داهاتی نەوت و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جینۆساید


بەرپرسیارێتی دەوڵەت بەرامبەر بە تاوانەكانی جینۆساید كە لە دژی كۆمەڵە خەڵكێكی ئاینی یان ئیتنیكی ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەكی ئاشكرا لەدوای تاوانی نازییەكان، پاش جەنگی دووەمی جیهانی سەری هەڵدا. لە11ی تشرینی یەكەمی 1948دا كە بڕیاری ژمارە 532 لەلایەن دادگای نۆرنبێرگ لە ئەڵمانیا دەركرا، تێیدا هاتبوو كە كۆماری ئەڵمانیای ئیتیحادی لەسەریەتی قەرەبووی ئەو زەرەر و زیانە ماددی و مەعنەویانە بكاتەوە كە بەر قوربانیان كەوتوون، لە ئاكامی ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدكردنی جولەكە لە ئەڵمانیا كە بە (هۆلۆكۆست) ناسراوە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی گەورەی جولەكە بوونە قوربانی. ئەوان لەدوای خۆیان نەوە یان میراتگری شەرعییان بەجێهێشت. دادگاكە مافی قەرەبووكردنەوەی زەرەر و زیانی مادی و مەعنەوی قوربانیانی پاراست، مافی ئەوەشی پێ بەخشین كە لە بەردەمی دادگا مەدەنییەكانی شوێنی نیشتەجێبوونیان، بۆیان هەبێ داوای مافەكانی خۆیان بكەن، ئەمەش بوو بە ئەرك لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتە تازەیەی كە بووە میراتگری دەسەڵاتی نازییەكان.

لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەشدا، كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی لەساڵی 1952ەوە تا ساڵی 2001 بڕی 615 ملیار دۆلاری ئەمەریكی وەك قەرەبوو بەرامبەر بە زیانە ماددی و مەعنەوییەكانی هۆلۆكۆست بە قوربانیانی ئەم تاوانە بەخشی. جگە لەوە حكومەتی ناوبراو بەگوێرەی ئەو یاسا نیشتیمانیانەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی دەریكردن، 5 ملیار یۆرۆی وەك قەرەبوو بەرامبەر بەو زیانانە بەخشیە قوربانیان.

ئەو حوكمانەش كە لەلایەن دادگای یەكەم و دووەمی باڵای تاوانەكان لە عێراق سەبارەت بە هەردوو كێشەی دوجێل و ئەنفال دەركران، ئاماژەن بۆ ئەوەی كە كەسوكاری قوربانیان و زەرەرمەندان مافی خۆیانە لەبەردەمی دادگا مەدەنییەكاندا داوای مافە یاساییەكانیان بكەن.

لە 24/6/2007دا، دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، بڕیاری ژمارە 1-ج2-2007 ی دەركرد و ئەمەی خوارەوەی گرتە خۆی:

1- تاوانی ئەنفال بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە دژی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دابنرێت.
2- پاراستنی مافی داواكاران لەوەی سەردانی ئەو دادگا مەدەنیانە بكەن كە تایبەتن بەداوای قەرەبووكردنەوە بەرامبەر بەو زەرەر و زیانانەی لە ئەنجامی ئەو تاوانانەدا بەریانكەوتووە.
لە 24/7/2007 دەستەی پێداچوونەوەی سەر بە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق بڕیاری وەرگرتنی رەزامەندی دا سەبارەت بە بڕیاری تاوانباركردن و دەركردنی حوكم، بەمەش بڕیارەكە دەرەجەی قەتعیی وەرگرت و بووە بنەمایەكی گرنگ بۆ سەلماندنی جینۆسایدكردنی گەلی كورد لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق.

لە 10/9/2008، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ژمارە 26ی دەركرد كە تێیدا قۆناغەكانی ئەنفالكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی كوردی بە تاوانی جینۆساید ناساند. خودی ئەم بڕیارانە ئەركێكی یاسایی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵی عێراق، ئەویش بریتییە لە بەرپرسیارێتی قەرەبووكردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی بەر قوربانیان كەوتوون. بژاردنەوەی زەرەرەكانیش چەند شێوازێكی هەیە، ئینجا چ بۆ تاكەكان بێت یان بۆ گرووپ، بەڵام مەسەلەكە بریتی دەبێت لە بژاردنەوەی تەواوی ئەو زەرەرانەی كە لە تاوانی جینۆساید دەكەوێتەوە.
لەوانەیە بژاردنەوە لەسەر شێوەی گێڕانەوە بێت، واتە گێڕانەوەی بارودۆخەكان بۆ كاتی بەر لە ئەنجامدانی تاوانەكان، لە كاتێكیشدا ئەگەر نەتوانرێت بەو رێگەیە زەرەرەكە پڕبكرێتەوە یان لەكاتی نەتوانینی رووماڵكردنی زەرەرەكە، ئەو وەختە پەنا دەبرێتە بەر شێوازی قەرەبووكردنەوەی دارایی، واتە بەخشینی بڕێك پارە، ئەمە جگە لە شێوازی رازیكردن، واتە داننان بە پێشێلكردن یان داوای لێبووردن و دەربڕینی داخ و پەژارە یان پێشكەشكردنی لێبووردنی فەرمی یان هەر شێوازێكی دیكە.

لە هەندێك حاڵەتدا پەنا بۆ هەرسێ شێوازەكەی بژاردنی زەرەر دەبرێت (گێڕانەوە، قەرەبوو، رازیكردن)، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا بژاردنەوەی زەرەر لەوانەیە شێوەی گێڕانەوە یان قەرەبوو یان رازیكردن وەربگرێت، ئەمەش بەپێی بنەمایەكی یاسایی گشتی نێودەوڵەتی كە دەڵێت: “بژاردنەوەی تەواوی ئەو زەرەرمەندییەی كە لە ئاكامی ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەكەوێتەوە لە رێگەی گێڕانەوە و قەرەبووكردنەوە و رازیكردن، ئینجا یەكێكیان بێت یان هەرسێ شێواز بەیەكەوە”.

 لێرەوە دەكرێ بگوترێ، ئەو زەرەرانەی كە لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید كەوتوونەتەوە لە یەك كاتدا خۆی لە زەرەری ماددی و مەعنەوی و ژینگەییدا دەبینێتەوە. بۆیە زۆر جار پێویست دەكات سەرجەم نرخەكانی كردەوە ناڕەواكە بەیەكەوە كۆبكرێنەوە، واتە دابینكردنی هەندێك لە شێوازەكانی بژاردنەوە یان هەموو شێوازەكان بەیەكەوە، بەگوێرەی جۆر و ئاستی زەرەری وەدیهاتوو، لەپێناوی هێنانەدی بژاردنەوەی تەواو.

هەر بۆ مەبەستی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جینۆساید لە هەرێمی كوردستان كە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ناوخۆیی مافیان پێدەدات (هەروەك ئاماژەمان پێكرد لە سەرەوە) پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەم یاسای ژمارە (5)ی ساڵی2013 دەردەكات، بەناوی یاسای دیاریكردن و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان- عێراق لە داهاتە ئیتیحادییەكان. ئەم یاسایە لە بڕگەی (6)ی ماددەی (2)دا دەڵێت: ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لە: “وەرگرتنی قەرەبووە شایستەكانی هەرێم لەو زیانانەی كە دەرئەنجامی ئەو كارە ستەمكارانەی رژێمی پێشوو بوون لە رێگەی داپڵۆسینی بە كۆمەڵ و جینۆساید و پرۆسەكانی ئەنفال و سیاسەتی زەوی سووتێنراو بە گوێرەی بڕگەی (1) لە ماددەی (112)ی دەستووری عێراقی فیدراڵ”. لە ماددەی (4)ی یاساكەشدا هاتووە: “پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەكی وەزاری پێكبهێنێت بە مەبەستی خەمڵاندنی قەرەبووە شایستەكان..... بە بڕە پارەی كاش یان بەوەی بەرامبەریانە لە عەینی شت لە نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان.......). هەمان یاسا لە ماددەی (6)دا دەڵێت: “پێویستە لەسەر ئەو وەزارەت و ئەو لایەنانەی ئاماژەیان بۆ كراوە لەم یاسایەدا لە ماوەیەك كە لە (60) رۆژ لە رێكەوتی بەكاربوونی ئەم یاسایەوە تێپەڕ نەكات، ئەركەكانیان تەواو بكەن و راپۆرتی كۆتاییان پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن بۆ پەسەندكردنیان لە ماوەیەك كە لە (30) رۆژ لە رێكەوتی گەیشتنی بۆ ئەنجوومەن تێپەڕ نەكات”.

بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی داڕشتنی پرۆژەیەك كە لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە ئامادە كراوە، زەرەرو زیانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد هەر لە ساڵی 1963 تا ساڵی 2003 بەم شێوەیە مەزەندە دەكات:

زیانی گیانی:306.840.950
زیانی ماددییەكان:32.848.252.600
زیانی ژینگە: 5.000.000.000
زیانی ناڕاستەوخۆ: 5.000.000.000
زیانی پشتگوێخستن: 30.000.000.000
دووبارە بنیاتنانەوە: 5.000.000.000
كۆی گشتی: 384.698.302.600 دۆلاری ئەمریكی

ئینجا لیژنەیەكی تایبەت بە ئەندامێتی نوێنەری هەریەك لە وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و پلاندانان كاریان كردووە بۆ خەمڵاندنی زیانەكان بۆ هەر قوربانییەك، لیژنەكە راپۆرتی خۆی پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، ئەویش داواكارییەكانی بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی حكومەتی فیدراڵ كردووە. بۆ نموونە لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ بەغدا لە 28/4/2013 بارزانی و مالیكی رێكەوتنێكی حەوت خاڵییان واژوو كرد و بەپێی خاڵێكی ئەو رێككەوتنە، حكومەتی فیدراڵ قوربانیانی جینۆساید لە هەرێمی كوردستان قەرەبوو دەكاتەوە. ئینجا بەپێی نووسراوی ژمارە 923ی رۆژی 24/7/2013 كە واژووی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە سەرە، داوا لەحكومەتی فیدراڵ كراوە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لەئەنجامی سیاسەتەكانی رژێمەكانی پێشووی عێراق لە ساڵی 1963 تا ساڵی 2013 بەر خەڵكی كوردستان كەوتوون. لە نووسراوێكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە ژمارە 980 لە رۆژی 6/8/2013 كە ئاراستەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای بژاردنی زەرەرەكان دەكات بە بڕی 384.698.302.600دۆلاری ئەمریكی. بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی فیدراڵ وەڵامی هیچ یەكێك لەو نووسراوانەی نەداوەتەوە و هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییە یاساییانە. لە بەرامبەریشدا یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان لە بڕگەی (2)ی ماددەی (6)دا ئاماژە بەوە دەكات كە لە حاڵەتی ئاگادارنەكردنەوەی حكومەتی هەرێم لەلایەن حكومەتی ئیتیحادیەوە بە ئامادەبوونی بۆ دانوستاندن دەربارەی شایستەكانی هەرێم، لەماوەی (30) رۆژ لەرێكەوتی وەرگرتنی داواكارییەكەی هەرێمی كوردستان یان بەسەرچوونی (90) رۆژ بەسەر رێكەوتی دەستپێكردنی دانوستاندن بەبێ گەیشتن بەپێكهاتنێك لەنێوان هەردوولایەن، یان بێدەنگبوون لەئاستی، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو رێكارانەی بەگونجاویان دەبینێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی بیانگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و غاز بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم ئەو شایستانەی كەوا حكومەتی ئیتیحادی خۆی لە دانەوەیان نادات.

بەمجۆرە بەپێی ئەم یاسایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی هەیە لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان قەرەبووی قوربانیانی تاوانەكانی رژێمی پێشوو بكاتەوە، واتە پێش ناردنەوەی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی عێراق ئەم بڕە پارەیە بگێڕێتەوە كە بۆ بژاردنی زەرەرەكان خەمڵێنراوە. بەڵام بێگومان جێبەجێكردنی ئەم رێكارانە واتە قەرەبووكردنەوەكە، پەیوەستە بە پابەندبوون بە حوكمەكانی یاسای نەوت و غازی ژمارە (22)ی ساڵی2007 كە تایبەتە بە مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتە وەرگیراوەكانی نەوت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە كە قەرەبووكردنەوەی قوربانیان لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان مانای ئەوە نییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لەڕووی یاساییەوە، بەڵكو بەرپرسیارێتی قەرەبووكردنەوە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە. بەڵام جێبەجێنەكردنی ئەو ئەركە یاساییە لەلایەن حكومەتی ناوبراو، ماف دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە داهاتی نەوتی هەرێم ئەو ئەركە بەجێ بگەیەنێت.