بارزانی – باشترین سەرکردە کە کوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی
رێبەند رەزا*
لەو ماوەیەی کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق بوو، کۆمەڵێک چاکسازی و ریفۆرمی گرنگی فێمینیستی کرد، ئەوەش لە رێگەی کۆکردنەوە و یەکخستنی سەرکردە موسڵمان، هەروەها سەرکردە سیاسییەکانی بەرەی راست و بەرەی چەپ و لەنێویاندا فێمێنیستەکان، ئێزدییەکان، کریستیانەکان، رێبەند رەزا وای نووسیوە.
لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ دا، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو. سەرکردە جیهانییەکان، سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکان، هەروەها نوێنەرایەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتی ئەورووپا، نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوی ناتۆ و بارزگانی جیهانی بەشداریان تێدا کرد و، لەو کۆنفرانسە ئەمنییەدا پێکەوە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان کرد.
لە کۆبوونەوەی ئەم ساڵ دا بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا درا، هەروەها باس لە دۆخی ئاسایشی گشتی ئەورووپا کرا، لەگەڵ ئەوەش دا بابەتەکانی وەک تەکنەلۆژیا و کارەساتە پەیوەندیدارەکان بە کەشوهەوا، بوونە باس و خواسی کۆبوونەوەکان.
لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان دا، شتێکی چاوەڕواننەکراو روویدا کاتێک نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لەوکاتەدا کە دەبووایە بەرەو فڕۆکەخانە بڕوات، بەبێ ئاگادارکردنەوە، خۆی کرد بە یەکێک لە کۆبوونەوەکان دا، بۆ ئەوەی سڵاو لە "پیاوێکی گەورە" بکات، وەک خۆی گوتی.
ئەو "پیاوە گەورەیە" ی کە ئەو باسی لێوەکرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان بوو کە لەوکات دا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان لە کۆبوونەوەدا بوو.سەبارەت هەبوونی ئەمریکا لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی رێزی سەرکردەکانی ئەمریکا و سەرکردە جیهانییە رۆژئاواییەکانی دیکەی بۆخۆی بەدەستخستووە. سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی لە پرۆسەی ئاشتی و هەروەها یەکخستنی کوردستان وەک نەتەوەیەک، ئارزەومەندییە جیهانییەکانی بۆخۆی کەمەندگیر کردووە، هەربۆیە ئەو دەنگانە دەبیسترێن بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی بە نێچیرڤان بارزانی.
لەکاتی ناکۆییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و کوردستان لە ساڵی 2017، نێچیرڤان بارزانی دژی شەڕ بوو، لەبەرانبەردا داوای چارەسەری بۆ کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆوە دەکرد. لەو پەیوەندییەدا وەزراەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی کرد.
من وەک ژنێکی کورد، ناتوانم لەگەڵ نانسی پیلۆسی دا هاوڕانەبم، کە بەڕاستی بارزانی پیاوێکی گەورەیە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تەنیا لەسەر بنەمای ئەو شتانە نا کە لەسەرەوە باسم کردن. بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتەی کە لە بەرژوەندی ژنانی کورد و کەمینەکان دا پیادە و پەیڕەوی دەکات، هەرئەمەیشە وایکردووە نێچیرڤان بارزانی ببێتە ئەو سەرکردە دیار و بەرهەمدارەی کە کوردستانی عێراق بەخۆیەوە بینیویەتی.
سەختە بتوانیت نۆرمێکی جێندەری قاڵبدراوی چیمەنتۆ ئاسا بشکێنیت، دیارە لەکاتی شەڕ و ناکۆکییەکان دا، ژنان زیاتر دەکەونە بەر شاڵاوی چەوساندنەوە و تووندوتیژی. چەندین دەیەیە کورد بەرگەی ئەو هەموو شەڕە یەک لەدوای یەکانەیان گرتووە و تاڵاو و ئازاری ژێردەستی رژێمە دیکتاتۆرەکانیان چەشتووە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 کورد لە عێراق دەسەڵاتێکی دیموکراتیانەیان پێکەوەناوە. بەداخەوە رەوشی ژنان و کچان پێ بەپێی پێشکەوتنە دیموکراتییەکان نەگۆڕاوە.
هەمیشە ژنانی کورد لەژێردەستی چەوسانەوەی پیاوسالاریدا ژیاون، جا لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بێت یان لەدەرەوە لەنێو کۆمەڵگەدا. شەرەفی خێزان بەردەوام بارێکی گران و نادادپەروەرانە بووە بەسەر شانی ژنان و کچانی کوردەوە، بۆ پیاوان مافێکی رەوابووە تووندوتیژی بەرانبەر ژنان بەکاربێنن و تەنانەت بۆ "کڕینەوەی شەرەفی خێزانەکانیان" لە کوشتن سڵ نەکەنەوە. قەدر و قیمەتی ژنان کەمتربووە لە پیاوان. رێگەیان پێنەداروە بچنە بەر خوێندن، ئەمەش هۆکارێک بووە کە سەرئەنجام لەلایەنی ئابوورییەوە چاو لەدەستی پیاوان بن و نەتوانن ئازادییەکانیان فەراهەم و ئەزموون بکەن. هەروەها سنووردارکردنی ژیانی گشتی و رۆژانە، بۆ نموونە ناچارکردنی ژنان بە لەبەرکردنی ئەو جۆرە جلانەی کە پیاوان پێیان خۆشە و پێیان وایە شەرەفی تێدا پارێزارەوە. هەر لە منداڵییەوە کچانی کورد فێری ئەوە دەکرێن کە لە ترسی هاوسەرگیری دا بژین، هەڵەیەک بکەن و رووبەڕووی تووندوتیژی ببنەوە.
ئەم زووڵمکردن و سنووردارکردنە لەسەر ژنانی کورد تەنانەت لە سەرەتای ساڵانی گەشەکردنی دەسەڵاتی دیموکراسیش دا درێژەیان هەبوو.
یاسا ئەوەی سەلماندووە کە گرنگترین ئامارازە بۆ گۆڕان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دا. ئەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیران بوو، پێش ئەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم کوردستان وەربگرێت، دەستی بە ریفۆرم و چاکسازییە گرنگە فێمێنیستییەکان کرد، ئەوەش لە رێگەی کۆکردنەوە و یەکخستنی سەرکردە موسڵمانەکان لەلایەک و سەرکردەکانی بەرەی راست و بەرەی چەپ لەلایەکی دیکەوە، لە نێویاندا فێمێنیستەکان، ئێزدیەکان و کریستیانەکان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دەستووری عێراق سنووری داناوە، ئاخر کوردستانی عێراق سەرەڕای سەربەخۆییەکەی، هێشتا ملکەچی یاساکانی عێراقە.
چاکسازییەکان، ژیانی ژنانی گۆڕیوە و سەربەخۆیی زیاتر و مەودای خۆبژێویی و ئازادی بۆ رەخساندوون، فرەژنی بەبێ رەزامەندی ژن خۆی بە تاوان حیساب دەکرێت، ئینیستیتوتێک بۆ توێژینەوەی جێندەری دامەزراوە، لەهەموویشی گرنگتر سزای ئەو پیاوانەی کە تووندوتیژی دژی ژنان دەکەن یان بەبیانووی کڕینەوەی شەرەف ژن دەکوژن قورستر کراوە، هەروەها دەرفەت بۆ ژنان رەخسێنراوە کە کارگەی خۆیان بخەنەگەڕ.
ئەوە ئەو گۆڕانکاریانەن کە ژنانی کورد چەندین دەیەیە خەوی پێوە دەبینن و ئێستا هاتوونەتەدی. ئەوەش نیشانەیەکە بۆ ئازادی ژنان نەک تەنیا بۆ ژنانی کوردستانی عێراق بەڵکو بۆ ژنانی کورد لە هەموو جیهان دا. بەڵام دەکرێت ئەم پێشکەوتنانە وردوخاش بکرێن ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەبێت بەرگریان لێبکات و بیانپارێزێت. لە ساڵی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای رەزامەندی ژنی بۆ هێنانی ژنی دیکە لەلایەن مێردەکەیەوە دەرکرد، ئەمەش پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراقە. هەروەها بڕیاری قەدەخەکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر جێندەر، نووسین و وتاردان و سەمینار درا، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی گفتوگۆکان لەسەر جێندەر کۆمەڵگە ژەهراوی دەکات و دژی بنەما ئاینییەکانە.
دیدگا و سەرکردایەتیی نێچیرڤان بارزانی بە قازانجی کوردستانی عێراقە بەتایبەتی لەرێگەی بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و کچان و گرووپە کەمینەکان.
پێلۆسی راستی گوتووە کە دەڵێت، ئەو پیاوێکی گەورەیە.
* ئەم وتارە بە زمانی سوێدی لە گۆڤاری (پارابۆل)، ژمارە چواری ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە.