48 کاژێری یەکلاییکەرەوە لە بەغدا

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەچووەتە بەغدا، چونکە ئەو بڕوای وایە کە هاوبەشەکان لێک تێگەیشتن، کێشەکان ئاسان چارەسەر دەبن و هیچ کێشە یان قەیرانێک لەنێوان ئەندامانی "یەک ماڵ"دا نییە. وەک ئەوەی بەردەوام بە زمانی کوردی دەیڵێتەوە "موشکیلە نییە"، چونکە ئەو لە قووڵایی دڵییەوە بڕوای وایە کە گفتوگۆ کلیلی ئارام و تاقیکراوەیە. بە شایەدی هەموو عێراقییەکانیش، نێچیرڤان بارزانی پیاوی گفتوگۆیە.
 
بەغدا، بە هەموو سەرکردە سیاسییەکانییەوە چاوەڕێیبوون، چونکە بە باشی و لە رێگەی ئەزموونی ساڵانێکی زۆری مامەڵەکردن لەگەڵیدا، زانیویانە کە ئەو بۆ بەشدارییەکی کارای چارەسەرکردنی کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت هاتووە.
 
ئەمەش ئەو راستییە بوو کە لە یەکەم لێدوانیدا دوای گەیشتنی بۆ پایتەختی عێراق جەختی لێکردەوە و گوتی: "هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکات و، هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکات بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵ". ئەم لێدوانە خۆی لە خۆیدا کورتیی نیازە پاکەکانی و باوەڕەکەی و هۆکاری چوونی بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەردەخات.
 
لە فڕۆکەخانەوە بۆ لای سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، چاوەڕێیبوون. لەوێوە دەستی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد کە 48 کاژێر دەخایێنێت، تاوەکو بەبێ بەفیڕۆدانی هیچ کاتێک دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات. باسی لە دابەشکردنی وەزارەتەکان و پشکی کورد لە حکومەتی نوێ دا نەکرد، بە دڵنیاییەوە ئەو ئاگاداری نەخشەی سەرەتایی حکومەتی داهاتووە و لە بەش و رۆڵی کورد تێیدا دڵنیابووەتەوە، نەک وەک خێر و چاکەیەک، بەڵکو وەک مافێکی کورد وەک هاوبەشی راستەقینە لە دروستکردن و دەرکردنی بڕیار و پابەندبوون پێیانەوە و وەک گرێبەست یان پەیمانێکی نیشتمانی کە هەڵناوەشێتەوە، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی وەرچەرخانێکی جۆریی نایاب لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان و بەشداریکردن لە گواستنەوەی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دا.
 
لە ماوەی چەند کاژێرێکدا کە تێیدا پشووی نەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و عەممار حەکیم، رێبەری رەوتی حیکمە کۆبووەوە، پێش ئەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆببێتەوە. زمانی جەستە لە وێنەکانی ئەم کۆبوونەوانەدا ئاستی ئەو ئاسوودەیی و لێکتێگەیشتنەی نیشاندەدا کە بەسەر گفتوگۆکاندا زاڵ بووە، هەروەها ئەو لێکتێگەیشتنانەی لێیان دەکەوێتەوە کە عێراق بەرەو قۆناخێکی دوور لە قەیران و ململانێیەکان دەبات.
 
ئەوەی لە لێدوانی سەرکردەی شیعە و سوننەکاندا خوێندمانەوە و بیستمان، جەختی لە بڕوا و متمانەی ئەوان دەکرد کە نێچیرڤان بارزانی "بەشێکە لە چارەسەر" و گەشبینن بە هاتنی لەم کاتە سەختەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
 
هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ئەنجامی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵییەوە دێنە ئاراوە، دەبنە پردێک بۆ گەیشتن بە چارەسەری گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ناتوانێت سەرکەوتووبێت بەبێ سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بونیادەکە پتەو و قایم بێت لە رێگەی رێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی هەموو کۆسپەکان.
 
ئەو یەکەم شەوەی کە نێچیرڤان بارزانی لە بەغداکەیدا بەسەری دەبات، کە هەمیشە سەردانی کردووە و هیوای خواستووە ئەم شارە شایستەی ئەوەبێت هەموو عێراقییەکان شانازیی پێوە بکەن و، لەڕووی ئاوەدانییەوە گەشە بکات هاوشێوەی هەولێر و شارە پێشکەوتووەکانی دیکەی جیهان؛ لەوانەیە کاتێک لەنێوان کەرخ و رەسافەدا دەسووڕێتەوە، بیرۆکە و پڕۆژەی زیاتر بۆ گەشەپێدانی پایتەختی هەموو عێراقییەکان دابڕێژێت. رێگەی نێچیرڤان بارزانی ئاشتییە و خەونەکەیشی ئەم شەو لە بەغدا هەر ئاوەدانی دەبێت. 
 
* مەعد فەیاز، رۆژنامەڤانێکی نێودارە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی دا