كۆدەكانی دووجەمسەری


لەم هەڵبژاردنەدا بەشێوەیەكی ئەندازیاری بۆكراو، هەوڵی بەدووجەمسەركردنی پرۆسەی سیاسیی كوردستان دەدرێت.

ئەم پرۆسەیە ئەوەندە زەقبووەتەوە كەوا بۆنی گوتاری سەردەمی جەنگی ناوخۆیشی لێدێت. ئەم دۆخە بە هەموو حسابێك پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەسەر دوو جەمسەری سەرەكی سەوز و زەرددا دابەش دەكات. ئەمە چ واتایەك هەڵدەگرێت؟ ئەو واتایە هەڵدەگرێ كەوا نیگەرانیی هەندێك لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەڕاست وەردەگەڕێت: لە سیاسەتی دووجەمسەریدا دەنگدەرانی نەریتیی یەكێتی و پارتی زیندوو دەبنەوە و بەشێكیان كە بەسەر دەنگە خۆڵەمێشییەكاندا رۆكرابوون، دیسان بۆ مەرجەعی سەوز و زەرد دەگەڕێنەوە. لەمەدا تەنێ ئۆپۆزیسیۆن باریك هەڵدەگەڕێت. 

سیاسەتی دووجەمسەرگیری زیاتر بەسوودی یەكێتی دەبێت. لەلایەكیش پارتی سوودی لێوەردەگرێت. ئەگەری هەیە ئەم بابەتەش یەكێك لە ئەندازیارییە سەركەوتووەكانی گەنجە بڕیاربەدەستەكانی ی.ن.ك بێت. ئەوان لەو رێسایە گەیشتوون كەوا چەندی لە پ.د.ك نزیك دەبنەوە، ئەوە رووبەڕووی تووڕەیی دەنگدەرانیان دەبنەوە. لەئەنجامدا بەشێكی زۆر لە دەنگەكانیان لەدەستدەدەن. ئەم دەنگانە لە هەڵبژاردنەكانی 2009 و 2013 بەشی زۆری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان چووە.

بەڵام هەركاتێك لەگەڵ پ.د.ك رووبەڕووی تەنگژە و بەریەككەوتن بووبنەوە، ئەوە دەنگێكی زۆریان لێ خڕبووەتەوە. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەكانی 30 ی نیسانی 2014دا، كاتێك سەمایەكی هاوبەش لەنێوان پارتی و گۆڕان هاتبووە كایەوە، یەكێتی هەستی بە مەترسی دەكرد و لەمەشدا بەتوندی لەڕووی پارتی و گۆڕان وەستایەوە. ئەمەش رێژەی دەنگەكانی یەكێتی هەڵكشاند. لەم هەڵبژاردنەدا دۆخێكی هاوشێوە هەستی پێدەكرا! 

دەتوانین كۆدەكانی ئەم دووجەمسەرگیرییە لە گوفتاری سەركردە گەنجەكانی یەكێتیدا بخوێنینەوە. ئەوان لە سەردەمی گشتپرسی و 16ی ئۆكتۆبەریشدا بەردەوام جەختیان لەوە دەكردەوە كەوا تەرازووی هێز لە هەرێمی كوردستان بە زیانی یەكێتی تێكچووە و پێویستە هاوسەنگی بۆ هێزە سەرەكییەكان بگەڕێتەوە. بۆیە كاتێك لە جفرەكانی گوفتاریان ورد دەبینەوە، تێدەگەین: ئەوان لەوە نیگەران بوون گشتپرسی لەلایەك بەریەككەوتنی جددی لەنێوان یەكێتی – عێراق بهێنێتە كایەوە و لەمەشدا یەكێتی بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی نفوزی لەدەستبدات. لەلایەكیش لەئەگەری سەركەوتنی پرۆژەی گشتپرسیدا پارتی جومگە ستراتیژییەكانی پرسی كورد مۆنۆپۆل بكات. بۆیە بەهەموو شێوەیەك لە هەوڵدابوون گشتپرسی دوابخرێ یاخود ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی قبوڵ بكرێت.

لەم سەردەمەشدا سەركردە گەنجەكانی یەكێتی، دەیانەوێ بە هێنانەوەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، تای تەرازووەكە بەسوودی یەكێتی بشكێننەوە. ئەوان دەیانەوێ بەم هەنگاوە لەسەر ئاستی عێراقیش وەكوو هێزێكی سەرەكی كوردستانی رۆڵیان لە داڕشتنی سیاسەتەكاندا هەبێت. بۆیە كاتێك جفرەكانی گوتاریان دەخوێنینەوە، دەزانین كەوا هەم و خەمیان ئەوەیە تای تەرازووی هێزەكان لە كوردستان راست بكەنەوە. ئەوان هەموو ریزبەندییەكانی خۆیان بەپێی پارتی پێناسە دەكەن و هۆكاری نیگەرانییەكانی پارتیش لەمەدا خەوتووە. بۆیە ئەویتری پارتی ئێستا عێراقە و ئەویتری سەركردە گەنجەكانی یەكێتی لە حاڵی حازردا پارتییە. 

پارتی كەوا سەرمەستی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایارە و بە یەكەمی كوردستان و یەكەم حیزبی عێراق دەرچووە، دەیەوێ بە هەر شێوەیەك بووە بەرهەمی ئەم سەركەوتنە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی هەرێمی كوردستاندا بچنێتەوە. بۆیە جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان دەكردەوە. لەلایەكیش لەوە نیگەرانە سەركردە گەنجەكانی یەكێتی بیانەوێ بەرەیەك لەدژی پارتی پێكەوەبنێن. ئەم فۆبیایە هەتا ئێستاش لای هەردوو هێزەكە هەیە. لای یەكێتی پارتی-فۆبیا هەیە و لای پارتیش یەكێتی–فۆبیا هەیە. بۆیە هەردوو هێزەكە متمانەیان بە یەكتری نییە و هەر جووڵەیەكی پێچەوانەی لایەكیان ئەولاكەیتر رادەچڵەكێنێ. 

بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دوودڵە و سەرباری ئەمەش بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە. بەڵام گۆڕان لەوە نیگەرانە دیسان رووبەڕووی گێچەڵی گەورە ببێتەوە. ئەوان هەست بەوە دەكەن هەندێك هێزی دەرەكی دەیانەوێ لەسەر حسابی ئەوان یەكێتی بەهێز بكەن. یەكێتی كەوا بێ كەركووك، لە كوردستان دەست و بازووی لەدەست دەدا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەترسێ مەبادا رووبەڕووی نوسخەی تازەی هەڵبژاردنەكانی 2009 و 2013 ببێتەوە. بۆیە بەپەلە لە هەوڵدایە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ ناو ریزەكانی بگێڕێتەوە. گۆڕانیش بۆ راستكردنەوەی تای تەرازووەكەی 12ی ئایار، دەیەوێ بە مەیلنەرمی بەلای پارتیدا فشارێك بخاتە سەر یەكێتی. راستییەكەشی یەكێتی لەوە دەترسێ دیسان لە كوردستان گٶڕان پلەی دووەم بەدەست بهێنێ، بۆیە نهێنی دژایەتییەكانی بۆ پارتی لەمەدا خۆی مەڵاسداوە. 

هەرچی بەرەی بەرەو ئیسڵاحە، بە نابەدڵی و بەئارامی پێشوازییان لە هەڵبژاردنەكان كرد. ئەوان، بەتایبەت یەكگرتوو باجی بەشداریكردن و پشتیوانیكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و گشتپرسی دەدەن. لەبەر ئەمە بەشێكی زۆر لە دەنگەكانی خۆیان لەدەستداوە. بەڵام كۆمەڵ دۆخێكی جیاوازتری هەیە و هەست بەوە دەكرێ تۆزێك دەنگ بەدەستبخات. كۆمەڵ كەوا گوتارێكی رادیكاڵی بەرامبەر بە حكومەت هەبووە، دەیەوێ بەری ئەم گوتارەی لە مەزرای سیاسەتدا بچنێتەوە. 

هەندێك لە چاودێرانیش لەو بڕوایەدان كە نەوەی نوێ رێژەی دەنگەكانی بەرز دەكاتەوە. بەڵام هەندێكیش پێیانوایە ئەمە روونادات و بگرە كەمیش دەكات. بەهەرحاڵ نەوەی نوێ لە دەنگەكانی گۆڕان دەبات. ئەگەری هەیە نەوەی نوێ بەهەردوو حاڵەتی ئەرێنی و نەرێنیش سەمەرە بخوڵقێنێ. بەڵام لە هەمووی ئاشكراتر ئەوەیە كەوا پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات و ئەمەش لە مەزرای سیاسەتی كوردستاندا رەنگدەداتەوە. 

ئاكام: ئەم هەڵبژاردنە لە ئەزموونی دیموكراتاندن و بەشداریی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بە خاڵی وەرچەرخان دەناسرێت. گەلێك دیاردەی دڵخۆشكەر هەن كە وا دەردەخەن ئەم هەڵبژاردنە تارادەیەك تای تەرازووی هێزەكان دەگۆڕێت. لەوەش خراپتر سەردەمێكی دووجەمسەری بەڕێوەیە كەوا بە فاكتەری ناوچەیی بارگاوی دەكرێت. ئەمەش ئەگەری هەیە هەموو كایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بازنەی دووجەمسەری سەرەكیدا گل بداتەوە، ئەمەش ناوقەدی ئۆپۆزیسیۆن تەسك دەكاتەوە. لە حاڵێكدا هەرێمی كوردستان لە رۆژگارێكدایە كە پێویستی بە "یەكێتیی دژەكان" هەیە. تەنها سەركردەی گەورەش دەتوانێ لەم یەكێتی دژانە تێبگات و یەكیانبخات. واتە: هەرێمی كوردستان لەم رۆژگارەدا هەم دەسەڵاتێكی بەهێزی پێویستە و هەم ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز. تەندروستیی پرۆسەی سیاسیش بەمەوە بەندە.