نامەیەك لە فەلەستینەوە

بۆ من چاوەڕواننەكراو بوو كە لە دیدارمدا لەگەڵ هاوڕێی كوردستانیم (تامان شاكر) باسی لێدوانێكی مەحموود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیی بۆ كردم و بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری ئەوەی دەكرد كە باشە نیاز و مەبەست چییە لە پێكەوە لكاندنی دۆزی كورد و قەیرانی سووریا! كەوتمە گەڕان لەدوای ئەو لێدوانەی ئەبو مازن بۆ ئاژانسی (ئیسنا)ی ئێرانی دابوو لە رۆژی 4/9/2013. لەوێ دەڵێت: دەستوەشاندنی ئەمریكا، سووریا بۆ پێش ساڵی 1924 دەگێڕێتەوە كە هێشتا ژێردەستەی فەرەنسا بوو. ئینجا بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی پرۆتستۆ دەكات، بەچاوپۆشی لەوەی كێ لە غۆتەی ریفی دیمەشق بەكاریهێنا. دەڵێت دەستوەشاندنی ئەمریكا دەرگا بەڕووی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و دەوڵەتی عەلەوی و دەوڵەتی حەلەبدا دەكاتەوە، هاوكاریش دەبێت بۆ بەرپابوونی شەڕێكی نێوخۆیی درێژخایەن. (لێرەدا دەبێت بڵێم كورد و عەرەب بەگشتی پێیانوایە كە مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە و بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم پەیوەندییە بەردەوامە پشتی بە ئاوێتەبوونی شارستانی و پێكەوەژیان و هاوكاری بەستووە. بەڵام لەنێو ئەمەدا پەیوەندی كورد و فەلەستینییەكان ریزبەندی یەكەمی گرتووە و جێی لەدڵدا گرتووە. ئەم پەیوەندییە لە زیاتر لە هەشت سەدە لەمەوبەرەوە بەهەندێ نیشانە و رووداوی دیاری نێو مێژووی هەردوو گەل جیادەكرێتەوە. بێگومان سەرەتاكەی بۆ ئینتیماكردنی زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان بۆ ئاینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. كەلەپووری كوردی- بە نووسراو و زارەكییەوە- زۆر ئاماژەی تێدایە كە گوزارشت لە وابەستەبوونی رووحیانە بە قودسی شەریف، پایتەختی فەلەستین و قیبلەی یەكەمی موسڵمانان دادەنرێ و دووەمین مزگەوت و سێیەمین حەرەمی شەریف لەخۆدەگرێ، جگە لەوەی رێی ئیسرا و میعراجی پێغەمبەری ئیسلام بووە بۆ ئاسمان.

جەنگی خاچپەرستانیش بە جومگەیەكی گرنگی چنین و بەهێزبوونی ئەم هەستە قووڵە دادەنرێ كاتێك سەركردەی مێژوویی ئیسلام سەڵاحەددینی ئەیوبی بە رەچەڵەك كورد بەرەنگاری شەپۆلەكانی هێرشی خاچپەرستان بووەوە و دواجار لە جەنگی حوتتین لە باكووری فەلەستین سەركەوتنە مەزنەكەی تۆمار كرد و قودسی رزگار كرد و مزگەوتی ئەقسای لەچنگی داگیركەران دەرهێنا و كەرامەتی بۆ تەواوی ئوممەتی ئیسلام گەڕاندەوە. لەم جەنگانەدا كوردێكی زۆر بەشدارییان كرد كە سەرخستن و پشتیوانیی لە ئیسلام هانیدەدان. لەو چوارچێوەیەدا دەیان ئەمیر و هەزاران جەنگاوەری كورد لە شار و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانەوە وەك بەدەنگەوە چوونێك بۆ ئەو بانگەوازی جیهادەی كە سەڵاحەددینی ئەیوبی رایگەیاند گەیشتنە خاكی فەلەستین. لێرەدا سەرگوزشتەیەكی سیاسەتكاری كورد سەڵاح بەدرەدین وەبیردێنمەوە سەبارەت بە هەڵوێستی نەگۆڕی كورد لە مەسەلەی فەلەستین. ئەو باسی یادی هەشت سەدە تێپەڕبوون لەسەر جەنگی حوتتین دەكات و دەڵێت لەڕێی دەزگاكانی راگەیاندنەوە زانیم كە زانكۆی تەل ئەبیب بەو بۆنەیەوە كۆنگرەیەكی زانستی دەبەستێ، كەچی نەمبیستبوو هیچ فەلەستینی و هیچ عەرەبێك بیریان لەو یادە كردبێتەوە، بۆیە سەركردایەتی رێكخراوی فەتحم لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەوكات لە توونس بوون. پێشنیازم بۆ بەڕێز یاسر عەرەفات كرد كە عەرەب و كورد و فەلەستینییەكان بەتایبەتی پێكەوە ئەو یادە بكەینەوە نەك ئیسرائیلییەكان. ئەویش بە گەرمی بەپیر بیرۆكەكەوە هات و بە پەژارەیەكی زۆرەوە باسی ئەو كەمتەرخەمییەی كرد و دەستبەجێ داوای لە یاریدەدەری ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، بەڕێز ئەخزەر ئیبراهیمی كرد كە ئەوكات بارەگای كۆمكاریش لە توونس بوو، بۆئەوەی دەستبەجێ بچێتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی سووریا ئاهەنگێكی جەماوەری رێكبخەن، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی گۆڕی سەڵاحەددین لەوێیە.

ئەم هەستەی سەركردایەتی فەلەستینی لەنێو رێكخراوی رزگاریخواز و بەتایبەتی سەركردەی كۆچكردوو ئەبو عەممار بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی، هۆكار بووە بۆئەوەی لە قۆناغە جیاوازەكاندا رۆڵی میانگیر ببینێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە لەنێوان بزاڤی رزگاریخوازی كوردی و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، لەم رووەوە لەهەندێ قۆناغدا هەنگاوی باشی هەڵێناوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرەی كوردستانی لە عێراق. هەر لەم روانگەیەشەوە هەمیشە رێگر بووە لە سەرگرتنی پلان و پرۆژەی نیشتەجێكردنی پەنابەرانی فەلەستینی لەناوچە كوردییەكانی سووریا و عێراق و بەردەوام پێداگری لەسەر مافی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ زێدی خۆیان كردووە، وەك چۆن پێداگریش بووە لەسەر گەرەنتیكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان بە گەلی كوردیشەوە وەك یەكێك لە پێكهێنەرە بنەڕەتیەكانی نەخشەی ئەم ناوچەیە كە ناكرێ پشتگوێ بخرێ و بازی بەسەردا بدرێ. جگە لە هەموو ئەوانەش سەركردایەتی فەلەستینی پاش گەڕانەوەی بۆ وڵات و دامەزراندنی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستینی بۆ ئەم پرەنسیپانەی خۆی بە وەفا مایەوەو پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو گەلی كورد و فەلەستین، بە كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی بزووتنەوەی كوردی لەوێ و بیركردنەوە لە گۆڕینی بۆ نوێنەرایەتییەكی خاوەن سیفەتی فەرمی پاش چارەسەری كۆتایی دۆزی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەنگاوێكی دیكەی گرنگ چووە پێشەوە. سەرۆك یاسر عەرەفات لەوە زیاتریش هەنگاوی نا بە دەستپێشخەری ریعایەتكردنی كۆنگرەی دامەزراندنی كۆمەڵەی دۆستایەتی فەلەستینی كوردی كە ساڵی 1999 لە بارەگاكەی خۆی لە رامەڵڵا بەسترا، ئەوەش یەكەمین كۆمەڵەی دۆستایەتی عەرەبی كوردی بوو لە سەردەمی نوێدا كە زۆری نەبرد لایەنی كوردیش بە دامەزراندنی یەكەمین كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردی عەرەبی لە هەولێری پایتەختی كوردستانی عێراق لەساڵی 2000دا وەڵامیان دایەوە.

جێی سەرنجە كە سەركردە سەڵاحەددینی ئەیوبی سەربازانی كوردی بەسەر هەموو ئەو شارانەدا دابەشكردووە و نیشتەجێی كردوون كە لەدەستی داگیركەری خاچپەرست رزگاری كردبوون و پارچە زەوی داونەتێ، بە تێپەڕبوونی رۆژگاریش، كوردە نیشتەجێكراوەكانی شارەكانی وەك قودس و خەلیل و عەككا و نابلس و غەززە سەرەتا گەڕەكی تایبەت بەخۆیان ئاوا كردووە و هەر بەناوی "گەڕەكی كوردان"یش ناویان رۆیشتووە، دواتر لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی فەلەستین تێكەڵ بوون و بوونەتە بەشێكی جیانەكراوە لە چنراوە نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكەی. لەناو ئەوانەشدا پیاوی ئازا و دلێر هەڵكەوتوون كە ئەوسا و ئێستاش هەر لە پێشەنگی هێزە تێكۆشەر و شۆڕشگێرەكانی فەلەستینن و لەسەرەتای شۆڕشی هاوچەرخی فەلەستینەوە بەردەوام دیل و شەهید و برینداریان پێشكەش كردووە.

ئێستاش گرنگترین شەقام لە كەرتی غەززە كە لە ئەوسەری باكوورەوە تا سنووری میسر درێژدەبێتەوە ناوی سەڵاحەددینی ئەیوبی لێنراوە، ئەوە جگە لە دەروازەی سنووریی نێوان میسر و فەلەستین كە هەمان ناوی لێنراوە بەوپێیەی خاڵی تێپەڕینی سوپاكانی بووە لە میسرەوە بەرەو شام. بەڵێ بەو قسانەی ئەبو مازن، سەركردەی كۆچكردوو یاسر عەرەفاتم بیرهاتەوە كە بەردەوام پێداگری لەسەر پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ گەلی كورد و سەركردەكانی دەكرد، بەهۆی ئەوەش ئەمڕۆ دەبینین جێ پەنجەیەكی جوانی فەلەستینی بەسەر ئەو پەیوەندییەوە جێهێشتووە و گەلی كورد بەوپەڕی رێز و تەقدیرەوە ناوی دەهێنن. هەروەها دێڕە شیعرەكەی سەمیح شەقیری شاعیرم بیردێتەوە كە لە وەسفی خۆشەویستی خۆیدا بۆ كوردستان دەڵێت "هاوڕێیەكم لە كوردستان هەیە ناوی شڤانە".پەیوەندی دۆستانە و هاریكاریی لەمێژینە لەنێوان هەردوو گەلی كورد و فەلەستین پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە. پێشتر سەرۆك ئەبو مازن بە فەرمی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و چاوی بە سەركردایەتی كورد كەوتووە. كەواتە ئێمە دەبێ لەگەڵ لایەنگریی تەواو بین بۆ گەلی كورد و هەموو گەلانی دونیا لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان لەسەر خاكی خۆیان، چونكە ئێمە خاوەنی دۆزێكی رزگاریخوازین و مساوەمە لەسەر پرەنسیپەكانی خۆمان ناكەین و وەسیەتی شەهیدانی رێگای ئازادی و سەربەخۆیی، لەپێش هەمووشیانەوە ئەبو عەممار جێبەجێ دەكەین.

* خانمە نووسەرێكی فەلەستینییە و ئەم وتارەی بەتایبەتی بۆ (رووداو) ناردووە.