قاعیدە تەیرە باڵکراوەکە
لەم هەفتەیەدا ئەمریکا رایگەیاند کە (زەواهیرى)ی کوشتووە، ئەو رووداوە بۆ قاعیدە شکاندنى باڵەکەى دیکەیەتى، پێشتریش باڵێکى دیکەى شکێندرابوو، ئێستا زیاد لەهەر کاتێک قاعیدە لە باڵندەیەکى بێباڵ دەچێت کە بەتەواوى لە فڕین بکەوێت.
ئەمیرێک لە گەڕەکى دزان
ئەیمەن زەواهیرى، ئەمیرى رێکخراوى قاعیدە لە گەڕەکى شیرپۆر کراوەتە ئامانج، ئەو گەڕەکە کە راقیترین گەڕەکى کابولى پایتەختە, بە گەڕەکى دیبلۆماسیش دەناسرێت.
"شۆرپۆر" ناوى گەڕەکە راقییەکەى کابولە کە زەواهیرى تێیدا کوژرا، شۆرپۆر واتە دزەکان، خەڵکى هەژار و نەدارى خێر لەخۆنەدیوى ئەفغانستان ناوى گەڕەکى لێپرسراوەکانیان لە گەڕەکى دیبلۆماسییەوە گۆڕی بوو بۆ گەڕەکى "دزەکان"، ئەمەیش وەک ناڕەزایى بەرامبەر ئەو گەندەڵییە زۆرەى لێپرسراوانى وڵات تێوەی گلابوون و سامانێکى زۆریان کۆکردبووەوە و لەو گەڕەکەدا ڤێلاى گرانبەهایان بنیات نابوو و تێیاندا شاهانەیى دەژیان، دواى هاتنەوەى تاڵیبان بەشێکى ڤێلاکانى ئەو گەڕەکە نایابەى کابول چۆڵ ببوو، دیارە زەواهیریش پشکێکى لەو "غەنیمەیە" دەستکەوتووە و لە لایەن سیراجەدین حەقانییەوە فەرمووى لێکراوە و لێى نیشتەجێ بووە.
وەک سەرچاوەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، زەواهیرى میوانى سیراجەدین حەقانى، وەزیرى ناوخۆى ئەمارەتى ئیسلامیى تاڵیبان بووە، حەقانى خۆیشى لە لیستى تیرۆرى ئەمریکادایە و داواکراوە، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچى ئەمریکا حەقانى ناکاتە ئامانج، بەڵام زەواهیرى دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا هەردووکیان لە لایەن واشنتنەوە داواکراون!
نازانم ئێستا (موجاهیدە)کانى ناو ئەشکەوت چۆن لە ئەمیرە کوژراوەکەیان دەڕوانن کاتێک لە ڤێلایەکى گرانبەهاى کابول لە کەشێکى ئارامدا و لە بەرەبەیانێکى فێنکدا هاتووەتە بەلەکۆن و مووشەکە زیرەکەکانى ئەمریکا پارچە پارچەیان کردووە، ئێستا پرسیارى ئەوە لەخۆیان دەکەن؛ باشە بۆچى ئەمیرەکەى قاعیدە وەکو ئەوان لە کونێکەوە بۆ کونێکى دیکە نەژیاوە، یان بۆچى لە گەڕەکێکى هەژارنشین نیشتەجێ نەبووە و بگرە باشترین و جوانترین و خۆشترین گەڕەکى ئەفغانستانى هەڵبژاردووە بۆ ئەوەى تێیدا بژیت لەکاتێکدا بەناو (موجاهیدەکان)ى بە ئەستەم کونێکیان دەستدەکەوێت خۆیانى تێدا حەشار بدەن!
زەواهیرى گەورەترین مونەزیرى قاعیدە
ئەیمەن زەواهیرى کەسێکى سادە نییە لەسەر نەخشەى جیهادى جیهانى، ئەو یەکێکە لە سەرکردە مێژووییەکانى جیهادى جیهانى، واى بۆ دەچم هەر ئەویش ئەم دەستەواژەیەى (جیهادى جیهانى) هێنابێتە ناو ئەدەبیاتى قاعیدە. ئەو لە هەڵمەتى دەزگا ئەمنییەکانى میسر بەهۆى کوژرانى سادات بۆ ماوەیەک کەوتووەتە زیندان، دواتر ئازاد کراوە، بەڵام لەوێ گۆڕان بەسەر هزریدا هاتووە و لە ئیخوانێکى ئاساییەوە بووەتە ئیخوانێکى جیهادى، دواتر رۆڵى هەبووە لە تەقاندنەوەى هەردوو باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا لە ساڵى 1998.
زەواهیرى بە داڕێژەرى سەرەکى پیلانى رووداوەکانى 11ى سێپتێمبەرى سەر ئەمریکا لە 2001 دادەندرێت. دواى کوژرانى ئوسامە بن لادنیش لە 2001ـەوە ئەمیرایەتى قاعیدەى دەکرد.
قاعیدەى سەردەمى ئەمیرایەتى زەواهیرى
لە هێرشێکى هاوشێوەى کوشتنى زەواهیریدا، ئەمریکا لە ساڵى 2011 ئوسامە بن لادنى لەناو ڤێلایەک لە پاکستان کوشت، دواى کوشتنى ئوسامە بن لادن، ئەمیرى پێشووى قاعیدە، ئەو رێکخراوە زەواهیرى وەک ئەمیرى قاعیدە ناساند. ئەگەر سەرنجى قاعیدە بدەین، لەو 12 ساڵەى زەواهیرى ئەمیرایەتى کردووە، نەیتوانیوە هەمان رۆڵى کارێزمایى بن لادن بگێڕێت، راستییەکەی قاعیدە لە سەردەمى ئەمیرایەتى زەواهیریدا لە تەیرێکى بێباڵ دەچوو، قاعیدە لەو ماوەیەدا لە رێکخراوێکى ناوەندیى بەهێزەوە گۆڕاوە بۆ رێکخراوێکى نامەرکەزى، لقەکانى زیاتر سەربەخۆییان وەرگرتووە، هەندێکیشیان بە تەواوى جیابوونەتەوە، وەک بەرەى نوسڕە لە سووریا.
زەواهیرى لە ماوەی سەرکردایەتیکردنى قاعیدەدا زیاتر خەریکى پشوودان بووە، وەک ئەوەى کە ئەرکێکى لەسەرە و ناتوانێت وازى لێ بهێنێت و ناچارە بەبێ سەرئێشەیەکى زۆر بەڕێى بکات. قاعیدە و زەواهیرى ماوەیەکە کەوتوونەتە لاپەڕگەى جیهادى جیهانى، ئەوان لەسەر نەخشەکەدا رۆڵێکى ئەوتۆیان نەماوە، هۆکارى ئەم لاوازییەش زۆرن، گرنگترینیان:
- ئەو لێدانە کوشندانەى ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئەوان زۆر بە وردى شوێنپێى کەسە کاریگەرەکانى قاعیدە و هەتا داعشیش هەڵدەگرن و دەیانکەنە ئامانج و بەوردیش ئامانجەکانیان دەپێکن، ئەمەیش جووڵەى سەرکردەکانیانى زۆر زۆر قورس و سنووردار کردووە، سەرەنجامیش کار و چالاکییەکانیان زۆر کەمبووەتەوە.
- دەرکەوتنى داعش وایکردووە جێ بە قاعیدە لێژ بکات و شوێنى بگرێتەوە، بەتایبەتتر کاتێک داعش بەناو "خیلافەتى ئیسلامى" راگەیاند، ئەمەیش هەژموونێکى زیاترى بۆ داعش پەیدا کرد لەنێو رەوتە جیهادییەکاندا، لەبەرامبەردا قاعیدە لاوازتر دەردەکەوێت.
- پەیوەندیى نێوان ئێران و قاعیدە هۆکارێکى دیکەیە کە متمانەى بەناو (موجاهیدەکان)ى بەو رێکخراوە لاواز کردووە، ئەو پەیوەندییەش بۆ خۆى جێى قسە و باسى زۆرە، بەتایبەت ئێستا پاڵێوراوى هەرە بەهێز بۆ شوێنگرتنەوەى زەواهیرى (سەیف ئەلعەدل)ـە کە لە ئێران نیشتەجێیە، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەرفەتێکى زێڕینە بۆ ئێران تاوەکو لەڕێگەى بوون بە ئەمیرى ئەلعەدلەوە، هەژموونى خۆى زیاتر بەسەر ئەو رێکخراوەدا بسەپێنێت.
- ناکۆکیى نێوخۆیى قاعیدە، بەتایبەتتر لە ساڵى 2017ـەوە ناکۆکى دروست بووە لەسەر لاوازیى زەواهیرى لە ئیدارەدانى رێکخراوەکە، ئەمەیش وای کردبوو پێگەى زەواهیرى لاواز دەرکەوێت.
ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەى بڵێم کە چاوەڕێ ناکرێت قاعیدە پەرچەکردارێکى بەهێزى هەبێت و بتوانێت تۆڵەى کوژرانى ئەمیرەکەى بکاتەوە.
قاعیدە وەک خاڵى ناکۆکیى تاڵیبان و ئەمریکا
بوونى زەواهیرى لەسەر خاکى ئەفغانستان وەکو ئەمریکا دەیڵێت، پێشێلکردنى ناوەڕۆکى رێککەوتننامەى دەوحەیە، هەرچەندە ناوەڕۆکى ئەو رێککەوتننامەیە زۆر روون نییە، هەر یەک لە تاڵیبان و ئەمریکاش یەکتر بە پێشێلکردنى تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەوەى روونە ئەوەیە کە ئێستا بوونى قاعیدەیە لەژێر سایەى حوکمى تاڵیباندا.
ئەگەرچى ساڵێک پێش ئێستا قسە و باسى زۆر لەسەر تاڵیبانى نوێ دەکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا گۆڕانى ریشەیى لە هزر و بنیادى تاڵیبان نابینین، تاڵیبان لە ویلایەتى یەکەمیدا خۆى و ئەمارەتەکەشى کردە قوربانیى بوونى قاعیدە و سەرکردەکانى و پارێزگاریکردن لێیان، بەڵام ئایا ئەمجارەش هەمان هەڵەى ستراتیژى دووبارە دەکاتەوە و ئەفغانستان دەکاتە شوێنى خۆڕێکخستنەوەى قاعیدە؟ یان لە رابردوو پەندى وەرگرتووە و ئەوەشى کە هەیە تەنیا میوانداریکردنى سەرکردەکانى قاعیدەیە بەبێ هیچ چالاکییەک؟ وەڵامى ئەو پرسیارەش ئێستا زۆر قورسە، لەبەرئەوەى پەیوەستە بە زانیارییە هەواڵگرییەکان کە تاوەکو ئێستا بەردەست نین.
ئەوەى روونە هیچ یەکێک لە تاڵیبان و ئەمریکا بەهۆى رووداوى کوشتنى زەواهیرى سەنگەر لەیەک ناگرن، کارەکە هەر ئەوەیە بە بەیاننامە ئیدانەى یەکتر دەکەن، بەڵام ئەگەر قاعیدە ئەمارەتەکەى تاڵیبان بۆ خۆڕێکخستنەوە بەکار بهێنێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمریکا دەستەوەسان ناوەستێت.
ئەگەر پێمان وابێت قاعیدە بە نەمانى بن لادن و زەواهیرى کۆتایى هاتووە، ئەوا هەڵەیەکى گەورە دەکەین، چونکە قاعیدە هزر و رێکخستنە، بەدڵنیاییەوە کوشتنى زەواهیرى لێدانێکى کوشندەیە لە قاعیدە، بەڵام هزرى جیهادى و ئەو کەشوهەوایەشى کە هاوکاریى گەشەکردنی قاعیدە بوون، هێشتا بە بەهێزى ماون.
رەوشى ژیان، کەرامەتى مرۆڤ بەگشتى و سوننە مەزهەبەکان لە عێراق، سووریا، یەمەن، ئەفغانستان و ئەفریقیا هیچ باشبوونێکى ئەوتۆى بەخۆوە نەبینیوە کە قاعیدە تێیدا گەشەى کردووە، بەڵکو رەوشەکە خراپتریش بووە، بەڵام تاکە شتێک گۆڕابێت ئەوەیە کە لەبرى قاعیدە، (داعش) زیاتر ئەمانەى رێکخستووە و بەکارى هێناون، کەواتە لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر لێدانەکانى ئەمریکا قاعیدەش تەواو لاواز بکەن، ئەوا لەبەرامبەردا رێکخراوێکى دیکە دێتە مەیدان کە زۆر دڕەندەتر بێت لە قاعیدە، داعشیش نموونەى زیندووى ئەمەیە. لەبەرئەوە هەرگیز کوشتنى یەک دوو ئەمیر و دوو سێ سەرکردە ناتوانێت ئەو رێکخراوانە لەناو ببات، بەڵکو لەناوبردنى تەواوى ئەو رێکخراوانە بە لەناوبردنى هزرەکەیانە، لەگەڵ چارەسەرى ئەو گرفتانەى هزرە توندڕۆکە لە پەنایانەوە گەشەى کردووە.
ئەلعەدل.. ئەمیرە نوێیەکەى قاعیدە لە ئێرانەوە
نەریت یان دیسپلین، باشتر بڵێین سوننەتى ئەو رێکخراوە توندڕۆیانە وایە، دواى نەمان یان کوژرانى ئەمیرەکانیان، کەسێکى دیکە بە ئەمیر دادەنێن، ئەمەیش وەک بانگەشەى بۆ دەکەن؛ لە ئیسلام وەریان گرتووە، لەڕووى شەرعییەوە موسڵمانان نابێ لە چوارچێوەى خەلافەت یان ئەمارەتدا بێ ئەمیر و براگەورە بن، لەبەر ئەوە دواى کوژرانى زەواهیرى، خەریکە نەوەى یەکەمى قاعیدە کۆتایى دێت، لەو نێوەندەشدا قسە و باس دێتە سەر شوێنگرەوەکەى.
سەیف ئەلعەدل، بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ ئەو پۆستە، (محەممەد سەلاحەدین زێدان) بە رەگەز میسرییە، یەکێکە لەوانەى تۆمەتبارە بە تیرۆرکردنى ئەنوەر سادات، ئەندامى ئەنجوومەنى شوراى قاعیدە، لێپرسراوى لیژنەى سەربازیى رێکخراوەکەیە، ساڵى 1989 لەڕێگەى سعودیەوە چووەتە ئەفغانستان و پەیوەندى کردووە بە رێکخراوى قاعیدە، یەکێک بووە لەوانەى گوێڕایەڵییەکى زۆر بەتینى هەبووە بۆ ئوسامە بن لادن، رۆڵێکى دیاریشى هەبووە لە هێرشەکانى 11ى سێپتێمبەرى 2001ى سەر ئەمریکا.
سەیف ئەلعەدل رۆڵێکى گەورەى هەبووە لە رێکخستنى قاعیدە و تۆکمەکردنى و بەهێزکردنى، بەتایبەتتر لە کیشوەرى ئەفریقا، هاوکات رۆڵێکى کاراشى گێڕاوە لە بەیەکگەیاندنى زەرقاوى و بن لادن و بە ئەندازیارى هاتنى زەرقاوى بۆ ناو قاعیدە ئەژمار دەکرێت.
بەپێى بەڵگەنامەکانى (ئەبوت ئاباد) کە ئاژانسى هەواڵگریى ئەمریکا لە دواى کوشتنى ئوسامە بن لادن بڵاویکردنەوە، سەیفولعەدل جێگەى متمانەى بن لادن نەبووە بۆ وەرگرتنى جێگرەکانى یەک و دووەمى رێکخراوەکە، بەڵکو بن لادن پێیوابووە دەکرێ لە خوار سەرۆکایەتیى گشتى و جێگرایەتی سوود لە توانا سەربازییەکانى ئەلعەدل وەربگیرێت، بەڵام گونجاو نییە بۆ پۆستەکانى کەسى یەکەم، دووەم و سێیەمیش.
سەیف ئەلعەدل کە بە مەترسیدارترین کەسایەتیى قاعیدە ناوزەد دەکرا، دوائومێدى رێکخراوەکەشە بۆ هەڵسانەوە لەو بێهێزییە و هاتنەوە بەرى رۆح، یەکێکە لە لیستى داواکراوەکانى ئەمریکا، بڕى 10 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات داندراوە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ هەر کەسێک ببێتە هۆى دەستگیرکردنى.