برینەكانی جەستەی كۆمەڵگە
ئەو كاتەی ناكۆكی و ململانێی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەكان دەچێتە قووڵایی كۆمەڵگە و تووڕەیی خەڵك وەك كارتی فشار بۆ بەدەستهێنانی تەنازولاتی سیاسی بەكاردەهێنرێت، ئەو كاتە هەم سیاسەت لە رەوتی راستەقینەی خۆی لادەدات و هەم كۆمەڵگەش دابەش دەكرێت.
ململانێی سیاسی لە نێو هێزە سیاسییەكان چەندی گەورەش بێت، لە ئەنجامدا هەر رێكدەكەون، بەڵام ئەو كاتەی ناكۆكییەكان دەخزێنە ناو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە برینەكان زۆر قووڵ دەبن و تا ماوەیەكی درێژ دەمێننەوە. نزیكەی چوار ساڵ شەڕی ناوخۆمان كرد، بەڵام هێزە سیاسییەكان رێككەوتن، كەچی ئەو برینانەی كەوتنە جەستەی كۆمەڵگە تا ئێستاش ساڕێژ نەبوونە.
ئەمڕۆش مەترسییەكانی دابەشكردنی كۆمەڵگە لە ئاكامی ململانێی سیاسی زۆر جدین، ئەگەر بەری پێنەگرین، ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەخاتە بەر مەترسی.
ناكۆكییە سیاسییەكان خەریكە رق و كینەی قووڵ دەخاتە نێو شارەكان، بە ئاشكرا لەسەر زمانی كەسە سیاسییەكان بانگەشە بۆ قووڵكردنەوەی فەرهەنگی شارچێتی دەكرێت.
ئەوە قووڵكردنەوەی برینە كاتێك بە ئاراستەیەكی سیاسی داڕێژراو لایەنگر و ئەندامانی گەورەترین حیزبی سیاسی بە كۆیلە لە قەڵەم بدەن و خۆشیان بە ئازاد و ئازادیخواز، ئەم سیاسەتی رەش و سپیە پانتایی پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی زۆر بەرتەسك دەكاتەوە.
برینەكان زۆر قووڵ دەبن كاتێك كە زمانی زبر و جنێوفرۆشی لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و شاشەی تیڤی و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان شەرعیەت وەربگرێت و ئیتر هەرچی پیرۆزی و سەروەریی سەد ساڵی تێكۆشان و قوربانیدانە هەرزانفرۆش بكرێت.
خاڵی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان بریتییە لە رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات، واتە ئەوان ئەمڕۆ نا بەیانی هەر رێكدەكەون، چونكە بەرژەوەندیی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لە هەرێمێكی فرەحیزبی بۆ ئەوەی سەقامگیری بە دوای خۆیدا بهێنێت، هەر دەبێ دابەش بكرێت. ئەوەندەی من لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان بەشدار بووم، خەم خەمی دابەشكردنی دەسەڵات بوو، بابەتەكانی دیكەی پەیوەست بە سیستەمی سیاسی و دیموكراسی ئەوەندەی لە راگەیاندنەكان باسیان لێوە دەكرێت، ئەوەندە لە كۆبوونەوەی سازاندا مەترەح نەبوون، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە بەكارهێنانی تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵكە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكیی سیاسی كە دواجار رق و كینەو لێكترازانی لێ دەچنینەوە، چونكە كاتێك هێزە سیاسییەكان لێك دەترازێن سازانیان زۆر نزیك و ئاسانە، بەڵام كاتێك كۆمەڵگە لێك دەترازێت، سازانی كۆمەڵگە بە دەیان ساڵی دەوێت، بۆیە لێگەڕێن با ململانێ و ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان چیتر جەستەی كۆمەڵگاكەمان شەكەت نەكات.