بۆچی بزووتنەوەی 1925 کارەکتەرێکی نەتەوەیی هەیە؟
"نووسینەوەی مێژوو ئەمانەتە. پێویستە نووسەر پابەندی ئەو ئەمانەتە بێت. بەتایبەتیش ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن، نابێت هەرگیز ئەم پرەنسیپە پشتگوێ بخەن. شێواندنی راستییەکان و سەروژێرکردنیان، رێک ناپاکییە". مەسعود بارزانی
هەروەک ئەوەی بەڕێز بارزانی ئاماژەی بۆ کردووە، بۆ ئەو میللەتانەی بێبەشن لە مافی خۆبەڕێوەبردن، خاوەندارێتی مێژوو، نەشێواندنی و سەروژێرنەکردنی ئەو مێژووە و گەیاندنی بە ئەمڕۆ، وەکو خۆی کارێکی پڕ ئاریشەیە، بەڵام دەبێت بکرێت. لەبارەی هۆکارەکەشی؛ بەداخەوە کە گەیاندنی رووداوەکانی مێژوو بە نەوەی داهاتوو بۆ کۆمەڵگە و میللەتە ستەملێکراوەکان "دادپەروەر" نییە. ئەوانەی لەسەر دەسەڵاتن، نووسینەوەی مێژوو بۆ ستەملێکراوان فەرامۆش ناکەن. ئەو مێژووەی بۆ گەلە ستەملێکراوەکان دەنووسرێت، هاوشێوەی رێکارەکانی دیکەیان "بێ بەزەییانە" و "بێ رەوشتانە"یە ئەو چیرۆکە پڕ لە زێدەڕۆییانەی بۆ خۆیانیان نووسیوە، بۆ ستەملێکراوان بریتییە لە 'مێژوویەکی فەرمیی شێوێندراو".
بەمەشەوە ناوەستن. هاوشێوەی تێڕوانینیان بۆ گرفتە سیاسییەکان، لە تێڕوانینیان بۆ رووداوە مێژووییەکانیش هانا دەبەنە بەر هەڵمەتی بەردەوامی نانیزامی. هەمیشە مێژووی ئێمەیان بە سیاسەتی لەنێوبردن و نکۆڵیکردن درێژەپێدا. هەر لەبەر ئەمەیە ئێمە ناتوانین وا لەوانە بکەین کە بە "رق" و "نەفرەت" حوکممان دەکەن، تێکۆشان و یاخیبوونی ئێمەیان 'بەدڵ بێت'. ئەوانەی بە پێداگیری و باوەڕەوە داکۆکییان لە ماف و مافە یاساییەکانی کورد کرد و لە ژێر پەتی سێدارە گیانیان سپارد، یان بە 'شاکی و سەرگەردە' لە قەڵەم دەدرێن، یانیش ئەو قارەمانانە حیسابیان بۆ ناکرێت. لەو کتێبانەدا لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێن، لە پۆلێنکردنی ئەو کۆمەڵانە جاران دامەزراون، کۆمەڵەی (جەمعیەتی) تەعالی کوردستان کە 1918 لە ئیستەنبووڵ دامەزراوە، لە ریزی 'کۆمەڵە زیانبەخشەکان" دانراوە. هەروەها باس لە کۆمەڵەی ئیستقلال (ئازادی) و خۆیبوون ناکرێت کە لە کوردستان دامەزراون. لەگەڵ زیاتر بەسەرچوونی رۆمانی "زۆراکی"ی ئایدۆلۆژیای فەرمیی سەت ساڵە، ئەوان لەڕێی ئەکتەرە تازەکانیان لە هەوڵی درێژەدانن بە سیناریۆ کۆنەکانیان. بێگومان تاوەکو ئێرە هیچ دۆخێکی سەرسوڕهێنەر لە ئارادا نییە.
چەند رۆژی رابردوو لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتیی رووداو دا هەڤپەیڤینی بەڕێز کاوە ئەمین و عەبدولئیلاهـ فرات بڵاوکرایەوە. عەبدولئیلاهـ مافی خۆیەتی بیرۆکەکانی خۆی لەبارەی بزووتنەوەی 1925 بخاتەڕوو، بەڵام بە سیناریۆکردنی خەونەکانی و هەوڵدان بۆ قوڕاویکردنی (بووختان هەڵبەستن) ئەو کەسایەتییانەی بوونەتە موڵکی مێژوو، بێ رێزییە بە مێژووی کوردستان و بە گوتەی بەڕێز مەسعود بارزانی "... ناپاکییە بەرامبەر ئەمانەت". گوتەکانی پڕن لە ناکۆکی و هاوکات نکۆڵی لە قۆناخی 1918-1925 و تەواوی ئەکتەرەکانی ئەو کاتە دەکات و ئەو گوتانەی شێخ سەعید ئەفەندی بەهیچ دادەنێت کە لە دادگە کردوونی. بەبێ ئەوەی بچمە نێو وردەکاریی پرسەکەوە، ئەو سەردەمە پووخت دەکەمەوە و هەڵوەستە لەسەر چەند خاڵێکی گرنگی دەکەم.
ساڵانی 1915-1930 لە میژووی کوردستان دا مەترسیدارترین قۆناخە. سەردەمی پەرتەوازەبوونی ئیمپراتۆریی عوسمانی، دووبارە دابەشکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دابەشبوونی کوردستانە. دوای جەنگی یەکەمی جیهان، رێک ئەوکاتە بوو کە کورد بە شێوەیەکی رێکخراوەیی سیاسی و کارا چووە سەر سەکۆی مێژوو. ساڵی 1918 لە ئیستەنبووڵ کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان. کۆتاییەکانی 1920 کۆمەڵەی لە ئەرزەڕۆم و کۆمەڵەی ئیستقلالی کوردستان و ساڵی 1927 کۆمەڵەی خۆیبوون دادەمەزرێت. ئەم سێ کۆمەڵەیە خاوەنی داواکارییە نیشتمانییەکانی کوردن و لەلای کۆمەڵگەی کوردی حیسابیان بۆ دەکرێت. کۆمەڵەی ئیستقلالی کوردستان چالاکترین کۆمەڵە بوو. بەوەی ناوەندەکەی کوردستان بوو، سەرکردەکەی خالید جبری بوو کە کەسایەتییەکی کاریگەر و متمانەدار بوو، کۆمەڵەکە خاوەن ستافێکی باشی سیاسی-سەربازی-دیپلۆماسی بوو و توانی ببێتە جێگەی متمانەی کوردانی موحافزکار. ئەمانە وایانکرد لە ماوەیەکی کەم دا ببێتە چەقی هێز. لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 1920 کۆمەڵەی ئیستیقلالی کوردستان کە بە سەرکردایەتیی خالید جبری لە ئەرزەڕۆم لەلایەن 24 ئەفسەری کورد دامەزرا؛ تاوەکو ساڵی 1923 درێژەی بە چالاکییە نایاساییەکانی دا. ئەم کۆمەڵەیە، لە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی روو سدا بە (کۆمیتەی ئەرزەڕۆمی کورد)، لە بەڵگەنامە ئینگلیزییەکاندا بە (کۆمیتەی کوردانی نەتەوەیی)، لە بەڵگەنامە فەرەنسییەکاندا بە (کۆمیتەی کوردی نەتەوەیی ئەرزەڕۆم) تۆمارکراوە.
کۆمەڵەی ئیستقلالی کوردستان ساڵی 1922 لەگەڵ کۆمەڵەی تەعالی کوردستان یەکیان گرت، لەکاتێکدا کۆمەڵەی تەعالی ساڵی 1920 لقەکانی داخرابوون. کۆمەڵەکە ساڵی 1923 دوای واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان ئامادەکاری بۆ یاخوبوونێکی گشتی دەکات. هەموو ئەو سەرچاوانەی ئێمە پێیان گەیشتووین لەمبارەیەوە کۆکن، بەڵام دیاریکردنی هەر رۆژێک لەم بابەتەدا زۆر لەخۆکردنە. لەم سۆنگەیەوە دوای ساڵی 1923 ئاراستەی بە لای کاری کوتلەیی دەگۆڕێت و پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان دروست دەکات. کارەکان لە چەند قۆڵێکەوە بەردەوام بوون. ئەندامی ناوەندیی کۆمەڵەکە کەمال فەوزی بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی سمکۆ (ئیسماعیل ئاغای شکاک) دەنێردرێتە لای. یەکێک لە ئەندامە گرنگەکانی کۆمەڵەکە یوسف زیا بە ناوچەی سەرحەد دا دەگەڕا و ئەندامی ناوەندیی کۆمەڵەکە مەلا عەبدولڕەحمان (شرناخی) لە ناوچەی بۆتان خرایە سەر ئەرک. هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە ئەفسەر ئیحسان نووری (ئیحسان نووسی پاشا) لەگەڵ هاوڕێیەکانی چالاکییان لە نێو سوپادا دەکرد. سەرکردەی کۆمەڵەکە خالید جبری چالاکییە دیپلۆماسییەکانی درێژە پێدەدا و هاوکات لەگەڵ یەک بە یەکی کەسایەتییە کاریگەرەکانی کوردستان دیداری ساز دەکرد. بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵگریی دەوڵەت، خالید جبری رۆژانی 5ی ئابی 1924 و 24ی ئەیلوولی 1924 لە ئەرزەڕۆم دوو جار لەگەڵ مەلا سەعیدی کوردی چاویان بەیەکدی کەوتووە. جگە لەوەش پاییزی 1924 لە ئەرزەڕۆم شێخ سەعید ئەفەندی و مەلا عەبدولحەمید دیداریان سازکردووە. ئامانج لە تەواوی ئەم دیدارانە بەدەستهێنانی کەسایەتییەکان بوو بۆ یاخیبوونێکی بەکۆمەڵ. لەکاتێکدا ئەندامانی ئازادی کاریان بۆ ئەوە دەکرد هەلومەرجەکان لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت، دەوڵەت دەست بە جووڵە دەکات بۆ ئەوەی پێش لە ئامادەکارییەکان بگرێت و هەوڵەکان لەبارببات.
هەواڵگریی ئیسرائیلی شالۆم ناکدیمۆن لە تێکستی ناساندنی کتێبی (مۆساد لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)دا دەڵێت: "ئەودیو پەردەیەکی وەها نەزانراو و رووداوی وەها کاریگەر هەیە، زۆر جار خێرایی پێشهاتەکان بەرەو دواوە دەڕۆن و بەهۆی ئەوەی دەرفەتی پرسینی 'بۆچی'مان پێنادات، ناتوانین شتەکان ببینین"[1].
هەروەک ناکدیمۆن باسی دەکات، پاییزی 1924 قەرەباڵخییەکی سەرسوڕهێنەر روویدا. بەر لەوەی ئازادی کارەکانی خۆی بە تەواوی چڕ بکاتەوە، دەوڵەت ئۆپەراسیۆنی پێشگرتن لەو کارانەی دەستپێکرد. هەر بۆ ئەم مەبەستە مستەفا کەمال پاشا سەردانی ئەرزەڕۆمی-ساریقامشی کرد کە ئەیلوولی 1924 دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی ئۆکتۆبەر خایاندی و مەبەست لێی چاودێریکردنی دۆخەکە بوو لە نزیکەوە. مستەفا کەمال لە وێستگەی ساریقامشی گەشتەکەیدا سەردانی ماڵی حوسێنزادە خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی کاڕاکوڕت و عەباسی برای دەکات. داوا لە هەردووکیان دەکات لەگەڵ خالید جبری کۆببنەوە و پاشگەزی بکەنەوە لەو چالاکیانەی دەستیپیکردووە. موحسین کاڕاکوڕت کە لە ماڵباتی عەباسە لەمبارەیەوە نووسیوتی:"راستەوخۆ دوای رۆیشتنی سەرۆککۆمار حوسێنزادە خەلیل و خالید جبری لە ناحیەی کاڕاکوڕت کۆبوونەتەوە و باسیان لەو یاخیبوونە کردووە کە جێی باس بوو، بەڵام هیچ کام لەو دوو لایەنە نەیانتوانیوە بەرامبەرەکەیان قایل بکەن. نزیکەی دوو مانگ دوای ئەو کۆبوونەوەیە خالید جبری دەستگیرکرا و بردرا بۆ گوندی کاڕاپنار، بەڵام دیسانەوە عەباس سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی نەیتوانی پاشگەزی بکاتەوە [2].
مستەفا کەمال بە ئامانجی ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی ئەو یاخیبوونە بە سەرکردایەتیی خالید جبری، کۆتایی پێ بهێنێت، چووە مەیدان. مستەفا کەمال رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 1924 لە ساریقامشەوە دەگەڕێتەوە ئەرزەڕۆم و چاوی بە خالید جبری دەکەوێت، بەڵام ئەو چاوپێکەوتنە بەوپەڕی گرژییەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆبوونەوەیەی مستەفا کەمال و خالید جبری لە ئەرزەڕۆم لە راپۆرتەکانی ئەرشیڤی دەوڵەتی یەکێتیی سۆڤیەت دا هەیە و بەوجۆرە باسی لێوە کراوە:
"خالید جبری ئامانجەکەی خۆی لە هیچ کەسێک ناشارێتەوە و بە ئاشکرا باسی دەکات. بەشداری لە بزووتنەوەی تورک ناکات و بزووتنەوەیەکی جیای دروستکرد. بە شێوەیەکی ئازادانە چەندین جار ویستوویەتی خۆی بۆ کاری کۆمەڵایەتی و چالاکیی جۆراوجۆر تەرخان بکات و هەوڵی دەست لەکارکێشانەوەی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو ئامانجەی. چونکە چالاکییە سیاسییەکانی خالید جبری بەدڵی دەوڵەتی تورک نەبوو. ئەوان بۆ ئەوەی خالید جبری لێیان دوورنەکەوێتەوە و لە ژێر چاودێرییاندا بێت، هەوڵیاندەدا لە دامەزراوە سەربازییەکاندا بیهێڵنەوە. دەگوترێت مستەفا کەمال لە دوایین سەردانی بۆ ئەرزەڕۆم چووەتە لای خالید جبری، پێیگوتووە لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت و واز لەو جۆرە بیرۆکانە بێنێت. خالید جبری لە ماوەکانی دواییدا دەستی بە چەند چالاکییەکی رێکخراوەیی کردووە"[3].
مستەفا کەمال دوای ئەوەی لە ئەرزەڕۆمەوە دەگەڕێتەوە ئەنقەرە، بۆ دوایین جار ئیلیاس سامی، پەرلەمانتاری مووش وەکو نێوەندگیر دەنێرێتە لای خالید جبری. خالید جبری لە ئەرزەڕۆم لەگەڵ ئیلیاس سامی کۆدەبێتەوە و هەموو ئەو داواکارییانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی کراون. دوای ئەوە راپەڕینی بەیتولشەباب کە بە سەرکردایەتیی ئیحسان نووری بوو کرایە بیانوو و سەرەتا یوسف زیا، دواتریش ملازم عەلی رەزا و فایەق و مەلا عەبدولڕەحمان دەستبەسەر دەکرێن.
دواتریش لە 20ی کانوونی یەکەمی 1924 خالید جبری، سەرکردەی ئازادی لە ئەرزەڕۆم دەستگیرکرا و لەڕێگەی ئاگری-پانتۆسەوە گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی بتلیس. چوار رۆژ دوای دەستبەسەرکردنی خالید جبری ، 24ی کانوونی یەکەمی 1924 شێخ سەعید ئەفەندی لە خنس بانگ دەکرێت و گوتەی لێوەردەگیرێت و دواتریش ئازاد دەکرێت. سێ رۆژ دوای ئازادکردنی شێخ سەعید ئەفەندی 27ی کانوونی یەکەمی 1924 بە کاڕلیئۆڤا-دا دەڕواتە دیاربەکر. خەلیل و بەرپرسانی دیکەی کۆمەڵەکە بانگەوازیان بۆ ئەندامیان دەکرد کە تووشی شڵەژان نەبن و وەڵامی دنەدان نەدەنەوە و بە ئارامی درێژە بە ئامادەکارییەکان بدەن. بە بۆچوونی بەرپرسانی ئازادی، دەوڵەت بە نیاز بوو چی زووە دەست بە هەنگاوەکانی بکات و بزووتنەوەکەش بەر لە دەستپێکردن بیتەقێنێتەوە و بیخنکێنێت. مخابن گەشتەکەی شێخ سەعید ئەفەندی لە پیران لە کۆنترۆڵ دەرچوو و دەوڵەت دەستی بەو دەرفەتە گەیشت کە دەیویست.
رووداوەکەی پیران چۆن روویدا؟
پێشتر من لە کتێبی (بزووتنەوەی 1925 کۆمەڵەی ئازادی)دا، دواتریش لەو گوتارانەم کە بە سەردێڕی " بزووتنەوەی 1925 کۆمەڵەی ئازادی 1-2-3" لە ماڵپەڕێک بە ناوی نەرینا ئازاد بڵاوکرانەوە، هەوڵمداوە بە وردەکارییەوە باس لە رووداوەکە بکەم. هەروەها من لەو گوتارەدا گوتوومە: ئەو شوێنەی جموجۆڵەکە تێیدا روویدا، سێگۆشەی دیاربەکر-بینگۆل ئێلازیخە. درێژبوونەوەی تاوەکو هێڵی باکوور-رۆژهەڵات کارڵیئۆڤا، ڤارتۆ و خنس لە بەشداربوونی "ناچاری" جبرانی و حەسەنانەکان بوو. ئەگەر بگەڕێینەوە سێگۆشەکە دەبینین ناوچەیەکی روون و دابەشبوونێکی ئاشکرا هەیە. بە زۆری کوردی زازای لێ دەژین. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. هۆزی گەورە و رێکخراوەیی لەو ناوچەیەدا نییە. زیاتر هۆزی بچووکیان هەیە، هەیانەش بەبێ بوونی هیچ هۆزێک دەژین. ئەگەر سەرنجی دابەشبوونی زەوییەکانیان بدرێت روونە کە ئەوان بێ کۆنترۆڵ دەژین. تاوەکو بڵێی موحافزکارن و ئەو تەریقەتەش کە لە ناوچەکەدا بڵاوە و زۆرترین ماڵبات پابەندن پێیەوە، نەقشبەندییە، ئەوان وابەستەن بە (پاڵۆ-پیران، چان، مەلەکان، شێخە گەنجەکان). بچووکیی ناوچەکە و بچووکیی هۆزەکان و سەختیی ناوچەکە نەیانتوانیبوو بەشداری لە فەوجەکانی حەمیدییەدا بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو خەڵکی ئەوێ ئەزموونی سەربازییان تاوەکو بڵێی سنووردار بوو.
کۆمەڵناس یوسف زیا دۆگەر کە لەڕووی کۆمەڵناسییەوە شارەزای ناوچەکە بوو و لێکۆڵینەوەشی لەسەر کردبوو، دەڵێت: "ئەگەر سەیری کۆمەڵگەکانی ئەو شوێنانە بکەین کە یاخیبوونی شێخ سەعید لێی روودا ڤارتۆ، کارڵیئۆڤا و خنس، دەبینین جگە لە چەند شوێنێکی کەمی ئەو ناوچانە نەبێت، ئەگەرنا لە زۆربەیان فەوجەکانی حەمیدییە پێکنەهێنراون. لە شوێنەکانی وەکو بینگۆل، پاڵۆ، لیجە، پیران، ئەرگانی و گەنج فەوجەکانی حەمیدییە دروستنەکران. ئەگەر سەرنج بدرێتە ئەو شوێنانەی کە دەوڵەت شێخ سەعیدی ناچار کرد تێیاندا یاخی ببێت، دەبینین ئەو ناوچانەن کە لەڕووی سەربازییەوە ئەزموونیان نییە و هۆزی بچووک بچووکیان لێیە. دیسانەوە ئەگەر سەیری ناوچەی یاخیبوونەکەی شێخ سەعید بکەین کە کوردی زازایە، ناچارین مانایەکی تایبەت بە بابەتەکە بدەین کە رێگەی تێدەچێت. باشە ئەگەر ئەمە رێگەی تێدەچێت کەوایە چ ئەرگومێنتیک لەوەدا هەیە کە عەقڵی دەوڵەت لەو ناوچەیەدا ناچارییەکی بۆ یاخیبوون دروستکرد؟".
ناوچەی پیران بە ئەنقەست هەڵدەبژێردرێت و ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوەی هەیە (پەرتەوازەیی، سەخت لەڕووی کۆنترۆڵکردنەوە، کەمیی زانیاریی سەربازی، بەرزیی هەستیاریی ئایینی) بزووتنەوەیەکی بێ پلان و ناڕێکخراو بەخۆیەوە دەبینێت کە روونە و بێگومان ئەمانە خاڵی سوودبەخشن بۆ دەوڵەت. تەنانەت شێخ سەعید ئەفەندیش جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو خەڵکەی لە دەوروبەری منن لەبەر ئەوەی هەژارن بە عیلم و زانست، جگە لە عەقیدە، فقهـ و فەرموودە هیچ شتێکی دیکە نازانن. ئەوکاتە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەخەی خواردنەوەی کحولییەکان لەلایەن مەدرەسە، شێخولئیسلام و دادگەکانی شەریعەت، هەروەها گۆڕانکاری لە چەند حوکمێکی مارەبڕین و جیابوونەوەی هاوژینان کاریگەرییەکی زۆری دروستکردبوو".
"...ئەم مەفرەزەیە دیلەکان دەبینێت و هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی محەممەد ئاغا. هەروەها زیندانییەکان سوێند دەخۆن و دەڵێن خۆیان رادەست ناکەن. هەرکە هەواڵەکەم پێگەیشت سەرم لێ شێوا. بۆ ئەوەی پشێوی دروست نەبێت چەند پیاوێکم نارد تاوەکو تکا بکەن و رێگری لەمە بکەن. ملازمێک هات و منیش هەستام. هەرچەندە دووجار پرسیارم کرد، بەڵام پەسندیان نەکرد. پێم گوت یەکسەر ئاژەڵەکان ئامادە بکەن. خۆیان ئامادەکرد، پاشان گوێیان لە دەنگی تەقە بوو. پێم وایە کوردێک و دوو جەندرمە بریندار ببوون. بۆیە پیرانمان بەجێهێشت و بەرەو خنس بەڕێکەوتین. بەبێ ئەوەی برۆینە هێنی (هانی) و رۆژی دووەم گەیشتمە گوندی کاغلیک". "کورد لە هەموو لایەکەوە بە جۆش و خرۆشەوە هاتبوون، نەمتوانی رێگری بکەم".
شێخ سەعید باس لەوە دەکات، کۆمەڵەکە زۆر موحافزکار بوون و بەرامبەر چەند پێشهاتێکی نێو تورکیا کاردانەوەی زۆریان هەبوو و ئەو نەیتوانیوە کۆنترۆڵیان بکات. بابەتێکی دیکە هەیە کە کاریگەری لەسەر شێخ سەعید دروستکردووە. ئەو بابەتە چییە کە بەوشێوەیە کاریگەریی لەسەر شێخ سەعید دروستکردووە؟
"تەشەنەکردن و فراوانبوونی ئەم رووداوە هەواڵی ساختە بوو، پیاوێک کە نەمدەناسی ئەو رۆژە لە ناوچەکانی لیجەوە هاتبوو گوتی، ئەوان لە ئەلعەزیزەوە هاتوون و ئەلعەزیز و دێرسم لەلایەن هۆزەکانەوە داگیرکراوە. یەکێکی دیکە لە سیلوانەوە هات و گوتی، ویلایەتی بتلیس لەلایەن هۆزەکانەوە داگیرکراوە. دوو رۆژ پێش ئێستا پیاوێک لە پیرانەوە هات و گوتی مادەن داگیرکراوە. چەند رۆژێکیشە دەگوترێت غازی عەنتاب و مەرەش لەلایەن هۆزەکانەوە داگیرکراوە. دەگوترا مووش لەلایەن نوح و خالید جبری و هۆزەکانەوە داگیرکراوە، ئەرزینجان لەلایەن خەڵکی دێرسمەوە و ترابزۆن لەلایەن لازەکانەوە داگیرکراوە. بە تەواوی سەرم سووڕما، لە سەرسامی و بیرکردنەوەدا بووم. جیهانی ئێمە بە تەواوی وێران بوو".
دوای ئەوەی رۆژی 13ی شوباتی 1925 رووداوەکان لە پیران روویاندا، داواکرا ئەو رێوشوێنانە بگیرێنەبەر کە جەمیل ئوبەیدین، وەزیری نێوخۆ رۆژی 16ی شوباتی 1920 واژۆی کردبوو و بۆ پارێزگاری پارێزگاکانی ناوچەکە و یەکە سەربازییەکانی ناردبوو.
"شێخ سەعید کە لەلایەن دادگای جەنگیی بتلیسەوە بانگهێشت کرابوو، نەچووە دادگە. دەرکەوتووە شێخ سەعید لە پیران دوو جەندرمەی بریندارکردووە و ژمارەیەکی دیکەشی بە دیلگرتوون و هێڵی تەلگرافیشی پچڕاندووە. سابق جبری و حەسەنەنلی خالید پەیوەندییان هەبووە.
چاککردنەوەی هێڵەکانی تەلەگراف بە گواستنەوەی سەرباز لە ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم و مووشەوە بۆ ناوچەکە، رێگریکردن لە فراوانبوونی جموجۆڵی کۆمەڵەکە، دەسەڵاتدان بە پشکنەری سوپای 3ی کازم پاشا بۆ شوێنکەوتن و لیکۆڵینەوە لە حەسەنەنلی خالید و هاوڕێیەکانی، رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگای شەڕی تایبەتەوە لە بتلیس دەستگیرکراون ، هەروەها بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دیاربەکر پێویست بوو بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان بگیرێتەبەر، بۆ کازم پاشا و ئەنجوومەنی دادگەی شەڕی جێهێڵرا"[4].
ئەگەر تەواوی ئەو گوتانە کۆبکەینەوە و هەڵیانسەنگێنین ، تابلۆیەکی بەوشێوەیە لە بەردەممان دروست دەبێت، شێخ سەعید ئەفەندی 27ی کانوونی یەکەمی 1924 لە شوشار کەوتەڕێ و لە ماوەی 45 رۆژدا چەندان شوێنی نیشتەجێبوونی بەسەرکردنەوە کە لە ژماردن نایێن. کۆبوونەوە و گفتوگۆی زۆری کردوون و لە کۆتاییدا 350-400 کیلۆمەتری بریوە و گەیشتووەتە پیران، لەو ماوەیەدا رووبەڕووی هیچ هێرشێکی دەوڵەت نەبووەتەوە، بەڵام لە پیران بەهۆی پێکدادانێک کە لەسەر گیراوان دروستبوو، ئەگەر دەربرینەکە گونجاو بێت 'قیامەت هەستا' و نەتوانرا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لەم قەرەباڵخییەدا ژمارەیەک ئەکتەر کە کەس نایانناسێت، لە هەموو شوێنێک دەرکەوتن. تەنانەت (ترابزۆن)یان گرت و بەوجۆرە گرتنی دیاربەکر دەبێتە 'واجب'. دەبێت دان بەوە دابنرێت کە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر سەرکەوتووە بۆ دەوڵەت. جێگەی سەرنجە دوای رووداوەکان دەستبەجێ رێوشوێنی تایبەت لە دژی ئەگەری رزگارکردنی خالید جبری و هاوڕێیەکانی کە لە بتلیس دەستبەسەرکرابوون گیرایە بەر. ئایا هیچ ئەرگیومێنتێکی دیکە هەیە بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنی سێگۆشەی ئێلازیغ- بینگۆل- دیاربەکر و 'ناچارکردنی یاخیبوون'ی شێخ سەعید ئەفەندی؟ با سەیری ئەمانە بکەین:
یەکەمیان ئەوەیە، سێگۆشەی دیاربەکر- بینگۆل-ئێلازیغ بەشێک لە کەمترین نەوتە کانزاییەکانی جیهانی تێدایە. چیرۆکی پاشماوەی کانزاکانی مس-کرۆم لە ناوچەی ئەرگانی-مادن درێژە. ساڵی 1924دا مۆدێرنیزەکردن و دووبارە کارپێکردن دەستیپێکرایەوە. بۆ ئەمەش هاوبەشی سەرمایەی بیانی پێویستە. لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان و دوای جەنگیش بەتایبەتی شارەزایانی ئەڵمانی پشکنینیان بۆ پاشماوەی کانزاکان کرد و گرنگی کانەکانیان بۆ پیشەسازی خۆیان بە ڕاپۆرت پێشکێشی حکومەتەکانیان کرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بەتایبەت کۆمپانیا ئەڵمانی و فەرەنسی و بەریتانییەکان ئامادەن بێنە ناوچەکە.
بۆ ئەم مەبەستە لەو پێشنیازە یاسایەی رۆژی 17-1-1924 پێشکێشی پەرلەمان کرا و لە دانیشتنی ژمارە 85'دا باسی لێوە کرا نووسرابوو: "کانی مسی ئەرگانی کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کانەکانی مسی جیهان و بەهای 50 ملیۆن لیرەی زێڕ بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی گەڕان کە لەلایەن لیژنەی زانستییەوە ئەنجامدراوە کە لە ئەڵمانیاوە لە جەنگی جیهانی دا بانگهێشتکراوە، نزیکەی ٪20ی کانزای پاکی تێدایە و 7٪ کانزای پاکی تێدایە".
پێشنیازەیاسای کارپێکردنی کانی مسی ئەرگانی 1ی نیسانی 1924 خوێندنەوەی بۆ کرا و پەسندکرا. پێشتریش رۆژی 14ی ئابی 1917 مافی ئیمتیازی پێدرابوو و رۆژی 18ی ئابی 1918 کاروباری بەڵێندەرایەتیی بۆ رایی کرا، هەروەها رۆژی 3ی ئایاری 1924 کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی کۆمپانیای نیشتمانیی تورکیی مسی ئەرگانی دامەزرا و ئیمتیازی لە بانکی نیشتمانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە. ساڵی 1928 نێوبانگی کۆمپانیاکە لەگەڵ بانکی ئیشی تورکیا یەکخرا. سەرنجڕاکێشترین تەوەری بابەتەکە ئەوەیە کە یەکەمین ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی کۆمپانیاکە رۆژی 5ی شوباتی 1925 کراوە و پشکی سەرمایەی بەشداربووانیش دیاریکراوە. بەگوێرەی مەدیحە موزەفەر بایساڵ، دابەشکاریی پشکەکانی بەشداربووان ساڵی 1924 کراوە. بایساڵ لەم بارەیەوە دەڵێت: "...ساڵی 1924 ئیمتیازی بانک تازەکرایەوە و پێنج دامەزراوەی جیاواز هەوڵی دامەزراندنی کۆمپانیاکەیان دا. ئەو دامەزراوانە: Syndicat d’Entrprleses d’Orient (فەرەنسی)، Socite Schrader (بەریتانی)، Kreditanstalit (ئەڵمانی)، - Deutche Bank (ئەڵمانی)، Baron Hirsch (ئوسترالی).
بەگوێرەی تۆمارەکانی کۆمپانیاکە خۆی، سەرمایەی سێ ملیۆن لیرەی تورکی بووە و خاوەنی نیوەی سەرمایەکە بانکی ئەڵمانی (Deutche Bank) بووە. هەرچەندە لایەنە پشکدارەکان ساڵی 1924 رێککەوتبوون، بەڵام رۆژی 5ی شوباتی 1925 لە کۆبوونەوەیەکی میژووییدا هاوبەشییەکە بە شێوەیەکی فەرمی راگەیێندرا. بە جۆرێکی دیکە بیڵێین، واتا هەفتەیەک بەر لە رووداوەکەی پیران. لە ناوچەیەکدا کە دەنگی پێیەکانی راپەڕین دەبیسترێت، واژۆکردنی وەبەرهێنانێکی گرنگ لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەڵبەتە بە هەڵکەوت نییە. بەگوێرەی بەڵگەنامەی کۆمپانیاکە: "رۆژی 6ی نیسان و 14ی ئایاری 1925دا پشکنین کراوە و بڕیار دراوە کە کاروباری کۆمپانیاکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی لە ئیستەنبووڵ بکرێت و بەڕێوەبچێت. بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی راپۆرت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە ئەرگانی و لیژنەی کار لە بەرلین دەدات".
...ئەندازیار مۆنسیۆر مۆلەر هێرینگ کە لە ساڵانی جەنگی گەورەدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە کانی ئەرگانیدا بەشداربووە لە کارگە تەکنیکییەکان، لە 1ی نیسانی 1925ەوە بەو مەرجە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دامەزراوەکە کاری کردووە، لە مانگێکدا سێ هەزار مارکی زێڕین و لە کۆتایی هەر ساڵێکدا مافی پاداشتیان هەبێت. هەموو ئەم بەشداری و هاوبەشیکردنانە هەفتەیەک پێش 13ی شوباتی 1925، کە یاخیبوونەکە 'هەڵگیرسا' کراوە، ئایا ئەمەش بە هەڵکەوت روویداوە کە رێکخستنی کۆمپانیاکە لە تورکیا و ئەڵمانیا و دانانی بەڕێوەبەران هاوکات بوو لەگەڵ شکستی بزووتنەوەکە کە لە نیسانی 1925 لە پیران دەستی پێکردووە؟
بەگوێرەی ئەوەی هەواڵگریی ئینگلیز رۆژی 20ی شوباتی 1924 زانی ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدانی ئازادی دەکرێت و ئەمەی بە لەندەن راگەیاند، ئەی چۆن سەرمایەدارانی نێودەوڵەتی قایل بوون لەسەر وەبەرهێنانێکی ئەوەندە گەورە؟ بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی د. ئیحسان شەریف کایماز، هەواڵگریی ئینگلیز ساڵی 1924 باش دەیزانی و زانیاریی لەبارەی ئامادەکارییەکانی راپەڕینی ئازادی هەبوو. Dobbs رۆژی 20-2-1924 لە راپۆرتێکی دوو بەشی دا لە ژێر ناوی (زۆر نهێنی) باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە. باس لەوە کراوە زانیارییەکان لەبارەی "سەفەربەری تورک" و "دۆخی کوردان لە تورکیا" لە ئەفسەرێکی نێو سوپای تورکیا وەرگیراون. لەو راپۆرتەدا ئەم زانیارییانە هەن: "...پڕوپاگەندەی بەربڵاوی سەربەخۆیی لەنێو کورد لە تورکیا بەردەوامە و بزووتنەوەکە لەلایەن خالید جبری لە هۆزی جبری سەرکردایەتی دەکرا کە لە رابردوودا فەرماندە بووە لە فەوجەکانی حەمیدییە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە، پۆستێکی ناچالاکی لە ئەرزەڕۆم پێداوە، بەڵام خالید جبری بەردەوام بوو لە کارەکانی، قایمقام خالید جبری لە عەشیرەتی حەسەنان، حەسەن ئاغا لە بەلکی (باتکی ت. س.) شێخ عەبدولڕەزاق و حوسێن پاشا لە هۆزی حەیدەرانەوە، پێیدەگوت ساڵحی کوڕی و چەند سەرۆک هۆزێکی دیکە لەگەڵی بوون. نووسەری راپۆرتەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە، ئەو کەسانە ئاگادارکراونەتەوە کە کارەکانیان لەلایەن تورکەکانەوە ناسراوە و چاودێری دەکرێت و ئەوانیش بە پشتگوێخستنی بانگەوازەکانی خزمەتی سەربازی، بەرخۆدانیان لە دژی حکومەتی تورکیا دەستپێکردووە. ناوبراو رایگەیاند بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ راپەڕین لە دژی تورکیا، ئەگەر بتوانرێت یارمەتی دەرەکی دابین بکرێت و سمکۆ کە دووژمنی تورکە، وا دیارە لەگەڵ تورکەکان بە باشی دەگونجێت، لە کاتێکدا لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ ئەم گرووپەدا پەیوەندیی هەیە و باسیش لەوە دەکرێت کە هەندێک کەس وەک حاجی موسای کوڕی میرزا هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەکەن".
لەو راپۆرتانەی باسیان لێوە دەکرێت تێدەگەین، حکومەتی تورکیا بە وردی چاودێری ئەو پێشهاتانە دەکات کە لە ناوچەکەدا روودەدەن و ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ئازادی دەستیان پێکردووە. بە گوتەی د.ئیحسان شەریف کایماز، هەنگاوەکانی دژی ئازادی بە سێ ئاراستەدا ئەنجامدراون، ئەویش بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئازادی بە سازدانی کۆنگرەیەک بە ناوی کۆنگرەی تورک-کورد لە دیاربەکر، رۆژی 1-8-1924. دووەم: لە پەلوپۆ خستنی سەرکردایەتیی رێکخراوەکە، سێیەم: چاودێریکردنی ئامانج و چالاکییەکان لە رێگەی سیخوڕەوە و دڵنیابوون لە گونجاوترین کات و شوێن بۆ فەراهەمکردنی تەقینەوە. ئەو پرسیارەی کە بۆچی حکومەتی تورکیا کە هێندە وردبین بوو لەو پرسەدا، دوای ئەوەی شێخ سەعید ئەفەندی خنسی بەجێهێشت، دەستوەردانی لە گەشتەکەیدا نەکرد؟ لە راپۆرتەکانی بەریتانیا هەڵوەستەی لەسەر کراوە. لە راپۆرتی رۆژی 4-3-1925 کە جەیمس مۆرگان، ئەفسەری وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامادەی کردووە، سەرنج دەخاتە سەر ئەو ئەگەرەی کە راپەڕینەکە لەلایەن تورکیاوە پلانی بۆ داڕێژرابێت.
لە راپۆرتی دیکەی جیاوازیشدا باس لەوە کراوە کە ئەگەر حکومەت پلانیشی بۆ دانەنابێت، زەوینەسازیی کردووە و چاوەڕێی روودانی ئەو تەقینەوەیەی کردووە. بە واتایەکی دیکە دەڵێن حکومەتی تورکیا لە خاڵە لاوازەکانی ئەوکاتی لایەنی کوردی زانیوە و زێدەڕۆیی لە جیدیەتی راپەڕینەکەی پیران دا کردووە و درەنگ دەستی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووە. دوای دەستپێکردنی راپەڕین، کۆبوونەوەیەکی سەربازی کرد و بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکاری هێنا . کاتێک بە وردی لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا دەکۆڵینەوە، دەبینین کەشێکی نائارامی نییە و تەنیا 10 رۆژ دوای سەرهەڵدانی رووداوەکان، پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە. رۆژی دووشەممە 23-2-1925 کۆبوونەوە هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیران عەلی فەتحی ئامادە نەبوو، کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی چوارشەممە 25-2-1925 دواخرا. لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە 25-2-1925دا گوتارەکەی سەرۆکوەزیران عەلی فەتحی زۆر سەرنجڕاکێش بوو.
"وەک دەزانن ئۆپەراسیۆنی ناستوری لە نێوەڕاستی هاوینی رابردوودا کرا و لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەندێک ئەفسەر کەوتنە ژێر باری پڕوپاگەندەی دەرەکی و سنووریان بەزاند. بە پشتبەستن بەو بەڵگە و ئاماژانەی دەستمان کەوتووە سەبارەت بەوانەی پەرەیان بەم ئۆپەراسیۆنە دا کە ئاماژەیە بۆ ناپاکی، هەندێک کەس دەستبەسەرکراون و لە دادگەی جەنگیی بتلیس دادگایی دەکرێن. کەسێک هەیە بە ناوی شێخ سەعیدە و یەکێکە لە شێخەکانی نەقشبەندی کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکراوانەدا هەیە.
...پێم خۆشە سوود لەو بەڵگەنامەیە وەربگرم کە لەو کاتەدا دۆزرایەوە بۆ ئەوەی شاندەکەت سەبارەت بەم بابەتە ئاگادار بکەمەوە. بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەستکەوتووە و ئەو نامەیەی لەسەر قوربانییەکان دۆزراوەتەوە، گوایە کۆماری تورکیا فەرمانی کوشتنی 800 کەسی لەو ناوچەیە داوە و شێخ سەعید لەنێو ئەو کەسانەدا بووە کە بڕیارە بکوژرێن. من ئەم زانیاریانەم بە پارە بەدەستهێناون و بۆ ئەوەی رزگارم بێت، ئێستا ناچارم پابەندی یاخیبوونێکی بەدخوازانە و رێکخراو ببم...
...بەڵام بەو پێیەی رووداوەکان بەگشتی پێشوەختە لە پیران سەریان هەڵدا، لە ناوچە لاوازەکانی وەکو پیران، لیجە، کۆچگیری، ئێستا باشووری هێڵی لیجە و پیران و باکوور کە گەیشتووەتە گەنج پێدەچێت ناوچەکە کەوتبێتە ژێر کاریگەریی ئەو پڕوپاگەندانەی من بڵاوم کردوونەتەوە. ئەگەر بە وردی تەماشا بکرێت، پڕوپاگەندە ئاشکراکراوەکە تەنیا لە قسەکانیدا پەسند دەکرێت، بەڵام لە راستی دا هاندانی خەڵکی کوردپەروەرە کە بەردەوام دەبیسترێت لێرە و لەوێ دەستگیردەکرێن، بەڵام بە یاسا ناتوانرێت دەستبەسەر بکرێن".
سێ خاڵی گرنگ هەن لە گوتارەکەی رۆژی 25-2-1925ی سەرۆکوەزیران عەلی فەتحی. یەکەمیان ئەوەیە کە لەسەر بوونی "چەند نیشانەیەک" دەڵێت، شێخ سەعید ئەفەندی پەیوەندیی لەگەڵ ژمارەیەک "کوردپەروەر"ی دەستگیرکراو لەلایەن دادگەی جەنگیی بتلیس هەیە، لەکاتێکیشدا بەگوێرەی یاسا هیچ بەڵگەیەک بۆ دەستبەسەرکردنی ئەوان نییە. ئۆپەراسیۆنەکە لە پیران "لە ناوەخت" تەقیوەتەوە و ئەمە بەڵگەیەکی دەوڵەت بووە کە کەوتووەتە دەستی شێخ سەعید (یانیش هەوڵدراوە) بگەیێندرێتە دەستی. لە راپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئینگلیزەکان ئەوە هەڵدەگۆزرێت؛ لە گوتەکانی سەرۆکوەزیران عەلی فەتحییەوە روونە کە دەوڵەت "بەپەلە" پێویستی بە روودانی راپەڕینیک هەبووە. راپەڕینیکی "بەپەلە"، بەتایبەتیش ئەگەر کورد سەرکردایەتیی بکەن، زەوینەسازی بۆ لەنێوبردنی هەمووان دەکات، هاوکات سێگۆشەی دیاربەکر-ئێلازیخ-بینگۆلی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بە مسۆگەری دەرگای وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بەسەردا بکرێتەوە.
راپۆرتێکی هەڵسەنگاندن هەیە ئەو وێنەیە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا. ئەوە دوای سەرکوتکردنی بزووتنەوە ئامادەکراوە و رۆژی 7ی ئایاری 1926 پێشکێشی دەسەڵاتی پەیوەندیدار کراوە. راپۆرتەکە لە ساڵانی 1924-1925 لە ئەرشیفی نەجمەدین ساهیر سڵان، سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە. یان ئاماژە بە ناوی ئەو کەسە نەدراوە کە راپۆرتەکەی ئامادە کردووە، یانیش وەرگێڕەکان بە گونجاویان نەزانیوەی ناوەکە بنووسن. هەرچەندە دەڵێت لە وەزارەتی پەروەردە کار دەکات، بەڵام لە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەشدارە. بەپێی ئەوەی نووسیویەتی، رۆژی راپەڕینەکەی پیران، لە ئێلازیخ بووە. ئەو لەگەڵ ئەفسەرەکان لە شار بووە کاتێک هێزە کوردییەکان چوونەتە نێو ئێلازیخ. کاتێک شارەکە کۆنترۆڵکراوە، بە دەوری ئێلازیخ، مەلاتی، مووش و بتلیس دا دەسووڕێتەوە و چووەتە دیاربەکر. زانیاری لەسەر دۆسیەی بتلیس هەیە؛ لە هەموو دادگەکان ئامادەیە و چاودێری هەموو لەسێدارەدانەکان دەکات. راپۆرتەکە بەناونیشانی (بە پووختی: لەبارەی کورد) ئامادەکراوە و با دوو بەش لە راپۆرتەکەدا بهێنینەوە: ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوانەی یەکەم جار دەست بە راپەڕینەکە دەکەن، زازاکانن. ئەوان لەسەر مەزهەبی شافیعین و لە سەر تەریقەتی نەقشی و لقی خالیدین. هەموویان داوای کردنەوەی مەدرەسەکان (حوجرە) و گەڕانەوەی سوڵتان و خەلیفە و فێرکردنی تەنیا قورئان و ئایینیان لە قوتابخانەکان دا دەکرد و دەیانگوت شەریعەتمان دەوێت.
...کەمێک دواتر ئەو رووداوە کە پارێزگاکانی دیاربەکر، بتلیس و مووشی گرتبووەوە، سرووشتی ئاژاوەگێڕی خۆی نیشاندا و ئاشکرای کرد کە بزووتنەوەیەکی دەرەکی بەڕێوەدەبرێت. ئەو بازرگانییە لە ئێران، عێراق، سووریاوە بەڕێوەدەبرا. رەنگە شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی هیچ بیرۆکەیەکیان نەبووبێت کە چ روودەدات؛ بەڵام ئامانجی د. فوئادی لەسێدارەدراو و یوسف زیای لەسێدارەدراو کە پەرلەمانتاری پێشووی بتلیس بوو، خالید خەڵکی جبران و حەسەنان کە یەکێکیان لەسێدارە درا و ئەوی دیکەیان رایکردە ئێران. هەروەها هەندێک هاوڕێ کوردپەروەرەکان جگە لە ئازادیی کورد هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبوو".
شرۆڤەی راپۆرتەکە لەبارەی ئەو کەسانەی یەکەم جار بەشدارییان لە راپەڕینەکەدا کرد، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەی شێخ سەعید ئەفەندی لە دادگە کردوویەتی. ئەو دەڵێت؛ لەگەڵ تەشەنەسەندنی رووداوەکە سرووشتی بابەتەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەروەها شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی زۆر ئاگایان لەوە نەبووە کە چ روودەدات. شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی هەروەها بە روونی باس لەوەش دەکەن کە ئاگاداری پێشهاتەکان نەبوون. لەو بەشەی راپۆرتەکەدا، خۆی لەوە ناپارێزێت کە بڵێت جگە لە "کوردانی راستەقینە" کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، کوردیش هەن کە هەڵوێستیان لەسەر پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی دوای "رێککەوتننامەی موندرۆس"ـە و ئامانجیان بەدەستهێنانی "پێگە و دەستکەوتە"..
لەبەر رۆشنایی سەرچاوە، تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە جیاوازەکانەوە خاڵێکی گرنگ پەی پێ دەبرێت کە ئەویش ئەمەیە؛ رووداوەکەی پیران بۆ کورد "ناوەخت" بووە و لە دیدی دەوڵەتەوە وەکو "دەرفەت" بینراوە. ئەحمەد سوورەییا ئۆرگەئێڤرەن، داواکاری گشتیی دادگەی ئیستقلالی رۆژهەڵات دەڵێت:"ئەمە دەرفەتێک بوو. دواتریش ناچارییەک دروستبوو، چونکە؛ دادگەی جەنگیی بتلیس لە ئەزەلەوە لە بەشێکی زۆری پارێزگەکانی رۆژهەڵات دا وردە وردە چاودێریی ئامادەکارییەکانی کوردپەروەران بووە و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە پەردەی دڕاندووە و بەنهێنی سەیری پێشهاتەکانی ئەودیوی کورد دەکات. بەڵام ئەگەر زیاتر لەوە دوابکەوتبا سوودی نەدەبوو، بگرە لەوانە بوو زیانیشی هەبووایە".
عەقڵی دەوڵەت وەک رووداوێکی 'خێردار' پێشوازیی لە پیران کرد کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوان بوو و پێیوابوو دواکەوتنەکەی دەتوانێت زیانێکی زۆری پێ بگەیێنێت. پیران لەڕووی شوێن و کات و گوتارەوە زۆر گونجاو بوو. راپەڕینێک کە تەنیا لە رێگەی گوتەی ئایینییەوە سەرهەڵبدات، دەستی تورکیا بەرامبەر رای گشتیی جیهان بەهێز دەکات و پشتیوانیش بۆ تورکیا دروست دەکات. لە کاتێکدا ئینگلیز و فەرەنسییەکان کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە هاوبەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون، پشتیوانیی خۆیان پێشکێشی کۆماری تورکیا کرد. مەرجیان دانا کە خەلافەت هەڵبوەشێتەوە، سەرکردایەتی جیهانی موسڵمانان لەبەرچاو نەگرێت و ئەوانیش لە جیهانی رۆژئاوادا وەکو بەشێک بمێننەوە.
ئینگلیزەکان لە رێی سێ بارەگای سەرەکی (قاهیرە، بەغدا، نیودەلهی) سەرکردەی نوێی جیهانی موسڵمانان بوون. لەلایەکی دیکەوە دوایین شت کە یەکێتی سۆڤیەت، دەسەڵاتی نوێی رۆژهەڵات، دەیانەوێت ئەوەیە کە راپەڕینێکی شەریعەتی لە تەکیدا دەربکەوێت. ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی هێزی نێودەوڵەتی، بە گوتەی کۆماری تورکیا زۆر گرنگە ئەگەری راپەڕین لە شێوازێکی 'شەرعی'دا بێت و 'سەرەتای' بێت. بەڵام خالید جبری لەو نامانەی کە ساڵی 1923 بۆ ئەفسەر قاسمی ناردووە، تێبینی و هۆشداریی جیدی لەسەر ئەم بابەتە (سرووشتی بزووتنەوەکە) هەیە. ئەو هۆشداریانەی باسیان لێوە دەکرێت ئاراستەی لایەنی کورد کراون. لە نامەکەیدا کە رۆژی 29ی ئایاری 1923 ناردوویەتی دەڵێت:" من بیانووی کەس سەبارەت بە ئایین و نەتەوە پەسەند ناکەم. ئێمە ئارەزووی ئەوەمان هەیە ، جا نازانم ئایا ئێوە لەگەڵمن یان نا. ...سرووشتی من رێگەی راستە نەوەک دووڕوویی و بەرژەوەندخوازی و شتی دیکە". "سەرم لەپێناو ئایینەکەم و گەلەکەم دەکرێتە قوربانی". خالید جبری لەکاتی دەربڕینی هەستەکانی خۆی سەبارەت بە ئایین و نەتەوە، لە نامەکەیدا کە رۆژی 7ی تەمموزی 1923 نووسیویەتی، بە روونی بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو پرسە ئاشکرا دەکات. خالید جبری دەڵێت: نموونەیی بوونی تورکی بۆ ئێمە مەحاڵە، بەڵام دەکرێت ئەوپەڕی و میانڕۆیی نموونەیی بوونی ئێمە (کوردیبوون) یەکبخەین. "ئەوانەی دژایەتی نموونەیی بوونی نەتەوەییەکان دەکەن، لەلایەن خەڵکەوە ناحەز دەبینرێن. خالید جبری لەو نامەیەیدا کە نیسانی (1923) نووسیویەتی، تێگەیشتنەکەی خۆی کە بە 'نموونەییبوونی ئێمە' پێناسە دەکات، روون دەکاتەوە؛ “...ئەمە سەردەمی بزووتنەوەی کوردە. بۆ ئێمە باشترە”. لە کۆتایی نامەکەدا دەڵێت، “تۆ بە ئاسوودەیی دانیشتوویت. خەواڵوویی دروست نییە. لە راستی دا پێویستە لە گۆڕەپان دا بە شەرەفەوە بمرێت”. لە کۆتاییشدا دەڵێت. هەروەها ئەو پرسانەی خالید جبری لە نامەکانیدا جەختی لەسەر کردوونەتەوە، ئاماژەن بۆ مشتومڕە بەردەوامەکانی نێو بازنە ئایینییە کوردییەکان. خالید جبری بە پێداگیرییەوە دەڵێت نەتەوەیبوون دژی ئیسلام نییە و ئەوانەی گەلی خۆیان ناپارێزن، "لە چاوی میللەت دا ناشیرینن". هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانەی خالید جبری لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک مەلا سەعید (کوردی)، شێح سەعید ئەفەندی، مەلا عەبدولحەمید ئەفەندی، شێخ عەبدوڵڵا ئەفەندی لە رۆژی جیاجیادا لە ساڵی 1924 ئەنجامی داوە، ئەو پرسانە دەگرێتەوە کە باسی لێوە دەکرێت و ئاماژە بۆ گرنگیی کردەوەیەک دەکرێت کە رێز لە بەها نیشتمانی و رۆحییەکانمان بگرێت. لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆمەڵەی (ئازادی) (لەگەڵ بەلشەفییەکان و ئینگلیزەکان)، دەڵێن، بوونی ئەو کەسایەتییە ئایینییانەی وەکو ئەوان رەفتار دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بزووتنەوەیەکی نیشتمانی، بەڵام دوای ئەوەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی کۆمەڵەکە دەستیان لەکارلادا و چوونە ریزی ئەو بزووتنەوەیەی لە ژێر سەرکردایەتیی شێخەکان دەستی پێکرابوو و گوتارەکانی 'شەرعی' بوو، ئەمە دەستی دەوڵەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کرد . هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو کە قۆناخی دادگە بەو فۆرمە نەخشەکێشیی بۆ کرا.
هەرچەندە دەوڵەت بە پێداگیرییەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەکە لە دادگەی جەنگیی بتلیس "دادگەیی" کران و ئەوانی دیکەش لە دادگەی رۆژهەڵات. ئەوان لە دوو کاتی جیاوازدا "دادگەیی" کران. بۆ نموونە د. فوئاد لە دیاربەکر دەستبەسەر کرا، بەڵام رانەگیرا و بەپەلە درایە دادگە و رۆژی 14ی نیسانی 1925 لەسێدارە درا. جگە لەوەش سەید عەبدولقادر و هاوڕێیەکانی بەبێ ئەوەی چاوەڕێی شێخ سەعید ئەفەندی بکەن لە مانگی ئایاری ساڵی 1925 لە سێدارەدران. تەنیا پیاوانی ئایینی (شێخ و مەلا) و هەندێک سەرکردەی هۆزەکانیان ئازادکردن کە ناچار بوو لە دوای پیران لەگەڵ شێخ سەعید ئەفەندی هەنگاو بنێن. پرۆسەکانی "دادگەیی" لە ماوەیەکی کورتی سێ مانگی دا بە جیا بەڕێوەدەچوون. عەقڵی دەوڵەت ئاگاداری ئەوەبوو کە پلانی بۆ داڕێژرابوو و ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەی هاوکات بەڕێوەبچووبووایە ئامانجەکەی نەدەپێکا و نەیاندەتوانی بەرگرییەک لەسەر بنەمای داواکارییە سیاسییە نیشتمانییەکان بخەنە مەترسییەوە. نەدەبوو ئەو لێدوانانەی کە زیان بە مانەوەی دەوڵەت دەگەیێنن، بخرێنە نێو ئەو بەڵگەنامانەوە کە دەبوونە میراتێک بۆ مێژوو. دانیشتنەکان بەجیا بەڕێوەچوون، کەشوهەوای هۆڵەکانی دادگە کە ببووە شوێنی نواندنی سیناریۆکان، ئەگەری دروستبوونی کاریگەریی بابەتەکە لەسەر کەسانی دیکە چاوەڕوانکراو نەبوو.
با سەیری پرۆسەی دادگەییەکە بکەین کە ئەندازیارییەکی ناوازەی شێخ سەعید ئەفەندی و هاوڕێیەکانی تێدایە. کاتێک دەڵێین دادگە باسی پرۆسەی یاسایی ناکەین. بەڵکو مەبەستمان ژینگەیەکە کە بڕیارەکان پێشوەختە دراون و ستافێکی تایبەت بە لەسێدارەدانی خەڵکی دیاریکراو هەیە و هەوڵدەدات بەر لە جێبەجێکردنی فەرمانی سێدارە، خەڵک تووڕە بکات و بیانکاتە دوو بەرەی دژ، بەجۆرێک بیانخاتە سەر ئەو شێوازەی کە دەیەوێت. پرۆسەکە بە دوو قۆناخ بەڕێوەچوو. چاوپێکەوتنی زیندان و قۆناخەکانی دادگاییکردن. چاوپێکەوتنەکانی زیندان بە شێوەی یەک بە یەک لەلایەن عەلی سایپ (ئورساڤاش)، ئەحمەد سوورەییا (ئۆرگەڤێرەن) و مەزهەر موفیت (کانسو) دەکرێن. ئێمە دەزانین دیداری زۆر بەڕێوەچوون. لەوانە تەنیا ئەحمەد سوورەیە (ئۆرگەڤێرەن) چەند دیدارێکی خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا باسکردووە. کۆبوونەوەکان بە مەبەستی دیاریکردنی نەخشەڕێگەی دانیشتنەکان بوو. ئەحمەد سوورەیە لە بیرەوەرییەکانیدا بەم شێوەیە باس لە ئامانجی کۆبوونەوەکانی زیندان دەکات: "زۆر گفتوگۆی نافەرمیمان لەگەڵ شێخ سەعید هەبوو – واتا لەو دیدارانەدا من نازناو و دەسەڵاتی خۆمم وەک دادوەری دادگەی سەربەخۆی رۆژهەڵات، لەلایەک جێدەهێشت ئینجا قسەم لەگەڵ دەکرد. من، بە سوود وەرگرتن لەو گفتوگۆ زۆرانەی لەگەڵ تۆمەتبار شێخ سەعید کردم و ئەو متمانەیەی بەرامبەر کەسایەتی نافەرمی و هەستی مرۆڤایەتی و راستگۆییم نیشانی دا، بە هەر هۆکارێک و رەچاوکردنێک بێت، هەندێک لەو راستیانەی کە دەمتوانی فێری بم، خستمەڕوو و گەیاندم لە ئەوەوە بۆ میللەتەکەم و مێژووی شۆڕش و شۆڕشی نەتەوەییمان، “من بە مەبەست ئەو کارەم دەکرد".
داواکاری گشتی دەڵێت، مەبەست لە گفتوگۆکان "سودمەندبوون"ی "خەڵکەکەم" بوو، بەجۆرێک بابەتەکە بە سوودی گەلەکەمان تەواو بێت. ئەو "سوود"ـەی کە باسی لێوە دەکرێت جگە لە نەدانی دەرفەت بە وشە و بیرۆکەی وەها کە لە داهاتوودا کێشە و گرفت دروست دەکات و بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان لەسەر بنەمایەکی ئایینیی وەها کە خزمەت بە "شۆڕشی نیشتمانی" بکات. هەر ئەمە بوو و هیچی دیکەش نا! تەنیا یەک نموونە لە گوتارەکانی زیندان وەبیردەهێنمەوە کە قسەی لەسەر دەکرێت:
- ئەحمەد سوورەییا: "ماسلوپ یوسف زیا و خالید جبری داواکارییان ئاراستەی ئێوە کردووە بۆ راپەڕین و باسیان لەوە کردووە کە دەست بەسەر کۆگای تەقەمەنیی سەربازانی بتلیس دا دەگرن. یوسف زیا هاتووچۆی ئێوەی دەکرد. نوح خەڵکی مووش و ئەویش لایەنگری بزووتنەوەی لەم جۆرە بوون. ئێوە نکۆڵیشتان لەسەر ئەوە نەکردووە کە ئاگاداری بزووتنەوەکە بوون..
- شێخ سەعیدی پیران: بیر و دۆزی ئەوان شتێکی دیکە بوو.
- ئەحمەد سوورەییا: دۆزێکی چۆن چۆنی؟
- ئەحمەد سوورەییا: دۆزی کوردستان.. لە یوسف زیا دامەزراندنی حکومەتی کوردیم بیستووە.
- ئەحمەد سوورەییا: فراوانکردن و قووڵبوونەوە لەم باسە هیچ سوودێکی لێ چاوەڕێ نەدەکرا. شێخ ئەفەندی بە یەکجاری و بە تەواوی رەتیکردەوە، بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ئاشکراکانی پێش سەردانەکەی بۆ پیران رێکخرابووبێت و پلانیان بۆ دانرابێت. جا چۆن بوێریی ئەوەی دەبێت پێم بڵێت لە سەر دۆزی کورد هاوئاهەنگ بووە و رێککەوتوون..."
عەقڵی دەوڵەت یەکسەر دەستوەردان دەکات لە "گوتارە مەترسیدارەکان"، تەنانەت لە گفتوگۆکانی زیندانیش دا و کەمتەرخەم نییە لە کێشانی سنوورەکان بە گوتنی "با ئەم بابەتە فراوان نەکەین یان قووڵتر نەکەینەوە". باشە سنووری ئەمە چییە؟ بۆ ئەوان پێویستە سەردەمی پێش پیران پشتگوێ بخرێت، نکۆڵی ئەوە بکرێت کە کارێکی رێکخراوەیی بووبێت، تەنانەت نابێ باسی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بکرێت. لە ئیفادەی دادگەدا ئیفادەی دوو کەس گرنگە. شێخ سەعید ئەفەندی و ئەفسەر قاسم. دەربڕینی کەسایەتییەکانی دیکە هاوشێوەی یەکدین و روونە کە هەمان سەرچاوەن. لە لێدوانەکەی شێخ سەعید ئەفەندی و وەڵامەکانی بۆ پرسیارەکاندا هیچ بەرگرییەک لە بزووتنەوەکە نییە. تەنیا قبووڵکردنی "زۆر" هەیە بۆ ئەو راپەڕینە کە لە پیران دەستیپێکرد. شێخ سەعید ئەفەندی دەڵێت، "نەمتوانی رێگری لێبکەم" و دەربڕینی "نە لە دژی بووم و نە لە پشتی بووم" بەکاردەهێنێت. پرسیارەکان سەبارەت بەوەی کە ئایا چالاکییەکی رێکخراوەییە یان نا، وەڵام نادرێنەوە. باسە گشتییەکە ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت "بڕگەکانی شەریعەت" جێبەجێ بکرێن. تاکە لەڕیزدەرچووی ئەم رەوتە لێدوانەکەی ئەفسەر قاسمە. بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت، ئەفسەر قاسم؛ '..بەڵام هۆکاری راستەقینەی سەربەخۆیی کوردستان بوو. کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆتاییدا ناوی 'کۆمەڵگەی سەربەخۆیی و سەربەخۆیی کوردستان' بەکاردەهێنێت. ئەفسەر قاسم باس لەوە دەکات کە بەشداری لە چالاکییەکانی کۆمەڵەکەدا نەکردووە، بەڵام لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ کردووە، ئەو چالاکییانەی ئەنجامدراون بە زارەکی و بە نووسراو بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی راگەیاندووە و داوای کردووە رێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر.
لە ئەنجامدا؛
- کارەکتەری بزووتنەوەی 1925 رێکخراو و نیشتمانییە.
- بوونی کەسایەتییە ئایینییەکان لەگەڵ ئامانجی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی دەگونجێت و سیما گشتییەکەی ناگۆڕێت.
-ئەوەی لە پیران روویدا، رووداوێکی پلان بۆ داڕێژراو و بڕیار لەسەر دراو نییە. رووداوی پیران بڕیاری ئازادی نەبوو و سەرەڕای هۆشدارییەکان لەبارەی ئازادی روویدا. هەروەها ئەوە بڕیاری شێخ سەعید ئەفەندی نییە. لەسەر بنەمای ئەمەش گوتەکانی عەبدوڵڵا هاوکات نییە لەگەڵ راستییەکان. ئیحسان نووری، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان کە لە سەردەمێکدا لە بەغدا بوو کە بزووتنەوەکە بەردەوام بوو. ئەو هەڵوەستە لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنە نادروستانە دەکات کە سەبارەت بە بزووتنەوەی 1925 کراوە و دەڵێت:
بە نموونەیی بوونی کورد لەسەر بنەمای ژیانی سەربەخۆ و ئازادانە لە وڵاتەکەی خۆی و رزگاربوونی لە کۆیلایەتی و دوورکەوتنەوە لێی، تێدەگەین کە دۆزێکی مانادار و جوانە، بەڵام بە هەڵە لێکدراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا راستکردنەوەی ئەو هەڵانەم لە ئەستۆ گرتووە کە بەرامبەر شەهیدان کراون".
ئەرکی هاوبەشی ئێمەیە لە مێژووی فەرمیدا سەربەخۆ بین ، دووربینیمان هەبێت بۆ ئەوەی بە رەخنەوە سەیری مێژووی ئەم دواییە بکەین، رووبەڕووی هەڵەکانمان ببینەوە و دژایەتی هەوڵەکانی شێواندنی مێژووی کورد و دروستکردنی تێڕوانینێکی پاشگەزبوونەوە بکەین. هاوکات رێز لە شەهیدەکانمان بگرین. جگە لەوەش، بەو پێیەی مێژوو بوارێکی هاوبەشی نیشتمانییە، ئەوە روونە کە پێویستی بە کاری هاوبەشی پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە ناحکومییەکان و ئەو رۆشنبیرانەیە کە کار لەسەر مێژوو دەکەن، بۆ ئەوەی لانیکەم مێژووی نوێ لە هەڵە پاکبکەنەوە.
30-1-2024 لەگەڵ رێزم
سەرچاوەکان:
[1] Şalon Nakdimon. Irak ve Ortadoğu’da Mossad, Elips Yayınları, 1.Baskı Temmuz 2004, s: Arka kapaktan
[2] Karakurt Muhsin, Reisicumhur Gazi Mustafa Kemal ve Sarıkamış, Eğitimedair.net
[3] Xalid Bey Hakkında Bir Değerlendirme ve Bir Belge(10), Çev. Aris Arda, http: www.newroz.com
[4] TBMM Zabit Ceridesi XII. İkinci Dönem, s:134