مالیکی سەنگەرەکانی جیاکردەوە


مالیکی بە هەمان عەقڵیەت وبیرکردنەوەی سیاسی دەیان ساڵ لەمەوبەری دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری ڕەگەزپەرست وفاشیزمی عێراق ناوی کوردستان وبارزانی وپارتی دیموکراتی کوردستانی هێناو، هەمان تۆمەت وهەڕەشەی دژی کورد دووبارە کردەوە. کوردستانی بە پێگەی ئەمەریکاو ئیسرائیل وپیلانەکانیان ناوبرد. بەڵام مالیکی یەك شتی لە دیکتاتۆرو رەگەزپەرستە فاشیەکانی دوێنێ جیاواز بوو، کە لەجیاتی بەکارهێنانی دەستەواژەی ئیسرائیلی دووهەم بۆ کوردستان، دەستەواژەی فەلەستینی دووهەمی بەکارهێنا! بۆچی مالیکی ئەو دەستەواژە نەریتیە شۆڤینیزمەی عەرەب وداگیرکەرانی کوردستانی گۆڕی؟ ئایا میتۆدی سیاسی بۆ دژایەتیکردن وشەڕی کورد گۆڕاوە، یان ئەوە تەکتیکی نوێێەو هەلومەرجەکە وا دەخوازێ؟ ئەو جێگۆڕکێیە بێ هۆ نەکراوەو لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو گۆڕانە لە میتۆدی سیاسی ودژایەتیکردنی کورد، سیناریۆی پیلانێکی ترسناکترە لەوانەی دوێنێ، کە دەیگەڕێنمەوە بۆ چەند هۆیەك.


مالیکی وحیزبەکەیی وجەمسەری ئێران لەناوچەکەدا جاشی سیاسیان لە کوردستاندا هەیە، کە لە حیزب وڕێکخراو دەزگاو کەناڵی ڕاگەیاندن وناوەندی ڕۆشنبیری پێکهاتووەو لەدامەزراوە یاسایی وسیاسی وکۆمەڵایەتی وڕۆشنبیریەکانی کوردستاندا دەسەڵات وپێگەو ڕۆڵیان هەیە. ئەوانە بە ناوی چاکسازی ودروشمی ئازادی بیروڕا وقوڵکردنەوەی دیموکراسی وگۆڕینی سیستەمی سیاسی وسەرۆکی کوردستان ودەسەڵاتەکانی چەندین ساڵە خزمەتی ئەو جەمسەرەو مالیکی دەکەن وکێشەو قەیران لەدوای قەیران بە هاوکاری ئەوانە بۆ حکومەتی کوردستان وسەرۆک بارزانی وپارتی دروستدەکەن وپەلاماریان ئەدەن.

نابێ ئەو جاشە سیاسیانە کە ئەو خزمەتە گەورەیە بە مالیکی وحیزبەکەیی وجەمسەرەکەیان دەکەن بخرێنە ناو نەخشەی ئیسرائیلی دووهەم ولەناو عەرەب وئیسلامدا بەدناویان بکەن، لەبەر ئەوە وەك هۆیەك ناوی نەخشەکەو دەستەواژە کۆنەکەیان گۆڕی بۆ فەلەستینی دووهەم.

ئەو حیزب وگروپ وکەناڵ وناوەندانەی کورد کەلە ژێر کۆنتڕۆڵی مالیکی وجەمسەری دژ بە کوردو مافەکانیاندان بەتایبەتی ولە سلێمانی ودەورووبەری، بە فەرمان وبڕیاری ئەوان هەڵدەسوڕێن، وەك هاوشێوەکانیان لە لوبنان وفەلەستین ویەمەن. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وتارو چاوپێکەوتنەکانمدا قسەم لەسەر پەیوەندی ئەو جاشە سیاسیانەی کوردستان بە مالیکی وبەو جەمسەرەوە کردووە، کە شەرێکی ساردیان لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بەرپاکردووەو سبەینێ شەڕێکی گەورەی خوێن ڕێژی گەرمی کاولکاری بەرپا دەکەن.

پێدەچێت ئەو جاشە سیاسیانە هەروەك پێشنیاری بڕینی بودجەو موچەی کوردستانیان بۆ مالیکی وجەمسەرەکەی کرد، بەهەمان شێوە پێشنیازیان کردبێت کە دەستەواژەی ئیسرائیلی دوهەم بۆ کوردستان بگۆڕن بە دەستەواژەی فەلەستینی دووهەم، بۆ ئەوای ئەوان وخۆیان وەك لایەنی داکۆکیکەر لە عێراق وهیزی بەرگریکەر لە عێراقی بوونی کوردستان دەربخەن، بەهەمان شێوەی هێزی بەرگریکەر لە لوبنان وفەلەستین دژی ئیسرائیل، وەك حزب اللە ی لوبنانی وحەماس وحوسی.

هۆکارێکی زۆر گرنگ لە گۆڕینی دەستەواژەکەدا هەیە، کە مالیکی وحیزبەکەیی وجەمسەرەکە لەناوچەکەدا پیلانێکی نوێێان داڕشتبێ، کە بیانەوێت لە ڕێگای ئەو جاشە سیاسیانەوە پیادەی بکەن، ئەویش دابەشکردنی کوردستانە، کە ساڵێک زیاترەبەرپرسانی باڵای ئەو حیزب وکەناڵ وناوەندانە لە سلێمانی پڕوپاگەندی بۆ دەکەن ودەیدەن بەگوێێ خەڵکدا، ئەویش دابەشکردنی هەرێمی کوردستانە بەناوی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی ودەورووبەری تا بە کەرکوکیش دەگات. ئەوە پیلانێکی زۆر ترسناکە کوردستان دەکات بە سێ بەشەوە، بۆیە مالیکی دەستەواژەی ئیسرائیلی دووهەمی گۆڕی بۆ فەلەستینی دووهەم، کە کەرتی غەزە هی حەماسەو، کەرتی ڕۆژئاواش حکومەتی فەلەستینی تیایەو بەشەکەی تریشی لە ژێردەسەڵاتی ئیسرائیلدایە. دیارە دەیانەوێت هەمان نەخشە لەکوردستاندا دروستبکەن، لەلایەکی تر لە کاتی شەڕی داسەپاوی ناوخۆدا بیرۆکەی سۆرانی وبادینی دەوروژێندراو دەیان ووت دەبێ بارزانی وپارتی بکەینە ئەودیوی ئاوی قەندیلەوە.

سیناریۆکە کە دژی کوردو مافە نیشتیمانیەکانیەتی، ئەو جەمسەرەو مالیکی وحیزبەکەی دەبێ شتێک وەك پاداشت بدەن بە جاشە سیاسیەکان لە سلێمانی، جیاواز لە جاشە ڕەشۆکیەکانی دوێنێ.

هەر لەو سیناریۆیەدا مالیکی وجەمسەرەکەی پێمان دەڵێن، ئێوە بەمانا بارزانی وپارتی، دەوڵەتیش دابمەزرێنن هێزو تواناو دەسەڵاتی ئیسرائیلیان نابێت، کە بتوانن بەرگری بکەن وشەڕی چواردەورتان بکەن، بەڵکو وەکو حکومەتی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا، ئێوەش لە هەولێر بۆخۆیان دانیشن. پەیامەکە زۆر ڕوونە. مالیکی قسەی خۆی کرد، پەیامی سیاسی خۆی وجەمسەرەکەیی وجاشە سیاسیەکانی کوردستانی گەیاند، کە تەمومژی لەسەر نەما، لەژێر دروشمەکۆنەکەدا، کە بارزانی وپارتی ئەجێندای ئەمەریکاو ئیسرائیل جێبەجێدەکەن. ئەوەی دوای پەیامەکەی مالیکی گرنگە، ئەوەیە کە حیزب ولایەنە سیاسیەکانی سلێمانی دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان بە ئازادو سەربەخۆو بێ لایەنەوە نووسەرو ڕۆشنبیرەکانیان لە سلێمانی وهەندەران بە ئاشکراو بەڕوونی بوێرانە هەڵمەتێك دژی مالیکی وحیزبەکەیی وئەو جەمسەرە بەرپا بکەن و ڕسوایان بکەن، خۆیان لە سەنگەری جاشایەتی بەدووربگرن، بەبێ بڕو بیانوو پاساو هێنانەوە. ئێمە با لەناوخۆدا فێڵ لەخۆمان نەکەین، خۆمان گێل نەکەین، نەڵێین ئەوە مانۆڕی سیاسیە، وکێشەو ناکۆکیەکانی ناوخۆمان جیاوازی ڕاوبۆچوونە ودانوستان ودیالۆگ دەکەین، مالیکی کورت وکرمانجی ڕێك وڕەوان ئاماژەیدا لە کوردستان جاشیان هەیەو سەنگەرەکانی جیاکردەوە، دەبا ئەوانە بگەڕێنەوە بۆ سەنگەری نیشتیمانی وپیلانەکە لەگۆڕبنێنن ئەوسا باسی دانوستان ودیالۆگ بکەن.