ئەمە سەرەتای زنجیرەیەك قەیرانە
هەرچەندە هێشتا لە سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی گەورەیی ئەو شۆكەداین كە پەتای COVID-19 دروستیكردووە، دەبێ بیر لە راستییەكی ئازاربەخشیش بكەینەوە. ئێمە لە قۆناخەكانی سەرەتای زنجیرەیەك قەیرانی یەك لە دوای یەكین كە بە هەموو جیهاندا بڵاودەبنەوە.
هەرگیز ناتوانین بگەڕێینەوە ئەو دۆخەی كە بە ژیانێكی ئاساییمان دەزانی، ئەگەر زلهێزە گەورەكان پێكەوە رێگەیەك بۆ هاوئاهەنگی و بەڕێكردنی ئەم كێشانە نەدۆزنەوە.
قۆناخی یەكەم بریتییە لە قەیرانی تەندروستی لەو وڵاتانەی كە خاوەنی ئابووری گەورەن. قۆناخی دووەم بریتییە لە ئیفلیجبوونی ئابووری، بەشێوەیەكی ئەوەندە گەورە كە ئێستا تەنیا سەرەتاكەیەتی. تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا 10 ملیۆن ئەمریكی بێكاربوون، زۆر زیاتر لەو 8.8 ملیۆن ئەمریكییەی لەنێوان ساڵانی 2008-2010 لە ماوەی 106 هەفتەدا بێكاربوون، لە ئەنجامی داكشانی ئابووری وڵاتدا. بەڵام ئەمە هێشتا سەرەتایە.
بێگومان دوای ئەمە قۆناخی نەمانی توانای دانەوەی قەرزەكانە لەلایەن وڵاتانەوە. ئیتاڵیا خاوەنی زۆرترین قەرزی گشتییە لەنێو وڵاتانی ئەوروپایی نێو زۆنی یۆرۆ و سێیەم وڵاتیشە لە جیهاندا. قەرزەكانی زۆر زیاتر دەبن، چونكە ناچاردەبێ پارەیەكی زۆر زیاتر خەرج بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ئەنجامی كۆرۆناوە دروستدەبێت. ئیتاڵیا سێیەم گەورەترین ئابووری ئەوروپایە، بەڵام یەكێك دەبێ لەو وڵاتە ئەوروپییانەی كە رووبەڕووی داڕمانی دارایی دەبێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئابوورییە داینامیكییەكانی ئەوروپا كە زۆرجار گرەنتی پارەپێدان و رزگاكردنی ئابووری وڵاتان دەكەن، ئەوانیش ژێر ئاو كەوتوون.
ئەڵمانیا كە زۆر لەمێژە تووشی داكشانی ئابووری نەبووە، پێشبینی دەكات ئەمساڵ ئابوورییەكەی بەرێژەی %5 پاشەكشێ بكات.
دواتر تەقینەوەكانی وڵاتانی تازەپێشكەوتوو دێن. تەنانەت ئەگەر گرفتی نێوان سعودیە و رووسیا چارەسەربكرێت، خواست لەسەر نەوت داڕماوە و بەمزووانەش چاكنابێتەوە. كەسێك لەنێو سێكتەری نەوت پێیگوتم كە كۆمپانیاكەی پێشبینیدەكات نرخی نەوت دەبێتە 10 دۆلار و لەوێش دەمێنێتەوە. بیربكەوە ئەمە چ مانایەكی دەبێ بۆ وڵاتانی لیبیا و نایجیریا و ئێران و عێراق و ڤەنزوێلا كە داهاتی نەوت بەشی زۆری داهاتی دەوڵەت پێكدەهێنێت، زۆرجاریش تەواوی ئابوورییەكەیە. ئەوانە تەنیا كە نرخی نەوت زیاتر لە 60 دۆلاربێت قازانج لە فرۆشی نەوت دەكەن. پێشبینی ناسەقامگیری سیاسی و كۆچبەری و تەنانەت شۆڕشیش بكە، بەڕادەیەك كە دەیان ساڵە شتی لەوشێوەیە رووینەداوە.
جیهان بە دوو ئالنگارییەوە چووە نێو قەیرانی ئەم پەتایەوە. جیهان نوقمی قەرزبووە. كەرتی تایبەت و هەم حكومەتەكانیش. كۆی گشتی بەرهەمە نێوخۆییەكان دەگەنە 90 تریلیۆن دۆلار، قەرزەكانی حكومەت و كەرتی تایبەتیش دەیكەنە 260 تریلیۆن دۆلار. دوو زلهێزی ئابووریی جیهان، ئەمریكا و چین، رێژەی قەرزەكانیان بەرامبەر GDPیان لەسەتا 210یە تاوەكو دەگاتە لەسەتا 310. ئەمە تاوەكو رادەیەك رێكدەخرێت ئەگەر ئالنگاری دووەم نەبووایە. ئەم قەیرانە لەكاتێكدایە كە هاوئاهەنگی جیهانی رووخاوەو سەكردەی تەقلیدی و رێكخەری ئەو هەوڵانە كە ئەمریكایە، بەتەواوی دەستی لەو رۆڵەی هەڵگرتووە.
مانگی رابردوو گرووپی حەوت نەگەیشتنە بڕیارێك بۆ دەركردنی راگەیێندراوی كۆتایی هاوبەش، چونكە ئەمریكا رەتیكردەوە واژۆ لەسەر هەر شتێك بكات ئەگەر ناوی نەخۆشییەكە بە ''ڤایریسی وهان'' ناو نەبات، ناكۆكییەك كە زۆر لە ناكۆكی قوتابی ئامادەیی دەچێت. پێویستە چەقی هەر هەوڵێكی جیهانی، هاوئاهەنگی نزیكی نێوان ئەمریكا و چین بێت. بەڵام ئێستا پەیوەندییەكانیان بەتەواوی داڕماون و هەرلایەكیان لۆمەی ئەویدیكەیان دەكات. كۆبوونەوەی گرووپی 20یش شكستیهێنا.
تەنانەت یەكێتی ئەوروپاش نەیتوانی بەزوویی و جیدی گەورەیی پەتاكە بزانێت. راگەیێندراوێكی بێمانای سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئەوروپا بووە هۆكاری خراپترین داڕمانی بازاڕی ئیتاڵیا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
چیمان لە هاوئاهەنگی زیاتری جیهانی دەستدەكەوێت؟ لەبەرئەوەی بەشی زۆری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە پەیوەندی بە گەشتكردنەوە هەیە، زۆر كاریگەرتر دەبوو ئەگەر قەدەخەی هاتووچۆ و رێنماییەكان بەهاوئاهەنگیكردن بووایە. لەكاتی
داكشانی 2008-2009دا بانكە ناوەندییەكان و حكومەتەكان پێكەوە كاریانكرد و هاوكاربوون لە راگرتن و كەمكردنەوەی پەتا ئابوورییەكە. بەبێ هاوكاری و هاوئاهەنگیكردن، وڵاتانی عێراق و نایجیریا دەتەقنەوەو دەبنە هۆكاری بڵابوونەوەی نەخۆشی و كۆچبەری و تیرۆریزم لەودیو سنوورەكانیانەوە.
ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند پارە دابین بكەن و زانیاری بدەنە یەكتر، دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاكسین خێراتر دەبێت. كە كاتی كردنەوەی ئابوورییەكان دێت، هاوئاهەنگی لە بازرگانی و گەشتكردندا لە قازانجی هەموومان دەبێت.
ئەو گرفتەی ئێستا یەخەیان گرتووین فراوانە و جیهانییە، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەكەی تەسك و سنووردارە.
ژێدەر: رۆژنامەی (واشنتن پۆست)
*فەرید زەكەریا، رۆژنامەنووسێكی ناسراوی ئەمریكی بە رەچەڵەك هیندییە، پێشكەشكارە لە کەناڵی (CNN)ی ئەمریكی و گۆشە نووسە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست و گۆڤاری نیوزویك