با بە كوردی سوێند بخۆین
باشترین دەستپێك بۆ نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لە خولی نوێی پەرلەمانی فیدڕال جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، كە لە رۆژی یەكەمەوە سوێندخواردنیان بە زمانی كوردی بێت ، كە بەگوێرەی ئەو دەستوورە زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە كۆماری عێراقی فیدڕالدا.
ئەوە دەستپێكی پەیامێكی بەهێزدەبێ بۆ ناوخۆی كوردستان و بۆ ركابەرەكانیشمان لە بەغدا . هەنگاوی دووەم كۆكردنەوەی ئیمزا و دەستكردنە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ پەرلەمانتارانی لیستەكانی دیكە، بەتایبەتی پەرلەمانتارانی ئەو شارانەی كە چاویان لە بە هەرێمكردنی پارێزگایەكانیانە، وەك بەسرە، تكریت و ئەنباڕ بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدڕال ، كە بەگوێرەی دەستوور پێویستە وەك تەواوكەری دەزگای یاسادانانی عێراق هەبێت، بەو كارەش مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو رادەیەكی زۆر لە مەترسی ململانێی زۆرینە و كەمینە دەچنەدەرێ.
هەنگاونان بەو ئاراستەیە پێویستی بە یەكگرتوویی و یەكگوتاری كوردە كە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان دابڕێژرێتەوە. لە قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردن لیستە كوردستانییەكان بەتایبەتی ئەوانەی تازەن یان حەزدەكەن خەڵك بە ئۆپۆزیسیۆن ناویان بێنێ، تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە گوتاری عێراقچیانە و دژ بە كوردستان درێژدەكەنەوە بە بەكارهێنانەوەی هەمان زمان و عەقلیەتی نوێنەرەكانی ئێستایان لە بەغدا ، كە بەشێكیان بڕیاریانداوە نەگەڕێنەوە كوردستان، مەگەر بۆ كۆتاییهێنان بە سیستەمی فیدڕاڵی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بێت و، بەداخەوە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێتە ئامانجە لایەنە شۆڤێنییەكانی عەرەب. بۆ تێپەڕاندنی ئەو گوتارە پەرتوبڵاوە و كۆتاییهێنان بە ململانێی حیزبی بەوشێوەیەی ئێستا، كە خەریكە دەسكەوتە نەتەوەییەكانی بە قوربان دەكەن، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە دەرەوەی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن و دوور لە حەماسەتی ئەو كەسانەی كە ئامادەن بۆ لەنێوبردنی حیزبە ركابەرەكانیان هەموو رێگە و هۆكارێك تاقیبكەنەوە، كۆببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە گوێرەی پێویستییە هەنووكییەكانی ئەو قۆناخە و بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد رێككەوتنێكی كوردانە بكەن بەبێ ئەوەی بە هەستیارییەوە رابردوو بخەنە سەر مێزی گفتوگۆكان ، بەڵكو تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە سەرەتا دەبێ بە وەلانانی رابردووی پڕ لە گرژی و رق و كینە وەلابنرێ و هەموو لایەك ئەوە بكەنە باوەڕ و دروشم كە "ئێمە ركابەری یەكین نەك دووژمن، ئێمە برای یەكین، بەڵام بیركردنەوەمان جیاوازە". كەواتە بەر لە بەغدا دەبێ لە هەولێر گرفتەكان فڕێبدەین و وەك یەك تیم و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكی بەهێز پێمان بخەینەوە بەغدا.
* پەرلەمانتاری سەركەوتووی لیستی پارتی لە هەولێر