فیلەکەی بارزانی
کۆبوونەوەی ماڵی پەرتەوازەی شیعە لە دەوری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری و ئەو گرنگییەی بەسەردانەکەی درا، بەتەنیا بۆ چاوی حوسەین و برایەتی کورد و شیعە نەبوو، بەڵکو مەبەستی هاوپەیمانی شیعی گرتنەوەی "هەریسەیەکە"، بەبڕوای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی وەرگەڕانێکی نوێ دەبێت له نەخشەی سیاسی عێراقدا و کاریگەرییەکەشی بۆ چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت.
دوای ئەوەی 92 کورسی پەرلەمان، کۆکردنەوەی هێز لەنێو بەغدا و چواردەوری ماڵی فوئاد مەعسووم، دادی نووری کامیل مالیکی، سەرۆکوەزیرانی هەشت ساڵەی عێراقی نەدا (2006-2014)، ئەبوئیسرا تەواوی دەسەڵات و نفوزی خۆی لەپێناو لاوازکردنی حکومەتی عەبادی-دا خستەگەڕ، تووندترین لێدوانەکان لەلایەن پەرلەمانتارە نزیکەکانی مالیکی بوو، ئەو بانگەشە میدیاییەش دژ بە حکومەتی عەبادی کردی، دەرئەنجامەکەی هاتنی شەقام بوو بۆ سەر ناوچەی سەوز.
لەکاتێکدا وەزارەتی بەرگری عێراق خۆی بۆ شەڕی گرتنەوەی موسڵ ئامادە دەکرد، وەزارەتی داراییش لەگفتوگۆی بەردەوام دابوو بۆ بەدەستهێنانی قەرز لەچەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و سەرگرتنی ئەو دوو پرۆسەش دەبوونە دوو کۆڵەکەی گەورەی جێگیربوونی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی. بەرەی چاکسازی (کە 98 ئەندامی هەیەو زۆرینەیان لەئیئتلافی دەوڵەتی یاسان)، توانی گەورەترین گورز لە عەبادی بوەشێنێت، رۆژی 25ی ئۆگەست متمانەی لە وەزیری بەرگری حکومەتەکەی عەبادی وەرگرتەوە و بەکەمتر لە مانگێک دوای ئەو بەروارەش بەهەمان شێوە متمانەی لە هۆشیاری زێباری، وەزیری دارایی وەرگرتەوە، هەنگاوی داهاتووشیان ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەیە، کە لە ئەگەری وەرگرتنەوەی متمانە لەو سەرکردە، حکومەتی عەبادی رووبەڕووی کەوتن دەبێتەوە و بەهێزترین بژاردەش خودی مالیکی دەبێت بۆ جێگرتنەوەی.
هەیسەم جبووری، گوتەبێژی بەرەی چاکسازی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا نییەتی فراکسیۆنەکەی نەشاردەوە و بەڕوونی دەڵێت "سەرۆکوەزیران شکستیخوارد لە ئیدارەدانی وڵاتداو نەیتوانی بەڵێنەکانی بباتەسەر".
یەکێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا و نزیک لە مالیکی پێیگوتم، ئێران بەڕوونی پەیامیداوەتەوە هاوپەیمانی نیشتمانی کە دەبێت مالیکی بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. ئەو گوتی ئێران بەگومانە لەپشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ عەبادی و نیگەرانە لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لەلایەن سەرۆکوەزیران و بڕیاری رێگریکردن لەلایەنەکانی نێو حەشدی شەعبی بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردندا.
لەنێو هەوڵەکانی مالیکی-دا بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات (هەمان سەرچاوە پێی گوتم بەدڵنیاییەوە 160 دەنگێکیان هەیە) و لەلاوازترین ساتەوەختی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی-دا کە شەش وەزیری بەوەکالەت بەڕێوەدەچێت و لە کش و مات نزیکبوو، بارزانی سەردانی بەغدای کرد، سەردانێکی چاوەڕواننەکراو بەمیتۆدی سیاسەتی کوردی – عێراقی.
لەکاتێکدا چاوەڕێدەکرا بارزانی پرسی دوورخستنەوەی زێباری بکاتە بیانوو بۆ زیاتر دوورکەوتنەوە لە بەغدا، مەسعود بارزانی بەچوونە بەغدا و پێکهاتەی شاندەکەی و ساتەوەختی سەردانەکە چەند پەیامێکی گەیاند و فیلی شەترەنجی بەسەر بەیدەقی رکابەرەکانیدا تاودا.
یەکەم: پەیامێک بوو بۆ لایەنە کوردی و عێراقییەکان بەوەی دەتوانێ هەرکات بیەوێت زۆرینەی هێزە کوردییەکان کۆدەکاتەوە. بوونی سەلاحەدین بەهائەدین، کە یەکێکە لەدیارترین سیمبولەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستان، دووباڵی یەکێتی (پێشتر لە دژی زێباری دەنگیان دابوو) وەک هاوسەفەری بارزانی یەکدەنگی کوردی نیشاندا، بەتایبەت ئەو شاندە جگە لە دەنگی گۆڕان و کۆمەڵ تەواوی دەنگی کوردیی لەنێو پەرلەمانی عیراق (48 کورسی) و زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانیش (66 کورسی) لەخۆدەگرێت.
هەر ئەو سەردانەش کۆتاییهێنا بە هەندێک هەوڵی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی و بەغدا.
دووەم: بارزانی جەختی لە تەواوبوونی پلانی گرتنەوەی موسڵ کردەوە، بەوەش شکستی بەو هەوڵانەدا کە بەربەستیان دەخستە بەردەم گرتنەوەی موسڵ. بەوەش چانسێکی دیکەی بەخشییەوە بە حکومەتەکەی عەبادی لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەو هەماهەنگییەی لەگەڵ عەبادی ئەمریکییەکانی پشت ئەستوورتر کرد لە گرتنەوەی موسڵ.
سێیەم: بارزانی ئەوەیخستەڕوو کارکردن بۆ رێککەوتن و هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و هەولێر نابێتە رێگر لەبەردەم (سەربەخۆیی) کوردستان و دەتوانن کاری لەسەر بکەن، ئەوەشی بەڕوونی لە بەغداوە رایگەیاند.
سەردانەکەی بارزانی ویستێکی روونی ئەمریکای پێوەدیاربوو، کە دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا موسڵ رزگاربکرێت و حکومەتی عێراقی بخاتەوە سەر سکەی خۆی "عێراقێکی فیدراڵی" .
ویستێکی روونی هاوپەیمانە کۆنەکانی بارزانیشی لەسەر بوو (سەدر، حەکیم و نوجێفی) کە لەیەکەم کاردانەوەیاندا سەدرییەکان 24 کاژێر دوای سەردانەکەی بارزانی گەڕانەوەی خۆیان بۆ نێو ماڵی شیعە راگەیاند.
گوتەزایەکی عەرەبی هەیە"الاحسان بالتمام" هەنگاوی داهاتووی بارزانی دەبێت بۆ سلێمانی بێت، وەک چۆن بەسەردانێک بەستەڵەکی چەند ساڵەی بەغدا- هەولێری تواندەوە، ئاسانتر دەتوانێت لە سلێمانی بەدروستکردنی ئاشتەوایی کوردستانی هەنگاوێکی گەورەتر بنێت و ئەو لەکەیەی لەسەر هەرێمی کوردستانە (لەکارخستنی پەرلەمان) لای ببات و زۆرینەیەکی پەرلەمانی دروستبکات، کە ئەمەیان مەتڵەبێکی میللیە و (فەرزی عەینە).