ترەمپ و شەرعییەتی یاسای نێودەوڵەتی

 
کاتێک دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرایەوە، زۆر سەرم سوڕما، هۆکارەکەیش رزین و لاوازبوونی دامەزراوە مۆدێرنەکانی ئەمریکا بوو، واتە: دەوڵەت کەوتووەتە دەست گرووپێکی تایبەتمەند کە رێگەی لە هەر چاکسازییەک گرتووە و ترەمپ بەرهەمی راستەوخۆی ئەم رزینەیە. کێشەی ترەمپ دوو رەهەندە، هەم کارەکتەرەکەی و هەم سیاسەتەکەی. خۆسەپاندنی بەسەر هاوپەیمانەکاندا ناسەقامگیری خستووەتە ناو سیستەمی نێودەوڵەتییەوە. سیفاتەکانی سەرکردایەتی هێژا، لە ترەمپدا دەگمەنن. ئامانجی سەرەکی ئەو لە ژیانیدا تەنیا خۆدەرخستن بووە و بۆ گەیشتن پێی هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر. ترەمپ نوێنەرایەتی رەوتێکی فراوانی جیهانی دەکات کە پێی دەگوترێت "پۆپۆلیزمی ناسیۆنالیزم". سەرکردە پۆپۆلیستەکان هەوڵ دەدەن لەڕێگەی شەرعییەتی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا کۆبکەنەوە و قۆرخی بکەن. ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ بە یەکێک لە مشتومڕاویترین و ناتەقلیدیترین قۆناخەکانی سیاسەتی هاوچەرخی ئەمریکا دادەنرێت. شێوازی سەرکردایەتی و بڕیارەکانی بە بەردەوامی لە نۆرم و دامەزراوەکان جیان، بۆیەش چاودێران کردەوەکانی بە "سەیر" و پێشبینی نەکراو ناودەبەن. 
 
تێڕوانینی ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە بووەتە جێگەی سەرنجی ناوەندە ئەکادیمییەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ترەمپ دۆکترینێکی تایبەتی هەیە؟ بەشێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ستراتیژییەکی روون و گشتگیری نییە، بۆیە سیاسەتەکەی بە ناسەقامگیر، ئاڵۆز و پێشبینینەکراو پێناسە دەکەن. ریچارد هاسی بیرمەندی ئەمریکی، رەخنەی تووند لە ترەمپ دەگرێت کە ستراتیژییەکەی نەک لەگەڵ ئیدارەکانی پێش خۆی جیاواز نییە، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو سیاسەتانەی کە ئەمریکا ماوەی نیو سەدەیە پراکتیزەی دەکات، جیاوازن. ئەمە ستراتیژییەکی "گۆشەگیر" نییە، بەڵکو "وازهێنان"ـە. بەگوێرەی ئەمە، ئەمریکا بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی واز لە بەرپرسیارێتی دەهێنێت و چی دیکە رۆڵی سەرکردایەتی نابینێت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی و ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بنیاتنراون.
 
ئاشکرایە ئەمریکا دوای جەنگی دووەمی جیهانی رۆڵێکی سەرکردە ئاسای گێڕاوە لە دروستکردن و ئاراستەکردنی سیستمی نێودەوڵەتی، بەڵام لەژێر سایەی ئیدارەی ترەمپدا بەشێکی زۆری ئەو پرەنسیپانە رەتدەکرێنەوە و لەژێر پرسیاری راستەقینەدان. لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا لەپێشترین ستراتیژییە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ درووشمی "ئەمریکا یەکەم". ترەمپ رەخنەی تووند لە ئیدارەکانی پێش خۆی دەگرێت کە کات و پارەی زۆریان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتانی دیکە بەفیڕۆ داوە، لە کاتێکدا لە ناوخۆدا شکستیان هێناوە.
 
هەڵەی گەورەی پسپۆڕانی واشنتن ئەوەیە دەیانەوێت ترەمپ بخەنە ناو قاڵبە ناسراوەکانی زانستی سیاسییەوە، وەک واقیعی یان گۆشەگیر، بەڵام راستییەکە ئەوەیە ترەمپ هیچ دۆکترینێکی جێگیری نییە. ئەو بەپێی تیۆرییە نێودەوڵەتییەکان بڕیار نادات، بەڵکو بڕیارەکانی بەرەنجامی ساتەوەخت و بەرژەوەندییەکی خێرا و لەناکاون. نەبوونی چوارچێوەیەکی فکری جێگیر وا دەکات زۆر قورس بخوێنرێتەوە و بتوانرێت پێشبینی ئەنجامدانی کردارێکی کتوپڕ بکرێت. 
 
تێکەڵکردنی هەڕەشە و کردار
 
زۆر کەس وادەزانێت هەڕەشەکانی ترەمپ تەنیا بۆ گوشارن و جێبەجێیان ناکات، بەڵام ترەمپ قسەکانی هەم وەک ئامرازێکی گوشار و هەم وەک ئامادەکاری بۆ کردار بەکاردێنێت. ئەو رێگە دەدات بیرۆکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو میدیادا بمێننەوە، پاشان کاتێک هەلی گونجاو دەڕەخسێت، لەناکاو جێبەجێیان دەکات. پێشتر وا دەردەکەوت ترەمپ چونکە لە خولی یەکەمیدا حەزی لە جەنگ نەبووە، کەواتە دەست بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی نابات. بەڵام ترەمپ تەنیا رقی لە جەنگی درێژخایەن و جێگیرکردنی هەزاران سەربازە بۆ ماوەی دوورودرێژ، بەڵام هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی خێرا و دەستوبردنی رۆژ و مانگی. 
 
ئەوەی لە ئێران کردی، باشترین نموونەی ئەم دۆکترینەیە. لە کاتێکدا فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسمانی ئێرانیان بۆردوومان دەکرد، ترەمپ لە پۆستەکانییەوە باسی دیپلۆماسی و گفتوگۆی دەکرد. ئەم دژبەیەکییە سەرلێشێواوی دۆکترینی ترەمپ دەردەخات، سیاسەتێک کە هەڕەشە و دانوستاندن، بۆردوومان و پۆست، پێکەوە کۆدەکاتەوە. کوشتنی کەسایەتییە باڵاکانی ئێران و وێرانکارییە بەرفراوانەکە، لەگەڵ قسەکردن لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن، نیشانەی ئەوەیە کە "دۆکترین و عەقیدەی ترەمپ" بریتییە لە نەبوونی دۆکترین، ترەمپ تەنیا یەک پرەنسیپی هەیە، "هەر کردارێک کە لەو ساتەدا وەک سەرکەوتنێکی خێرا و نیشاندانی هێز دەربکەوێت، جێبەجێی دەکات." 
 
ئەی شەرعیەتی یاسای نێودەوڵەتی چۆنە؟ 
 
ئێستا جیهان لەبەردەم واقیعێکی نوێدایە، ترەمپ لە شوباتی 2025 جارێکی دیکە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO کشایەوە و هەروەها بەردەوام هەڕەشەی هەڵپەساردنی پشکی ئەمریکا لە ناتۆ دەکات. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە هاوکاری بنیامین نەتەنیاهوو، گەورەترین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران ئەنجامدا. 
لە ئەورووپا، ناتۆ وەک "هاوبەشێکی بازرگانی" سەیر دەکات کە دەبێت پارەکەی بدات. لە ئاسیا، شەڕێکی ئابووریی فراوان لەگەڵ چین بەڕێوەدەبات.
 
ترەمپ بە راشکاوی رایگەیاندووە: "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین" هەروەها تەواوی "ئاسمانی ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە" و "گەمارۆی تووندی گەرووی هورمزمان داوە". ئەمە حەقیقەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، لە جیهانێکدا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و خاوەنی هێزی رەها بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلانی ناوچەکە دەدات. 
 
ئەگەر ساڵانی نەوەدەکان سەردەمی "کۆتایی مێژوو" بوو، ئەوا 2026 سەردەمی "کۆتایی یاسا"یە. یاسای نێودەوڵەتی بەتەواوی لاواز بووە، کاتێک ئەمریکا کە خۆی سیستمەکەی دروستکردووە، پێشێلی دەکات، ئیدی چ وڵاتێک پێوەی پابەند دەبێت؟ بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، بەهۆی لەناوچوونی متمانە بە یاسا وای لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە %60ی بودجەکەیان بۆ چەک و ئاسایش خەرج بکەن. 
 
ئاشتیی راستەقینە پێویستی بە یاسا و متمانەیە، نەک تەنیا هێز. ئەگەر ئەم بارودۆخەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەر وەها بەردەوام بێت، جیهان نەک دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ویڵسن (ودرۆ وێڵسن، 28ـەمین سەرۆکی ئەمریکا)، بەڵکو بۆ پێش ویڵسنیش، بۆ سەردەمی فەوزا و ئەنارشیزم.