رەنجی شەهیدان #ranjishahidan
سوهێر قەیسی
دەڵێن فریشتەكان لەپاش رۆیشتنی یەك لەدوای یەكی پێغەمبەران ئیدی ئاسەوارێكیان لەسەر زەوی نەما، بەڵام من هەندێ جار لەژیانی خۆمدا فریشتەی لەجۆری دیكەم بینیون، یان لەبارەیانەوە شتم بیستووە.. زۆر شتم لەبارەی ئەو پیاوانە بیستووە كە خوداحافیزی لە كەسوكاریان دەكەن و پشت لە منداڵەكانیان و پارچەی جگەریان دەكەن بۆئەوەی رووبكەنە گۆڕەپانی شەڕ و بەرەوڕووی تیرۆریزم ببنەوە. ئەو پیاوانەی سنگی خۆیان دەكەنە قەڵغان بۆئەوەی نەهێڵن گوللەی رێكخراوێكی دزێو بگاتە خاكی نیشتمانیان.. هەندێ لەوانە كە دوایین جار لەماڵ دەرچوون بەرەو گۆڕەپانی شەڕ، وێنەیەكی منداڵە بچووكەكەیان لەگیرفانیان ناوە.. هەندێكیشیان دوعایەك كە دایكیان لەگیرفانی چاكێتە عەسكەریەكەی ناون. ئا بەمجۆرە رۆحی خۆیان خستووەتە سەر دەستیان و یادگارییەكانیان لەنێو دڵی خۆیان حەشارداوە و وەك جەنگاوەر رۆیشتوون.
فەلسەفەی خۆبەقوربانیكردن خوێنەری ئازیز بڕێكی یەكجار زۆر بەخشندەیی تێدایە. تۆ لەوە بەخشندەتر نابینیتەوە كە قوربانی بەگیانی خۆی دەدا لەپێناوی بیروباوەڕ و نیشتمانەكەی.. لە شەهید بەخشندەتر نادۆزینەوە، هەربۆیە ناتوانین بە هەرچی مەدح و سەنا هەیە پاداشتی بكەین، بەڵام دەتوانین دڵنەوایی خێزانەكەی بكەین و دڵنیا بكەینەوە و فرمێسكی منداڵەكانی بسڕین، ئەمە لانیكەمی ئەوەیە كە لەدەستمان دێت.
تۆڕی میدیایی رووداو چەند رۆژێ لەمەوبەر دەستی بە كەمپینێكی گەورە كرد بۆ دەستگیرۆیی خێزانی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی گیانی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشی مەلعوندا بەخشی. توێژێكی گەورەی خاوەن كارو سەرمایە و كەسایەتییە گرنگەكان بەپیر ئەم كەمپینەوە هاتن كە ئەمە بۆ من هەواڵێكی زۆر خۆش بوو.
بەڵام هێندەی ئەو دڵخۆشیەم ئازاریشم چەشت لەوەی لە سەرانسەری عێراق بەگشتی كەمپینێكی ئاوا بۆ هاوكاریكردنی خێزانی شەهیدان نابینی.. خۆ شەهیدانی ئەوانیش زۆر زۆرن، تەنیا سوپای عێراق نییە كە شەهیدی بەخشیوە، كوڕانی هۆزەكان و ئەوانەی بە ناحەق كوژران، وەكو ئەوەی لە كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر روویدا، هەریەك بەشێوازی خۆیان بەرەوڕووی تیرۆر بوونەتەوە.
من لێرەدا دەپرسم: كێ ئەو ئاگری ناسۆرە خامۆش دەكا كە لەدڵی دایكی شەهیدێكدا هەڵبووە؟ چی بەسەر ئەو خێزانە دێ پاش ئەوەی تاكە بەخێوكەریان لەپێناوی وڵات دەبەخشن؟
پرسیارەكەم بۆ هەموو ئەوانەیە كە دەتوانن یارمەتیەك پێشكەش بكەن و نایكەن.
ئایا پاداشتی چاكە هەر چاكە نییە؟