پافڵ تاڵەبانی، كاراكتەرێكی تازەی گۆڕەپانی سیاسی
بە پێچەوانەی بەشێكی زۆری كاراكتەرە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان كە تەمەنی كاری سیاسییان نزیكەی نیو سەدە دەبێت، پافڵ تاڵەبانی تەمەنی سیاسی لە سێ مۆمەساڵ تێپەڕ ناكات، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا كاریگەرترین كاراكتەری گۆڕەپانی سیاسی بووە لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم كاراكتەرە سیاسیە تازەیە ئەگەرچی هیچ پۆستێكی فەرمی نە لە حكومەت و نە لە حیزبیشدا هەیە، بەڵام بەهێزترین پیاوی پشت رووداوە گەورەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی بووە لە هەرێمی كوردستاندا. پاڤڵ ئەگەرچی لای زۆرینەی سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كەسێكە هیچ حسابێكی سیاسی وای بۆ ناكرێت، بەڵام جووڵە و هەنگاوە سیاسییەكانی شتێكی ترمان پێدەڵێن كە ناكرێت نادیدەی بگرین. سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئامانجی ئەو نووسینە هەڵسەنگاندنی كارە سیاسییەكانی ئەو كاراكتەرە نییە كە ئایا هەنگاوی دروستن یاخود لە بەرژەوەندیی پرۆسەی سیاسین لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لەڕاستیدا ناساندنی كاراكتەرێكی تازە و گرنگی گۆڕەپانی سیاسییە كە لەتوانایدا هەیە هەر كاتێك رەوتی رووداوەكان بە ئاراستەیەكی تردا بگۆڕێت، ئاراستەیەك كە بە ئەستەم دەتوانرێت پێشبینی بكرێت.
پرۆسەی سیاسی لە كوردستان، یاخود روونتر بڵێین ململانێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لە چوارچێوەی چەند دامەزراوەیەكی بەناو "پارتی سیاسی" ئۆرگانیزە كراوە، بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی ململانێكان قەت لە لایەن حیزب وەك دامەزراوەیەكی سیاسی ئیدارە نەدراون، بەڵكو هەمیشە لەلایەن كەسایەتیە سیاسییەكان و سەركردەی یەكەمی حیزبەكانەوە یەكلاكراونەتەوە. بۆیە بوونی كاراكتەرێكی سیاسیی كاریگەر لەسەر پرۆسەی سیاسی شتێكی تازە نییە، هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئەوەی تازەیە ئەوەیە كە كەسایەتییەك نە كەسی یەكەمی حزبە و نە كەسی یەكەمی بنەماڵەیەكی سیاسیشە، بتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت لە سەركردایەتیكردنی پشتەوەی رووداوەكاندا، بەجۆرێك كە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بتوانێت چەند سەفقەیێكی سەخت و ئاڵوزی سیاسی ئەنجام بدات و ئامانجەكەشی بپێكێت! لێرەدا هەوڵ دەدەم جووڵە سیاسییەكانی ئەم كاراكتەرە تازەیە لە سێ وێستگەی سەرەكیدا شرۆڤە بكەم!
وێستگەی یەكەم
لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال یەكێتی بە قۆناغێكی زۆر سەختدا تێپەڕی، بەجۆرێك ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەكێتی ئەو قۆناغەی بە تەواوی تێنەپەڕاندووە. بەڕای زۆر لە چاودێران پێشبینی نەدەكرا یەكێتی تا ئێستاش بتوانێت بەوشێوەیەی كە هەیە بمێنێتەوە و دواتریش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە دوای پارتی زۆرینەی دەنگەكان بهێنێت. ئەو كاراكتەرە تازەیەی گۆڕەپانی سیاسی رۆڵێكی خەلاقی بینی لە دوورخستنەوەی هەموو ئەو كاراكتەرانەی تر جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی كە دەیانویست سەركردایەتی یەكێتی لە دوای تاڵەبانیی باوك بگرنە ئەستۆ، تا ئاستێك یەكێتی بە رۆیشتنی جێگری یەكەم و دووەمیش كێشەیەكی وای نەبێت. نەك ئەوە، بەڵكو ئێستا ئەگەر كۆنگرەش بكرێت هیچیان هێندەی بنەماڵەی تاڵەبانی دەنگ ناهێنن. پافڵ تاڵەبانی دەكرێت پشكی شێری بەربكەوێت لە هێشتنەوەی هەژموونی بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەر یەكێتیدا، تا ئاستێك رۆیشتنی دكتۆر بەرهەم وەك چاوەڕوان دەكرا نەك نیوەی یەكێتی لەگەڵ خوێ نەبرد، بەڵكو خەڵكی تریشی بردەوە بۆ ناو یەكێتی.
وێستگەی دووەم
سەفقەیەكی تری زۆر كاریگەر كە پافڵ تاڵەبانی توانی رۆڵی سەرەكیی تێدا هەبێت بریتی بوو لە بەلاڕێدابردنی پرۆژەی ریفراندۆم بە ئاراستەیەكی تەواو جیاواز لە مەبەستی ئەنجامدانی، تا ئاستێك كەس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد پافڵ تاڵەبانی ئەو كەسە بێت كە بتوانێت ئەو سەفقە سیاسیە قورسە بكات. نەك تەنیا ئەوە، بەڵكو كاریگەری زۆریشی بەجێهێشت لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان كە تا چەند ساڵێكی تریش نەك تەنیا لێكەوتە سیاسییەكانی، بەڵكو لێكەوتە ئابوورییەكانیشی دەمێنێتەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو كە جگە لە پارتی، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم كە هەمیشە تیریان لە سێبەری یەكێتی و پارتی دەكێشا، بۆ ئەم یاریەی پافڵ تاڵەبانی هیچ بەرسڤێكی وایان نەبوو، بەڵكو هەندێكیان بەپێچەوانەوە پارتییان زیاتر لە یەكێتی تاوانبار دەكرد لەو رووداوەدا. راستە ئەمە بەشێكی زۆری پێوەندی بە كۆدی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە لە كوردستاندا، بەڵام لە هەمان كاتدا پێوەندی بە تەوقیت و ئاگایی ئەنجامدەرەكانیشیەوە هەیە، چونكە بە پێچەوانەی مەزەندەی زۆر لە چاودێران، نەك دەنگی یەكێتی كەمی نەكرد بەڵكو زیادیشی كرد و ئێستا یەكێتی لە چوار ساڵی رابردووی بەهێزترە.
وێستگەی سێیەم
ئەو وێستگەیەی كە رۆڵێكی باڵای بینی لە هەڵكشانی پێگە و دەركەوتنی ئەستێرەی پافڵ تاڵەبانی چەند هەفتەیەك پێش هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی هەرێمی كوردستان، بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی كە پاڤڵ تاڵەبانی ئەندازیارە سەرەكیەكەی بوو. ئەو (بەرهەم) ـەی كە بەدیدی زۆرێكمان بە رۆیشتنی چاوەڕێی كەوتنی یەكێتیمان دەكرد، بەڵام دواتر لەڕێگەی سەفقەیێكی ئاڵۆزی سیاسی توانی بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەكێتی، بێ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریشی بۆ گەرەنتی بكات.
ئەم سێ وێستگەیەی ژیانی سیاسی پافڵ تاڵەبانی پێماندەڵێن كە كاراكتەرێكی سیاسی تری بەهێز بەڕێوەیە و دەیەوێت ئاراستەی رووداوەكان لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت. پێمان خۆش بێت یان نا، جووڵە و سەفقە سیاسییە نهێنییەكانی ئەو كاراكتەرە تازەیە كاریگەریی زۆریان دەبێت لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی و ئایندەی ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش پێوەندی نێوان پارتی و یەكێتی. بەجۆرێك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر تاوەكو ئێستا درزی نێوان پارتی و یەكێتی هەروا گەورەتر دەبێت، بەشێكی هەرە زۆریشی پێوەندی بە باڵابوونی كاریگەریی پاڤڵ تاڵەبانییەوە هەیە كە تا ئێستاش پارتی و لایەنەكانی تر نایبینن، یاخود نایانەوێت بیبینن. ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عێراق یەكێكە لە دیارترین ئەو دەرئەنجامانە.
تاوەكو مام جەلالیش لە ژیاندا مابوو، كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار هەمیشە بە راوێژی نێوان بارزانی و تاڵەبانی یەكلادەكرایەوە، بە مەرجێك ئەو كەسەی كە دەبوو بە سەرۆككۆمار دەبووایە بە فلتەری بارزانیشدا تێپەڕێت، بەڵام كاریگەریی سەفقەكەی پافڵ تاڵەبانی بەبێ گەڕانەوە بۆ بارزانی و راوێژكردن بەلایەنەكانی تر، توانی بەرهەم بخزێنیتە ناو ئەو یاریە و یەكلایەنە بۆ پۆستی سەرۆكی كۆمار كاندیدی بكات، بە جۆرێك لە دوای 2003 وە ئەمە یەكەمجارە پارتی و یەكێتی دوو كاندیدی جیاوازیان دەبێت بۆ ئەو پۆستە. ئەمە دەكرێت سەرەتای قۆناغێكی تری ململانێ سیاسییەكان بێت لە هەرێمی كوردستان. پارتی و لایەنەكانی تریش وا باشە وریاتر و ئارامتر مامەڵە لەگەڵ هەڵكشانی پێگەی ئەم كاراكتەرە تازەیەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بكەن، ئەگەرنا گوشاری زۆر لەوانەیە دەرئەنجامی خراپتری لێبكەوێتەوە و دواجاریش كاریگەری خراپی هەبێت بۆ سەر ئایندەی مانەوەی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی.