مەدرەسەی ئیبنو ئادەمی ئیسلامی.. خزمەتێکی زۆر و شانازییەکی گەورە

 
لەدوای راپەڕین و ئاوەدانبوونەوەی شار و دێهاتەکانی کوردستان، یەکێک لەو دەستکەوتە مەزنانەی بووە هەوێن و بەیداغی رێبازی زانستە شەرعییەکان و برەودان بە مەعریفەی ئایینی و دروستکردنی کاراکتەری مەیدانی خزمەت بە ئیسلام، مینبەر، میحراب، رەوت و رێبازی رەسەنی زانایانی ئایینی و کاروانی زانستی، دامەزراندن و کردنەوەی مەدرەسەی ئیبنو ئادەمی ئیسلامی بوو لە شاری سۆران، لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەم هەوڵ و هەنگاوە گرنگە دەرئەنجامی خەمخۆری و پەرۆشیی خانەوادە و زانای ناودار و مودەڕیسی دیاری دەڤەرەکە، مامۆستا مەلا سەعید گرتکی بوو، کە لەگەڵ بونیادنانەوەی ماڵی خۆی، بناخەی ئەم مەدرەسەیەی دانا و لە ساڵی 1992 بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی دەڤەرەکە دەرگای بەڕووی فەقێ، قوتابی و خوازیارانی خوێندنی ئیسلامی و زانستە شەرعییەکان کرایەوە. ئەم مەدرەسەیە بووە وێستگەیەکی گرنگ و سیمبولێکی دیار و کارا و سەرچاوەیەکی گەورە بۆ فێرخوازانی زانستە شەرعییەکان، بۆ ئەوەی ئاوات و ویست و ئامانجی خۆیان و سەدەها خزم و خەڵکی موسڵمانی دەڤەرەکە، بکەنە واقیع و بە پۆشینی بەرگی فەقێیەتی و تاجی زێڕینی مەلایەتی، مزگەوت و شار و دێهاتەکان رووناک بکەنەوە.
 
هەڵبەت دەستپێک و ناونانی ئەم مەدرەسەیە بەناوی زانای هەڵکەوتووی کورد؛ زمانزان، رەوانبێژ، رووناکبیر، فەلەکناس، مێژوونووس، شاعیر، شەرعزان و ئوسوڵی (عەللامە ئیبنو ئادەمی باڵەک)، ئاماژەیەکی روون و راشکاو بوو لە گێڕانەوەی بناخەی ئەم ناوەندە زانستییە بۆ رێڕەوی گەورە زانایان، وەرگرتنی پاڵپشتیی مەعنەوی، ئیلهامی زانستدۆستی، وەفا نواندن بۆ میراتی مەلا هەڵکەوتووەکانی گەلەکەمان، بەستنەوەی واقیعی دینداری و مەعریفی بە هەمان ئەو رێچکەیەی کەسانی سوودبەخش بۆ کیان و کۆمەڵگە بەرهەم دێنن، ئەمەش لەوەدا خۆی دەبینییەوە کە بەشێکی زۆری قوتابیان لە سایەی سێبەری ئەم ناوە ناودارە، وزە و متمانەی زۆریان لەلا گەڵاڵە دەبوو و حەزی خوێندن و تامەزرۆی فێربوون و گەڕان بەدوای زانست لایان شیرینتر خۆی دەنواند.
 
ساڵ دوای ساڵ ئەم مەدرەسەیە رووحیەتێکی تازە و رەونەقێکی نوێتری بەخۆیەوە دەبینی، رۆڵێکی گەورەی لە بڵاوکردنەوەی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی تازە و هۆشیار بە رۆشنبیری ئایینی و هەستی نەتەوەیی پەروەردە دەکرد. دەتوانین بڵێین، ئەم مەدرەسەیە تەنها قوتابخانەیەک نەبوو، بەڵکو سەکۆیەکی گەورەی زانست و ناوەندێکی کارای پێگەیاندن و دروستکردنی مەلا بووە لە ناوچەکە، لە هەمان کات رێگرێکی باش بووە لە سەرهەڵدانی هزری نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ دۆخی دینداری و کولتووری کۆمەڵایەتی دەڤەرەکە، ئەگەر لەو سەردەم و بەو شێوازە ئەم مەدرەسە نۆبەرەیە نەبوایە، رەنگە بەهۆکاری تەوژمی فکری و سەرهەڵدانی چەندین ئاراستە و ئایدیای جیاجیا ئێستا قۆناخەکە جۆرێکی دیکە بووایە، بەڵام لێکەوتە و دەرهاوێشتە و کاریگەری ئەو مەدرەسەیە وەک رەونەقی منارە و مزگەوت و هەوێنی ئیسلامپەروەری، دەرفەتی زۆر لەو هەوڵانەی نەهێشت و رەوشی ئایینی و رێڕەوی زانستی بە بەراورد لەگەڵ بەشێکی دەڤەرەکانی دیکە؛ هێمن و بێ سەرئێشە هێشتەوە.
 
فەزیلەتی ئەو مەدرەسەیە بۆ سنووری سۆران تەنها بۆ ئەوانە نییە، کە رۆڵەیەکیان لەوێ خوێندویەتی یان دەرچووی ئەو مەدرەسەیە بێت، بەڵکو سایە و سێبەر و بەرەکەتی ئەو ناوەندە دینیە لە پێگەیاندنی مەلا و پێشکەشکردنەوەی بە کۆمەڵگە وەک پێشەنگ و پێشەوای ئایینی خەڵک، شوعلە و عەلەمێکی دیارو پڕشنگێکی رووناککەرەوە بووە بۆ هەموو دانیشتوانی سۆران و دەوروبەری، هەر یەک لەو دەرچووانەی بووەتە مامۆستای ئایینی، ماڵ و شار و گوندی لەرێی مزگەوت؛ وەک ناوەندێکی گەورەی رۆحی و عیرفانی و بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە ئاوەدان کردووەتەوە.
 
وردتر ئاماژەیەک بە دەستکەوتەکانی ئەو مەدرەسەیە بکەم، کە لە بواری خۆیدا، ئەسپی تاوداوە و بەهارێکی جوانی لەچوارچێوەی پرۆژەی مەعریفی و مەنهەجی زانستی داهێناوە، پەرێز و پێگەیاندنی بووەتە جێی شانازییەکی مەزن لە زاکیرەی هەموو ئەوانەی خەمی دین و دینداریان لەکۆڵناوەو بە ئاسۆی ئایندەیەکی گەش بۆ رووحیەتی پەروەردەی ئایینی و ئاوەدانی مزگەوت و بڵاوبوونەوەی هۆشیاری و شارەزایی دروست و زانستی هەنگاو دەنێن.
 
ئەم مەدرەسەیە ماوەی 34 ساڵە لەسەر پێ وەستاوەو وەک کارخانە و مەڵبەندێکی گەورەی زانستی خزمەت دەکات، نزیکەی سی وەجبە قوتابی ئایینی پێگەیاندووەو ئامادەی کردوون بۆ کۆلێژ و پەیمانگا ئیسلامییەکانی کوردستان، کۆی ئەوانەی تەخەروجیان کردووە نزیکەی 400 قوتابی بووە، کە بەشی هەرە زۆریان خوێندنی ئەکادیمی و مەلایەتیان تەواو کردووەو بەشێکی زۆریان لە مزگەوتەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران لە حاڵی خزمەت بەردەوامن و هەندێکیشیان وێڕای کاری مەلایەتی بەکردنەوەی حوجرەو راگرتنی فەقێ میراتەکە بەش دەکەن و وەک مودەریس درێژە بەو زنجیرە زانستیە دەدەن.
 
لەناو ئەو رێژەیە بەشێکی زۆریان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بەدەست هێناوە، زیاتر لە 20 دکتۆرا و 50 ماستەر هاتووەتەوە، کە بناغەی زانستی و دەسپێکی خوێندن و پسپۆڕیان مەدرەسەی ئیبن و ئادەم بووەو ئێستا هەریەکەو لە پێگە و ناوەندێکی ئایینی و پەروەردەیی یان ئەکادیمی جێدەستی خزمەتیان نەقشی چێ کردووەو، بەهەستێکی مەزنی پیشەیی و نیشتمانی خزمەت دەکەن.
 
هاوکات ئەم مەدرەسەیە دەرفەتی کار و خزمەتی بۆ زیاتر لە 100 مامۆستا و مودەریس رەخساندووە، کە توانیویانە تەدریس بکەن و ئاستی رۆشنبیری و زانستی و پیشەیی خۆیان ئەزموندار بکەن و لە کاروانی زانستی دانەبڕێن، دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەو زەمینە و مەدرەسەیە نەبوایە، ئاسان نەبوو زۆر لەوانە بتوانن رۆڵی مودەریس و ئیرشاد ببینن و هەگبەی خۆیان پراکتیزەو زانستی خۆیان گەرم بکەنەوە، هەڵبەت رۆڵی هەموو ئەوانەش لە پاڵپشتی ئەو مەدرەسەیەو، شان دانە بەر هەستی بەرپرسیارێتی خزمەتی ئایینی و کاروانی زانستی دیار و جێی پێزانینێکی گەورەیە.
 
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکەین، کە حوجرە و مەدرەسەکانی کوردستان هەمیشە ناوەندێکی گەورە بوون، لە پێگەیاندنی مەلای چاک چاک و خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری و هزری نەتەوەدۆستی، دەگمەن بووە یەکێک لەو خەریجانە پەڕگیر یان تووندڕەو دەرچووبێت و ببێتە مایەی سەرئێشە و گرفت بۆ کایەی ئایینی و دینداری، لەبەر ئەوەی میسداقیەتی ئەو مەدرەسانە و نیەتپاکی و ئەساڵەتی رێبازە زانستیەکەو بارە پەروەردەییەکە، هەمیشە جیای کردوونەتەوە لە فەریکە خوێندەوار و کاراکتەری فۆتۆکۆپیکراو.
 
بە کورتی مەدرەسەی (ئیبن و ئادەم) لە شاری سۆران هاوشێوەی زانکۆیەکی گەورە بەتام و بۆی دینداری و توراسی کوردەوارییەوە، خزمەتێکی شاهانەی پێشکەش کردووەو، بۆتە مەڵبەند و مەنارەیەکی گەورە لە بواری زانستی و شەریعەتناسییەوە، فەزڵی ئەو مەدرەسەیە هێندە قوڵ و زۆرە؛ هەموو کەس هەستی پێ ناکات، بەڵام هەموو کەس لێی سوودمەند بووە، بەرهەم و بەشینەوە و بەخشینی زانستی ئەو مەدرەسەیە، ئێستا لە سەکۆی مینبەرەکان و قوتابخانە و ناوەندە ئەکادیمیەکان جێ پەنچەی دیارەو رۆڵی گەورەی لە بونیاد و پێشکەوتن و پرۆسەی هۆشیاری کۆمەڵگە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی هەیە.