادییەکان. ئێمە دەزانین کە کوردستان لەو رووەوە زۆر بەرەو پێش چووە و ئەگەر بێن بەراوردێک بکەین بە دەوروبەرمان بەدەر لە ئیسرائیل، ئێمە لە هەمووان باشترین؛ بەڵام دۆستانمان چاوەڕوانییان زۆر زیاترە لە ئێمە. ئاخر چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێت کاتێک دێی ئۆفیسی کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆن دادەخەیت، یان پەیامنێریان دەستبەسەر دەکەیت!؟ خۆ ئێستا وەکو جاران نییە! ئێستا ئێمە لە سەردەمی جیهانگەراییدا دەژین، دونیا نەک گوندێکی گەورەیە هەر وەکو جاران دەیانگوت، بەڵکو ئێستا جیهان هەر هەمووی لە گیرفانتدایە. هەر کەسێک کەناڵی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت لە ماڵەوە پەیوەندی بە هەموو جیهان بکات و بۆچوونی خۆی بەبێ سانسۆر دەرببڕێت، بۆیە ئەم هەنگاوانە تەنها ناوبانگی کوردستان لەکەدار دەکات و دژەپارتییەکان سوودی لێ وەردەگرن و بەکاری دەهێنن بۆ لێدانی کوردستان لە دەرەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ئازادییەکان لە کوردستان بکەوێتە ژێر پرسیار. بۆیە بە بۆچوونی من ئەگەر بمانەوێت قەوارەی کوردستان بپارێزین، چارەسەری ئەو خاڵانە بکەین، بە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان کوردستان دەچێتە قوناخێکی دیکە و دەبینەوە جێگەی رێز لە لای دۆستانمان و ئەمریکا و ئەوروپا بە جیددی پشتگیریمان لێدەکەن. ئەوکات بە توویتێک یان لێدوانێک کێشەکان چارەسەر دەبن و عێراق ناچار دەکەن کە رێز لە ئیرادەی میللـەتی کورد بگرێت.
 
بەهێزبوونی عێراق هۆی چییە ئێستا؟! بێگومان لە لاوازبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتییە بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەدوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جیددی بگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
 
یەکەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراو و بەبێ دواکەوتن.
 
دووەم: چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆیی، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە یەکێتی بە رێسای ئەگەر یاری نەکەم یاریگە خراپ دەکەم کار دەکات، بۆیە ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن یاریگە خراپ بکەن، ئەویش کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەیوەندیکردن بە بەغدا، کە بەغدا راستەوخۆ پەیوەندیی بە سلێمانییەوە بکات و بێ گەڕانەوە بو هەولێر، راستەوخۆ بودجە و مووچە لە بەغداوە بۆ سلێمانی بنێرێت. عەرەب دەڵێن (لا تنافس رجلا لیس لدیە ما یخسر).
 
بەڵام پارتی خاوەنی کوردستانە و خەڵکەکەی زۆر ئومێدی بە پارتی و سەرۆک بارزانییە، بۆیە پێویستە پارتی ئەم خاڵە رەچاو بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی و بە ژیرانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەو قۆناخەدا.
 
سێیەم: بەردەوامبوون لە چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو خاڵە یەکێکە لە هۆکارەکان کە هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ناڕازین و پێویستە هەنگاوەکان خێراتر بکرێن بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.
 
چوارەم: رێزلێنانی زیاتر لە ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان و دانانی سنوورێک بۆ هەندێک پێشێلکاری لە دژی رۆژنامەنووسان لێرە و لەوێ، چونکە بێسوودن و هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە تەنها خزمەتی ناحەزانی پارتی دەکات و دەبنە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە. هەرچەندە زۆربەی ئەو دۆسیانە بەلاڕێدا براون و بەو شێوەیە نین کە باسی لێ دەکرێت، بەڵام دیسان پێویستە پارتی زۆر بە وشیاری هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات، تاوەکو ناحەزانی پارتی سوودی لێنەبینن و بەکارینەهێنن بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان.
 
با لەبیرمان بێت کە تەنها فاکتەر بووە هۆکاری مانەوەی ئیسرائیل لە ناوچەیەک، کە هەموو دژی بوون و خاکی عەرەب و موسڵمانانی داگیر کردووە، بەڵام چونکە رێز لە (دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین) دەگرێت، بەو کارە رۆژئاوا ناچار دەکەن بەرگری لێبکەن و بیانپارێزن. بەڵام ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و مافی رەوای خۆمانە بە ئازادی بژین وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو پێویست رێز لەو بەهایانە ناگرین و لە رابردوویەکی نزیک بۆمان ئاشکرا بووە، کە هەر کاتێک رێز لەو بەهایانە بگرین ئەوان بەهانامان دێن و دەمانپارێزن و باشترین نموونە شەڕی داعشە، کاتێک داعش نزیکی هەولێر بوون، بەڵام ئەوان نەیانهێشت نزیکی ئێمە بن و پشتگیرییان لێکردین، بۆیە پێویستە ئێمە لە کوردستان زیاتر گرنگی بەو بەهایانە بدەین، تاوەکو رۆژئاوا زیاتر پشگیریمان بکات و بمانپارێزیت لە نەیارەکانمان. لەڕاستیدا پارتی زۆر دوور نییە لەو بەهایانە و باوەڕی پێیەتی و کارێکی زۆری کردووە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی ئەو بەهایانە و هەموو جار هەوڵی ئەوە دەدات، کە زیاتر پەرەی پێبدات، بەڵام پێویستە ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەندێک لە دۆسیەکانی لەو بابەتە بکات، تاوەکو نەبنە هۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و بیانوو دروست نەکەین ئۆپۆزیسیۆن بە بەرژەوەندیی خۆی بیقۆزێتەوە.
 
لەدوای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بە هەرێمی کوردستانە، بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت بەشێک لە وزە بۆ ئەوروپا دابین بکات، بەڵام ئەگەر ئێمە پابەندی بەهاکانیان نەبین، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ئەو کارە بکەن. لە هەمان کاتدا با ئێمە زۆر لەخۆبایی نەبین، چونکە ئەوان دەستبەرداری گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و گاز بوون لە جیهان، وەکو رووسیا و ئێران، لەبەر ئەوەی ئەوان پابەندی ئەو بەهایانە نەبوون. بۆیە پێویستە ئێمە واقیع وەکو خۆی بخوێنینەوە، تاوەکو بتوانین سەرکەوتوو بین لە سیاسەتەکانمان.
 
بۆیە هیچ بژارەیەکمان لەدەستدا نییە، تەنها و تەنها رێزلێنان لە بەهاکانی رۆژئاوا و پشتگیری لێکردنە، تاوەکو ئەوانیش بمانپارێزن و بە ئارامی و ئازادی لەسەر خاکی خۆمان بژین.