ئیسرائیل پێویستی بە سەربەخۆیی کوردستانە
رۆژی 25ی سێپتەمبەری 2017 گشتپرسییەک لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت. دەنگی خەڵک ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کە کوردستانی نیمچە سەربەخۆ لە عێراق جیادەبێتەوە و دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەمێنێتەوە. گشتپرسییەکە یەکەمین هەنگاوی کۆنکرێتیی کوردی عێراقە بەرەو وەدیهێنانی خەونی یەک سەدەیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، هێزە براوەکان بەڵێنی سەربەخۆییان بە کورد دا. ئەمە نەبووە کردەوە، هۆکاری سەرەکیش ناڕازیبوونی مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری تورکیای نوێ بوو.
لەوکاتەوە کورد بەدەست راوەدوونان و سەرکوتکردنەوە لەو وڵاتانەدا کە بەسەریدا دابەشکراون، ئازار دەچێژن. ئێستا کورد گەورەترین گرووپی نەتەوەیین کە لە سەرتاسەری جیهاندا دەوڵەتی خۆیان نییە.
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی 2003، کورد ئۆتۆنۆمییەکی فراوانیان هەبووە کە وایکردووە دیسان ئارەزووی سەربەخۆییان لەلا زیندووببێتەوە. ئەم ئارەزووە ئەوکاتە گەیشتە لوتکە کە پێشمەرگە هاوکارییەکی گەورەی کرد لە شەڕی دژی داعشدا. ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە سوپای عێراق نەیدەتوانی سەرکەوتووبێت لە رزگارکردنی ناوچەکانی مووسڵ لەدەستی رێکخراوی داعش. بەڵام شتێکی زۆر سەیر هەیە لە چیرۆکی سەرکەوتنی عێراقییەکاندا لە کوردستان. ئەویش ئەوەیە کە نیمچە قەیرانێک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروستبووە و هۆکارەکەشی زیندووبوونەوەی ئارەزووی سەربەخۆیی کوردستانە.
لەسەر ئەو مەسەلەیە پێناچێ هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستی حکومەتی ئێستای عێراقدا بەراورد بە حکومەتەکانی پێشتر هەبێت. بەگوتەی حکومەتی ناوەندی و کەسایەتییە عێراقییەکان کە دژی سەربەخۆیی کوردستانن، کورد وەکو ئاشووری و ئێزدی و تورکمان بەشێکی جیانەکراوەی کۆمەڵگەی عێراقین و نابێ لە وڵاتی عێراقی دایک داببڕێن.
ناکۆکیی قووڵیش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر خاوەندارێتیی نەوتی کوردستان هەیە و لەسەر ئەوەش ناکۆکی هەیە کە داهاتی نەوتەکە بگەڕێتەوە بەغدا یان لە کوردستان بمێنێ. پشتیوانییەکی چاوەڕواننەکراو لە کوردستان بەمدواییانە لەلایەن سعودیەوە کرا، کە پێدەچێ تۆڵەکردنەوە بێت لە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەی پشتیوانی لە قەتەر دەکات.
سەبارەت بە ئیسرائیلیش، هەرچەندە بێدەنگییەکی بەهێزی فەرمی هەیە لەسەر ئەو مژارە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە ئۆرشەلیم پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات. سێ ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ رایگەیاند کە ئیسرائیل پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات لەو بەشەی عێراقدا کە ئێستا کورد ئۆتۆنۆمییان تێیدا هەیە. "ئێمە پێویستە پشتیوانی لە ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی بکەین. ئەوان شایانی سەربەخۆیین". ئەمانە قسەی ناتانیاهۆ بوون لە گوتارێکیدا کە لە ئەنیستیتیوتی ئاسایشی نیشتمانی لە تێل ئەڤیڤ پێشکەشی کرد.
ئەو لێدوانە، کاردانەوەی توندی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقی بەدواوە بوو، چەندینجاریش بە میدیاکانی گوت کە هەوڵ هەیە کوردستان بکرێتە "ئیسرائیلی دووەم". کاتێک رۆژنامەڤانانی ئیسرائیلی بۆ رووماڵکردنی شەڕی دژی داعش گەیشتنە عێراق، مالیکی نەیتوانی چیدی رق و تووڕەبوونی خۆی بشارێتەوە. زۆر لە سەرکردەکانی عێراق شانبەشانی مالیکی، تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکاریی ئیسرائیل دەکات. بەردەوامیش ئەوە بیردەهێننەوە کە لە ساڵانی شەست و حەفتای سەدەی رابردوودا ئیسرائیل هاوکاریی کوردی کردووە لە شەڕی دژی حکومەتی ناوەندیدا.
ئەو وڵاتانەی پشتگیریی گشتپرسی و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە خەڵکی کوردستان دەکەن، زۆر کەمن. هەرێمی کوردستان کە هیچ دەریچەیەکی دەریایی نییە و دەورەدراوە بە دوژمنەکانی، سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا. ئەو وڵاتانە، بەتایبەتیش ئێران و تورکیا، بەتووندی دژی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانن. ئەوانیش وەک مالیکی لەوە دەترسن کە کوردستان وەک دوورگەیەکی دۆستانە و ئارام و سەقامگیر لە ناوچەیەکدا کە بە جەنگ و دوژمنکاری دەورە دراوە، بەکردەوە ببێتە شتە ناخۆشەکە، واتە ئیسرائیلی دووەم. هەرکاتێک لەم ساڵانەی دواییدا باسی سەربەخۆیی کوردستان کرابێت، ئەو دەستەواژەیە بۆ دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکە بەکارهێنراوە.
بۆیە زۆر رێی تێدەچێت کە ئێرانی و تورکەکان هەوڵبدەن گشتپرسییەکە سەرنەگرێت و لایەنە کوردییەکان وا لێبکەن پێک ناکۆک بن. بەڵام بۆ ئیسرائیل هەم لەڕووی ئابوورییەوە و هەم لەڕووی ئاسایشیشەوە پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی کوردستان قازانجی هەیە. بۆ سنووردانان بۆ جووڵەی میلیشیا جیهادییەکان لە سووریا و عێراق، پێویستە ئۆرشەلیم رۆڵی هەبێت لە گۆڕانکارییەکانی نێو کوردستان. بۆیە لە بەرژەوەندیی سوپای ئیسرائیلدایە کە مەشق و رێنمایی بداتە پێشمەرگەی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان. دەکرێ لەوەش واوەتر بڕۆن و بنکەیەکی سەربازی لە کوردستان بکەنەوە بۆئەوەی بەهۆیەوە دەوڵەتی کوردستان بپارێزن. هەروەها دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێ رێگە خۆش بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی کاتی خۆی لەوێوە هاتوونەتە ئیسرائیل و کاتی خۆی دەوڵەتی عێراق دەریکردوون و ماڵ و موڵکیانی تاڵان کردووە. ئەمە پێگەی ئیسرائیل لە رێککەوتنەکانی داهاتووی ئاشتیدا لەگەڵ عەرەب بەهێزتر دەکات.
لەپەنای ئەو بەرژەوەندییە گەورانەوە، خەڵکی ئیسرائیل هاوسۆزییەکی گەورەیان لەگەڵ خەباتی رەوای کورد هەیە. زۆر خاڵی هاوبەش هەن لەنێوان گەلی کورد و گەلی جوو. هەردووکیان ماوەی درێژ تووشی راوەدوونان بوون و بە جیهاندا پەرتەوازە کراون.
ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی قەت دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نانێن. بەڵام کورد نابێ کات بەفیڕۆ بدەن و دەبێ یەکسەر دوای گشتپرسی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق رابگەیەنن. ئەگەری زۆر بەهێز هەیە کە دەوڵەتی کوردستان ببێتە دوورگەی سەقامگیری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئەوەش وای لێدەکات زۆر جیاواز بێت لە وڵاتانی دەوروبەری. بۆیە دەبێ ئیدارەی ترەمپیش پشتیوانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق بکات. چونکە ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە.
دەبێ کورد ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەمەش چەندە زووتر رووبدات باشترە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات و هەر تەنیا پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەکات. چونکە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و سەربەخۆیی پێویستە مافی هەموو کەس بێت و ناکرێ تەنیا خەڵکێکی دیاریکراو ئەو مافەیان هەبێ.
* د. ئێدی کۆهێن، توێژەرێکی ناسراوە لە (سەنتەری بنگۆریۆن- سادات)ی ئیسرائیلی. نووسەری کتێبی (هۆلۆکۆست لە روانگەی مەحموود عەباسەوە)یە.