ئایا بودجه‌که‌مان ده‌ده‌نه‌وه؟
نزیکه‌ی ساڵێکه حکومه‌تی عیراقی بڕی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانی بڕیوه، بڕینی ئه‌و بودجه‌یه‌ش هاوتابوو له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی له که‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستاندا روویدا. هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ش وه‌ک پاساوی سه‌ره‌کی بڕینی بودجه له‌لایه‌ن حکومه‌تی عیراقه‌وه راگه‌یه‌نرا. ده‌بینین تا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وام سیاسییه‌کان و کاربه‌ده‌ستانی عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمیان به‌ستۆته‌وه به رادده‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی کوردستان بۆ لای به‌غدا.
ره‌نگه ئه‌و هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه حاڵه‌تێکی ئاشکراو سروشتی بێت، ره‌نگه به‌شێکی راستی هۆکاری بڕینی بودجه‌و موچه‌ش بێت. به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو هۆکاره‌که نیه.
جارێ گرنگه ئه‌وه بزانین که به‌غدا وه‌های راگه‌یاند که به پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه، به‌ڵام وانه‌بوو. دواتر وتیان به چوونی وه‌زیره کورده‌کان بۆ به‌غداو سوێندخواردنیان بودجه‌که ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه، ئه‌ویش راست نه‌بوو. ئێستاش چاوه‌ڕێی چوونی وه‌فدی کوردی ده‌که‌ن بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان و پاشان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم، هیچ ئاماژه‌یه‌کی روونیش نیه که چوونی ئه‌و وه‌فده‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌بێته‌هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم.
بۆ تێگه‌یشتنی وورد له ئه‌گه‌رو نه‌گه‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم راستیه‌ک هه‌یه ده‌بێ بیزانین. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌ڕه‌شه‌کردن به بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان زۆر له مامه‌ڵه‌کردنی کورد به دۆسیه‌ی نه‌وته‌وه به‌مشێوه فراوانه‌ی ئێستای کۆنتره. له‌دوای (2003) به‌شی 17٪ی هه‌رێم له‌ڕێی رێکه‌وتنێکی سیاسی کورد‌و لایه‌نه‌کانیتر به سه‌رپه‌رشتی و بڕیاری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دیاری‌کرا. به‌ڵام له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌وه‌و به‌تایبه‌تی دوای په‌سه‌ندکردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق له کۆتاییه‌کانی 2005 هه‌موو ساڵێک له ساتی گفتوگۆکردنی بودجه‌ی عیراق له‌نێو په‌رله‌مانی عیراقه‌وه چه‌ندین عه‌قڵیه‌ت و کوتله‌و که‌سایه‌تی و حزب دژی دیاریکردنی رێژه‌ی 17٪ی بودجه بوون بۆ هه‌رێمی کوردستان. ئا له‌و کاته‌شدا که‌سانی وه‌ک (مالکی و عه‌بادی)و هاوڕاکانیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بوون.
پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی بڕینی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم به ته‌نها په‌یوه‌ندی به دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه نیه. ئه‌وه‌ی که به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌و نایگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه‌ی که بڕوای وایه به‌هۆی ئه‌و 17٪ی بۆ هه‌رێمی کوردستان دیاریکرابوو (که له باشترین حاڵه‌تدا 11٪ی گه‌یشتوه‌ته هه‌رێم) هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وپێشچوونێکی خێرای له بونیادی مرۆیی و ماددیدا به‌خۆوه بینیوه.
له‌دوای ساڵی (2006)وه‌و به‌به‌رده‌وامی هاوڵاتی عه‌ره‌بی له‌عیراقدا گازنده‌ی ئه‌وه‌یان له حکومه‌ته یه‌کله‌دوای یه‌که‌کانی عیراق هه‌بووه که نه‌یانتوانیوه به زیاتر له 83٪ی بودجه‌ی عیراقه‌وه بچوکترین ئاوه‌دانی و ئارامی و به‌ره‌وپێشچوون بۆ عیراقیه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، له‌کاتێکدا هه‌رێمی کوردستان به 17٪ی بودجه‌ی عیراقه‌وه هه‌نگاوی گه‌وره‌ی بڕیوه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق، که عیراقیان گه‌یاندۆته پله‌کانی سه‌ره‌تا له گه‌نده‌ڵیدا، هه‌میشه رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی گه‌وره‌ی هاوڵاتیه‌کانیان ده‌بنه‌وه که نه‌یانتوانیوه هیچیان بۆ بکه‌ن به به‌راوورد له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا (سه‌ره‌ڕای که‌موکوڕییه‌کانی هه‌رێمیش). هه‌ربۆیه به هه‌موو هێزیانه‌وه کارده‌که‌ن لانی که‌م هه‌رێمی کوردستان له رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی به‌ره‌وپێشچوون بوه‌ستنێنن تا له قۆناغی داهاتوودا کار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ دواوه بکه‌ن. خۆ ئه‌وان نه‌یان شاردۆته‌وه که ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی کوردستان گرفتی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌وان دروستکردووه، هه‌ربۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی چاوی لێبکه‌ن دژایه‌تی ده‌که‌ن و ئه‌م دژایه‌تییه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
که‌واته هێزێک یان عه‌قڵێک که هه‌موو به‌ره‌وپێشچوونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان زیانی لێ بدات به هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه ده‌وه‌ستێته‌وه. باشترین رێگاشیان هه‌ڵبژاردووه که بریتیه‌له بڕینی ئه‌و بودجه‌یه‌ی که هۆکاری ئه‌و پێشکه‌وتنه‌وه بوو. گه‌ڕاندنه‌وه‌شی ده‌بێته‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی رێچکه‌ی پێشکه‌وتن. هه‌ربۆیه گریمانه‌یه‌کی زۆر لاواز هه‌یه که به‌غدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم بگه‌ڕێنێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر شتێکیشی لێ بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌وا هه‌رگیز وه‌ک قۆناغی رابردوو نابێت.
*پسپۆری زانستی سیاسی له زانکۆی سلێمانی