لۆبیی کورد بۆچی لە ئەڵمانیا هێندە لاوازە

زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان کە لەگەڵ هاوکارە کوردەکانمدا گفتوگۆ دەکەم، تێبینی ئەوە دەکەم کە دیاسپۆرای کورد و بە تایبەتی لۆبیی کورد چەندە لاوازە. فۆکەسی رێکخراو و کلۆبە کوردییەکان لە رادەبەدەر لەسەر ناوچەکانی خۆیانە، بۆ نموونە ئانادۆڵی رۆژهەڵات، فیدراسیۆنی باکووری سووریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو رێکخراوانە سیاسەتی نێوخۆی ئەڵمانیایان پشتگوێ خستووە، کەچی چاوەڕێی ئەوەش دەکەن وەکو ئەندامێکی کۆمەڵگای ئەڵمان بەجدی گوێیان بۆ بگیرێ. 

کاتێک بابەتی سیاسەتی ئەڵمانیا دەخرێتە بەرباس، لۆبیستە کوردەکان خۆیان بە پرسی هەناردەی چەکی ئەڵمانیاوە هەڵدەواسن. ئەم جەختکردنەوەیە هیچ بایەخێکی سیاسی نییە. ئەگەر بڕیار بێ ئەڵمانیا سبەینێ ناردنی چەک رابگرێ، ئەوە وڵاتانی دیکە هەن دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە بەهۆی پاشەکشێی ئەڵمانیاوە دروست دەبێ. 

لۆبیی کورد خۆی وەکو قوربانییەک دەبینێ، کاتێکیش ئەمە روانگەیان بێ، چیدی ناتوانێ وەکو هاوبەشێکی خاوەن پێگەی یەکسان لە گفتوگۆکاندا بەشدار بێ. دەربڕینی وەک “جیهان رووی لێ وەرگێڕاوین” هیچ نییە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئێمە قوربانین. ئەو میتۆدانەش کە بۆ راکێشانی سەرنج بۆ لای کۆمەڵگای کوردستان بەکاردەهێنرێن تەواو بێکەڵکن. 

وادیارە لای لۆبیی کورد ئەوە گرنگ نەبێ پشتگیری لە چ دۆزێک دەکەن، چونکە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو قەیرانێک پشت بە هەمان میتۆد دەبەستن کە خۆی لەم سێ شێوازەدا دەبینێتەوە: خۆپیشاندان، مان لە خواردن، کۆکردنەوەی واژۆ. 

ئەم سێ رێگەچارە سیاسییە تەواو بێکەڵکن، چونکە لە ئەڵمانیا هیچ هەنگاوێک یان کێشەیەکی سیاسیی نییە کە بە خۆپیشاندان، مانگرتن یان کۆکردنەوەی واژۆ گۆڕانی بەسەردا هاتبێ. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو گەورەترین خۆپیشاندان لە دژی رێککەوتنی جووت رێچکەیی ئەڵمانیا سازدرا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو رێککەوتنە هەر جێبەجێ کرا، هەرچەندە خۆپیشاندانەکانی کۆماری ئەڵمانیای دیموکرات (یانیش ئەڵمانیای رۆژهەڵات) لە ساڵی 1989 نموونەیەکی تایبەتن و خاڵێکی وەرچەرخان بوون لە مێژووی ئەڵمانیادا. 

راستە ئەمە شتێکی نوێ نییە، بەڵام کورد هەمیشە تەرکیزی لەسەر ژمارەیە: بۆ نموونە چەند خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون؟ کام ئاڵا بەرزکرابووەوە؟ بەڵام هیچکام لەمانە نامانگەیەنن بە هیچ. سیاسەت شتێک نییە لەسەر شەقامەکان بکرێ، بەڵکو سیاسەت لە ژوورە داخراوەکاندا دەکرێ، بۆیەش کۆمەڵێک گفتوگۆ و مشتومڕ لە باککگراوندی (کۆمەڵگا و سیاسەتی ئەڵمانیادا) بەس نییە، بەڵکو دەبێ پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتکارەکانی دیکەدا دروست بکەن و تەنانەت دەبێ ئامادە بن دەستی یارمەتی ئەوان رەتنەکەنەوە. 
ساڵی 2015 دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی ئەمەی تێدا بکرێ، کاتێک گەورەترین شەپۆلی کۆچبەران لە مێژوودا روویان لەم وڵاتە کرد. ئەو کات لۆبیستە کوردەکان، کلوبەکان و رێکخراوەکان دەیانتوانی زۆر خاڵی پەیوەندی بۆ کۆچبەرە کوردەکان دروست بکەن، یانیش دەیانتوانی جۆرە چوارچێوەیەک بۆ یارمەتیدانی دەمودەستی کۆچبەرە تازە گەیشتووەکان دروست بکەن، بۆ نموونە دەیانتوانی لە بواری وەک راوێژکاری بۆ کۆچبەرە تازە گەیشتووەکان و دابینکردنی وەرگێڕ هاریکار بن، وەک چۆن خاوەن بزنسە کوردەکانیش دەکرا هەلی کاریان پێبدەن. کارسازە کوردەکان دەیانتوانی کۆڕبەند یان کۆمەڵەیەک دروست بکەن و لەگەڵ نوێنەرانی بازرگانی هەموو پارتەکانی ئەڵمانیا پەیوەندی دروست بکەن. 

بەڵام زۆر لە رێکخراوە و نوێنەرایەتییەکانی کورد لە ئەڵمانیا گیریان بەوە داوە وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و پارتە کوردییەکانیش پڕوپاگەندە بەمەوە دەکەن. لای ئەوان کۆمەڵە وێنەیەک لەگەڵ سیاسەتکارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا زۆر گرنگترە لە لۆبیکردنێکی راست و دروست. 

پێویستە گۆڕانکارییەک لە بیرکردنەوەی ئەو ناوەندانەدا رووبدات، بۆ ئەوەی ئەم کلوب و رێکخراوە و لۆبیستانە بتوانن تێکەڵاوییەکی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیا و پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ سیاسەتی نێوخۆی ئەڵمانیا دروست بکەن. 

وەک نموونەیەک، پێدانی خەڵات بە سێ باشترین خوێندکاری ئەڵمانی ـ کورد لە کۆتایی ساڵی خوێندندا دەکرێ دەستپێکێکی باش بێ، یانیش رێکخستنی سیمیناری جۆراوجۆر و کۆرسی ئاخاوتن، سازدانی ئێوارە کۆڕی ئاڵوگۆڕی زانیاریی سیاسی، هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و هاندانی خوێندکاران بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارایان لە پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیادا هەبێ. 

پێویستە لە رێگەی پڕۆژەی هاوبەشەوە هانی تێکەڵاوبوونی کوردەکانی ئەڵمانیا بدرێ، لە هەمانکاتدا دەبێ بەرپرسیارێتییەکی سیاسی زیاتریش بگرینە ئەستۆ و تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێ لەگەڵیان رێککەوتن بکەین. جیا لەمە، لە روانگەیەکی درێژخایەنیشەوە، شتێکی بە سوود دەبێ ئەگەر پشتگیری لە کاندیداکانی هەڵبژاردنی هەرێمی و فیدراڵی بکەین. ئێمە پێویستمان بەوەیە ژمارەیەکی زیاتری نوێنەری کوردمان هەبێ و ئامانجی دوورمەوداشمان دەبێ پێکهێنانی گروپی پەرلەمانیی کوردەکانی ئەڵمانیا بێ.
 
ئەوە خاڵێکی گرنگە کە لۆبیی کوردی واز لەوە بێنێ هەموو جارێک باسی وڵاتانی دیکە بکات. ئەمە شتێکی ناپڕۆفیشناڵە و لەڕووی سیاسیشەوە بەرهەمی نەخوازراوی دەبێ. ئەوان پێویستە تەرکیزیان لەسەر کارەکانی خۆیان بێ. 

لۆبیی کورد دەبێ فێری ئەوە بێ کە ئەوان پێویستە پابەندی یاسای ئەڵمانیا بن. پڕوپاگەندەی بێمانا لەدژی دەوڵەتی ئەڵمانیا تەنیا کات بەفیڕۆدانە. لۆبیی کورد دەبێ بزانێ کێ نوێنەری کۆمەڵگاکەی ئەوانە و واز لەوە بێنێ لە روانگەی رەش یان سپییەوە باسی سیاسەتی دەرەوە بکات. تەنیا بەم رێگەیە دەتوانن بناغەی لۆبییەکی کوردیی بەهێز لە ئەڵمانیا دابنێن.

*سەلاحەدین کۆبان، ئەندامی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی مەسیحییەکانە.. یەکەم کورد بوو کە لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا لە 2017 کاندید بێ و ئەندامی گروپێکی ئەڵمانی ـ ئیسرائیلی و کۆمارییەکانی دەرەوەی وڵاتە لە ئەڵمانیا. بواری سەرەکیی کارکردنی سیاسەتی دەرەوەیە.